هەینی - 7ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

2

عەلی کەریم

عەلی کەریم لەدایکبووی ساڵی 1958 له‌ شاری‌ کەرکووک له‌ باشووری‌ كوردستان.

یەکێکە لە ئەستێرە دیارەکانی شانۆ، دراما و سینەمای کوردی.

خانەی مامۆستایانی لە کەرکووک تەواوکردووە، یەکەم کاری شانۆیی ساڵی 1968 بووە بە بەشداریکردن لە شانۆییەکی چالاکیی خوێندنگاکان لە کەرکووک بەناوی شانۆیی فلوس الدوا‌و یان پارەی دەرمانەکە.

لە ساڵی 19971ەوە عەلی کەریم بەشداریی کارە هونەرییەکانی لقی کەرکووکی کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی، دەکات.

عەلی کەریم بە شێوەیەکی ئەکادیمی نەچووەتە ناو هونەر‌و بۆ هونه‌ری‌ نه‌خوێندووه‌.

ساڵی 1974 عەلی کەریم بە شانۆگەریی تەقینەوە، بەشدارییکردووە لە فیستیڤاڵی یەکەمی هونەری کوردی لە شاری بەغدا و لە کۆی 14 تیپی شانۆیی و 240 ئەکتەر کە بەشدارییان لە فستیڤاڵەکەدا کردووە. خەڵاتی باشترین ئەکتەر و باشترین نووسەری بەدەستهێناوە، ئەوەش بووە بە یەکەم خەڵات کە لە بواری هونەر بەدەستیهێناوە و تا ئێستاش چەندین خەڵاتی ڕیزلێنانی پێبەخشراوە.

ساڵی 1975 و دوای شۆڕشی ئەیلوول و تەعریبکردنی شاری کەرکووک لەلایەن ڕژێمی عێراقییەوە، عەلی کەریم و کۆمەڵێک هونەرمەند و چالاکوانی ئەو سەردەمەی کەرکووک، گواستراونەتەوە بۆ شاری دهۆک، دوای دوو ساڵ مانەوە لە دهۆک گەڕاونەتەوە بۆ سلێمانی و لەوێوە درێژەی بە کاری هونەریی داوە.

عەلی کەریم خاوەنی زیاتر لە 50 بەرهەمە لە شانۆ، دراما و فیلمی سینەمایی، لە زۆرینەی کارەکانیدا وەک ئەکتەر بەشدارییکردووە، لە شانۆگەریی سرودی خۆشنودی، کە لە دەقەکانی دۆستۆی فیسکی بووە، یاریدەدەری دەرهێنەر بووە، لە دوایین بەرهەمیشدا کە بەشدارییکردووە، ئەرکی پێداچوونەوەی دەقەکەی پێ سپێردراوە.

لە دیارترین ئەو کارانەی عەلی کەریم تیایدا بەشداریی کردووە بریتن لە: دراماکانی ژاڵە، ڕابوون، گەردەلول و ژیلەمۆ، هەروەها فیلمە سینەماییەکانی مەرگی ئەرخەوانی، مەملەکەتی خۆر، فرمێسکی ڕەش، گەمەی پڕ لە گوناهـ، سڵاو گوڵەکانی پایز، دانیشتوانی عەلیاوا، گوڵچین و خەیاڵەکانی ڕۆستەم، بازاڕی کۆنەفرۆشان.

بەو پێیەی کە لە زۆرینەی بەرهەمەکاندا، ئەم هونەرمەندە ڕۆڵی سەرەکیی گێڕاوە یانیش ڕۆڵەکەی بەرچاو بووە، وایکردووە کە هەر جارە و نازناوی ئەکتەرێکی بەسەردا داببڕێت، لە سەرەتای ساڵانی 70 کە بەشداریی لە شانۆگەریی مەرەزەدا کردووە، بە سامانی ئاغا بەناوبانگ بووە، دواتر لە درامای ژاڵە ناوبانگی جوامێر ئاغای وەرگرتووە، لە درامای گەردەلولیشدا بەوپێیەی یەکێک بوو لە ڕۆڵە سەرەکییەکان و ڕۆڵی فەرماندەیەکی پێشمەرگەی هەبوو ناوبانگی کاک هەڵۆی وەرگرتووە.

عەلی کەریم زۆر جار لە بەرهەمەکاندا ڕۆڵی فەرماندە یان کوێخای هەیە.

عەلی کەریم کاری ڕۆژنامەنووسيشى کردووە و پێش ڕاپەڕین لە ڕۆژنامەی عێراق گۆشەیەکی هەبووە بەناوی هونەرمەندە جیهانییەکان کە بە زمانی کوردیی بڵاوکراوەتەوە بابەتی تێدا بڵاوکردووەتەوە.

نووسینیش بەشێکە لە ئەزموونی ئەم هونەرمەندە، هەرچەندە وەک خۆی دەڵێت، هەرگیز نووسینی نەکردووەتە بەشێکی ژیانی، بەڵام تا ئێستا دوو کتێبی بەناوەکانی بازنەی شانۆ و ئەزموونی شانۆ نووسیوە، کە لێکۆڵینەوەیەکی خۆیەتی لەسەر سنووری نواندن لای ئەکتەری کورد، کاری وەرگێڕانیشی بۆ سێ کتێبی دیکە کردووە.

عەلی کەریم، دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991ی باشووری کوردستان، بووە بە ڕاوێژکار لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێم، دوای دەیان ساڵ خزمەت، خانەنشین بووە.

لە ساڵی 2000ـەوه‌ ئەم هونەرمەندە هیچ کارێکی شانۆیی نەکردووە و زیاتر ئارەزووی بەشدارییکردن لە فیلمی سینەمایی و درامای هەیە.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌