سێشەممه - 4ی خەزەڵوەری 2721

کۆی دەنگەکان

534

جەلال مەلەکشا

جه‌لال مه‌له‌كشا ساڵی 1951 له‌ گوندی “مه‌ڵه‌كشا”ی سه‌ر به‌ شاری سنه‌ له‌دایك بووه‌. شاعیر، نووسه‌ر و وه‌رگێڕه‌.

هه‌ر له‌ شاری سنه‌ خوێندوویه‌تی و هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی مێرمنداڵییه‌وه‌ هۆگری شیعر و ئه‌ده‌ب بووه‌.

له‌ ته‌مه‌نی 18 ساڵیدا به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌رهه‌مێكی چاپكراوی هه‌بێ و ته‌نیا له‌به‌ر توانایی له‌ نووسین و نزیكایه‌تی له‌گه‌ڵ چه‌ند نووسه‌رێكی گه‌وره‌ی وه‌ك ئه‌حمه‌د شاملوو، غوڵام حوسێن ساعیدی و… بوو به‌ ئه‌ندامی “كانوونی نوسه‌رانی ئێران” و له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا له‌ چه‌ندین گۆڤار و بڵاوكراوه‌ی فارسی زماندا، به‌رهه‌مه‌كانی بڵاو كرانه‌وه‌ و له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌دا، توانی گه‌لێك به‌رهه‌م و شاكاری هه‌رمان له‌ بواری شیعر و چیرۆكدا، به‌ زمانی فارسی بنووسێت.

چه‌ندین ساڵی ته‌مه‌نی له‌ ده‌یه‌ی 1970 له‌ زینداندا بووه‌ و گه‌لێك ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی بینیوه‌ و به‌شێكی زۆر له‌ نووسینه‌كانی هی كونجی زیندانن.

پاش دامه‌زرانی ناوه‌ندی بڵاوكردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی كوردی و گۆڤاری (سروه‌) له‌لایه‌ن مامۆستا هێمن و چه‌ندین نووسه‌ر و ئه‌دیبی دیكه‌وه‌ له‌ ساڵی 1984، جه‌لال مه‌له‌كشاش له‌لایه‌ن مامۆستا هێمنه‌وه‌ بانگهێشت كرا و بوو به‌ ده‌سته‌ی نووسه‌ران و بۆ ماوه‌ی 15 ساڵ له‌و گۆڤاره‌دا كاری كرد و به‌رپرسی به‌شی شیعر و “ئێمه‌ و خوێنه‌ر” وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ نامه‌ و نووسینی شاعیرانی لاو بوو.

له‌ كۆتایی ده‌یه‌ی 1990دا رووی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و له‌ناو هێزه‌ سیاسییه‌كان و له‌ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ ئه‌ده‌بییه‌كان پێشوازیی باشی لێ كرا و بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ شاری هه‌وڵیر به‌رپرس و سه‌رنووسه‌ر گۆڤاری “پرشنگ” بوو كه‌ 5 ژماره‌ی لێ چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌.

دیسان ساڵی 2002 رووی كرده‌وه‌ رۆژهه‌ڵات و له‌ شاری سنه‌ گیرسایه‌وه‌.

چه‌ند ساڵێكی دیكه‌ له‌ شاری ورمێ له‌ ناوه‌ندی ئه‌نستیتۆی خانی سه‌رقاڵی كار بوو و ئێسته‌ش دانیشتووی شاری سنه‌یه‌.

دوو شێعری “ھەتا لووتکە چەندی ماوە؟” “داستانی دارە پیرە” لە شێعرە بە ناوبانگەکانی جەلالن کە لە کتێبەکەی زڕەی زنجیری وشە دیلەکان چاپ کراوە.

بەرهەمەکان:

زڕەی زنجیری وشە دیلەکان، کۆشێعر

کارەسات، کۆمەڵە چیرۆک

ئه‌م شاعیره‌ یاخییه‌ ساڵی‌ 2020 له‌ ته‌مه‌نی 69 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌