پێنجشەممه - 6ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

3

ئاسۆ عومەر سوارە

ئاسۆ عومەر محەممەد ناسراو به ئاسۆ عومەر سوارە ساڵى  1964 لە شارى سلێمانى لەدایکبووە.

ئەکتەر و شانۆکار و پێشکەشکار بووه.

قۆناغەکانى خوێندنى سەرەتایى و ناوەندى و ئامادەیى لە شارى سلێمانى تەواو کردووە.

لە ساڵى 1946 بەهۆی بومەلەرزکەی ئەمساڵە، بنەماڵەکەیان لە پێنجوێنی هاتونەتە شارى سلێمانی.

لە ساڵى 1972 کاتێک خوێندکارى پۆلى سێیەمى سەرەتایى بووە، بەهرەى هونەرى تێدا بەدیکراوە و 3 سێ مامۆستاى شانۆکار بەشداریان لە چالاکى خوێندنگاکەى پێکردووە.

لە ساڵى 1979 لە تەمەنى 15 ساڵیدا ئەوکاتەى خوێندکارى ناوەندى بووە چووەتە تیپى هونەرى لاوانى سلێمانى.

لە ساڵى 1979 لە تەمەنى 15 ساڵیدا لە فێستیڤاڵێک لە شارى هەولێر بە شانۆگەرى دڵدارانى باران بەشدارى لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە.

لە ساڵى 1983 بەشى گەنجینەکانى لە پیەمانگاى کارگێڕى بەغدا تەواو کردووە

لە سەر هەڵوێستەکانى چەندین جار روبەڕوى زیندان و ئەشکەنجەدان بۆتەوە و فەرمانى لەسێدارەدانى بۆ دەرچووە.

لە ساڵى 1988 بەرلێبوردنى گشتى کەوتووە و لە زیندان ئازاد کراوە.

لە ساڵى 1990 هاوسەرگیرى کردووە.

لە ساڵى 1994 وەک فەرمانبەر لە رادیۆى دەنگى زانکۆى سلێمانى دامەزراوە.

لە ساڵى 1996 وەکو لێپرسراوى راگەیاندن لە وەزارەتى شارەوانى و گەشت و گوزار دەستبەکاربووە.

لە ساڵى 2000 بۆ 2001 لە مەکتەبى پەیوەندییە نیشتمانییەکانى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە سوریا کارى کردووە.

لە ساڵى 2001 بۆ 2003 لە نوسینگەى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان کارى کردووە.

لە ساڵى 2003 بۆ 2005 لە رێکخراوى باواجى بۆ هەڵگرتنەوەى مین وەک لێپرسراوى راگەیاندن و پەیوەندییەکان کارى کردووە.

لە ساڵى 2005 لە بەڕێوەبەرایەتى سینەما وەکو ئەکتەر کارى کردووە.

لە ساڵى 2007 بوەتە بەڕێوەبەرى کارگێڕى بنکەى روناکبیرى گەلاوێژ.

لە ساڵى 2011 بووەتە ئەندامى دەستەى باڵاى بنکەى روناکبیرى گەلاوێژ.

لە ساڵى 2012 تا کۆتایى تەمەنى ژیانى لە کەنالى میدیایى کوردسات ئامادەکار و پێشکەشاکار بووە.

لە ساڵى 2019 تا کۆتایى ژیانى بووەتە جێگرى سەرۆکى بنکەى ئەدەبى و روناکبیریى گەلاوێژ.

لە سەرجەم فێستیڤاڵەکانى گەلاوێژ و چالاکییە ئەدەبى و هونەرییەکانى گەلاوێژ رۆڵى کاراى هەبووە.

لە چەندین شانۆ و دراماى تەلەفزیۆنى بەشداریکردوە.

درامای گەردەلوول و فیلمى ژانی گەل دیارترین ئەو کارە هونەریانەن کە رۆلێکی سەرەکی تێدا دەگێڕاوە.

زیاتر لە 30 سى ساڵە لە بوارى نواندن کارى کردووە.

لە کەناڵى کوردسات بەرنامەى وێنەکانی دوێنی پێشکەش دەکرد.

خاوەنى 2 کتێبە، یەکەمیان بەناوى پێنجوێن مەملەکەتى گوڵە زەردە، لە ساڵى 2015 چاپى کردووە، دووەمیان بەناوى سلێمانى و خاکى، کە 830 لاپەڕەى رەنگاو رەنگە، بەڵام مەرگ رێگەى نەدا بەچاپکراوى ئەو بەرهەمەشى ببینێ.

سیناریۆى دراماى سنوورى پاکنوس کردبوو، ئامادەبوو بۆ چاپکردن و درامایەکى تەلەفزیۆنى، بەڵام مەرگ رێگەى نەدا ئەمیشیان بەچاوەکانى خۆى ببینێ.

رەبەن نوێترین کارى هونەرى بوو، وەکو بیرۆکە و نوسینیش، بەشێکى لەبارەوە نوسیببوو، بەڵان مەرگ رێگەى نەدا تەواوى بکات.

لە ساڵى 2019لە تەمەنى 55 ساڵى لە شارى بە جەڵتەى دڵ لە نەخۆشخانە لە شارى سلێمانى کۆچی دوایی کردووە.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌