کۆی دەنگەکان
1,952
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، رێکەوتی 25ی گەلاوێژی 1324ی هەتاوی، لەسەر بناغەی تەشكیلاتیی كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد (ژ.ک) كە سێ ساڵ پێشتر پێكهاتبوو، دامەزرا.
پێكهاتنی حیزبی دێموكرات وەڵامدانەوە بە پێویستییەكی مێژوویی بوو، چونكە لەو سەردەمەدا هەست بە پێویستیی حیزبێكی دێموكرات و شۆرشگێر دەكرا كە بەرنامەیەكی روونی دێموكراتی هەبێ و بتوانێ جووڵانەوەی رزگاریخوازانەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان رێبەری بكا و ئەو بزووتنەوەیە بخاتە نێو رێبازێكی دێموكراتیک و پێشكەوتنخوازانە و پێوەندیی پتەو لەنێو بزووتنەوەی دێموكراتی ــ نەتەوەیی خەڵكی كوردستان و سەرانسەری ئێراندا پێک بێنێ و هاوكات بۆ دامەزراندنی كیانێكی سیاسی بۆ كوردستانی ئێران هەوڵ بدا.
بێگومان گەورەترین بەرهەمی خەباتی حیزبی دێموكرات لەو سەردەمەدا پێكهاتنی یەكەم كۆماری خودموختاری كوردستان لە مێژووی نەتەوەی كورددا بوو. بەدوای جوانەمەرگ كردنی كۆماری كوردستان، دیكتاتۆری شاهەنشاهی نەیتوانی پێش بە پەرە ئەستاندنی خەباتی حیزبی دێموكرات بگرێ.
لە ماوەی سەردەمی رەشی سەرەڕۆیی رێژیمی پاشایەتیدا خەباتی نهێنیی حیزب هەر درێژەی هەبوو، لەو ماوەیەدا هەزاران كەس لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب زیندانی كران و ئازار و ئەشكەنجە دران، لە كوردستان وەدەر نران، ئاوارە بوون و دەیان رۆڵەی خەباتگێڕی حیزب ئیعدام كران، بەڵام تێكۆشانی حیزب هەرگیز رانەوەستا.
لە ساڵەكانی 46 ــ 47 بەشێک لە رێبەریی حیزبی دێموكرات بۆ ماوەی هەژدە مانگ خەباتێكی چەكدارییان لە كوردستان دژی رێژیمی پاشایەتی بەڕێوە برد، كە وەک ئەستێرەیەكی پرشنگدار لە مێژووی خەباتی خوێناویی نەتەوەی كورددا دەدرەوشێتەوە و ئەو بـڕگەیە لە خەباتی حیزبی دێموكرات و نەتەوەی كورد لەرزەی بە باڵای دەسەڵاتی ملهۆڕی پاشایەتی خست و ئیدیعای جەزیرەی ئارام بووی ئێرانی وەدرۆ خستەوە كە شای ئێران خۆی پێوە هەڵدەكێشا.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران رێگایەكی دوور و درێژی بڕیوە، رێگایەک كە پڕ بووە لە تەنگ و چەڵەمە، لە هەوراز و نشێو، لە شكست و سەركەوتن بەڵام هیچ سەردەمێكی رەش نەیتوانیوە پێشگیری لە درێژەدان بە خەباتی ئەم حیزبە بكا و ئاڵای بەرزی ئەو خەباتە هەر شەكاوەتەوە.
بۆ ماوەیەک لە سەردەمی سكرتێریی ئەحمەد تۆفێق لە دەیەی 40ی هەتاویدا، سەربەخۆیی سیاسیی حیزب چووبووە ژێر پرسیار، بەڵام پاش كۆنفـرانسی سێیەم دواتریش لە كۆنگرەی سێیەمدا بە هاتنەوەی دوكتور قاسملوو، حیزبی دێموكرات رێبازی راست و دروست و شۆڕشگێڕانەی خۆی زیندوو كردەوە، كە هەتا ئێستاش هەر لەسەری بەردەوامە.
شۆڕشی گەلانی ئێران:
بەدوای شۆڕشی گەلانی ئێران كە دژی رێژیمی پاشایەتی دەستی پێكرد، بەڕێوەبەرایەتیی حیزبی دێموكرات دوو ئەركی گرینگی لەسەر شان بوو یەكەم: هاندانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بۆ ئەوەی هەرچی بەرینتر و چالاكتر لە شۆڕشی گەلانی ئێراندا بەشدار بن و بۆ هەموو شێوە خەباتێكی شۆڕشگێڕانە دژی رێژیمی پاشایەتی خۆیان ئامادە بكەن. دووهەم: یەكخستنی ئەندامان و كادرەكانی حیزب و دامەزراندنی پێوەندیی تەشكیلاتی لەنێو رێكخراوەكانی حیزبیدا. ئەو دوو ئەركەش سەرەڕای كەموكۆڕی و كۆسپی زۆر، جێبەجێ كران.
لە یەكەم كۆبوونەوەی ئاشكرای حیزب كەلە رێکەوتی 11ی رەشەمە، واتە 19 رۆژ دوای سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، لە ستادیۆمی شاری مەهاباد پێكهات، پتر لە 100 هەزار كەس بەشدار بوون، كەلە هەموو ناوچەكانی كوردستانەوە هاتبوون، جووڵانەوەی نەتەوەیی دێموكراتی بە خێرایی سەرانسەری كوردستانی داگرت، ئەوەش دەسەڵاتی كۆنەپەرستیی هەراسان كرد.
حیزبی دێموكرات داخوازییەكانی گەلی كوردی بە شێوەیەكی ئاشتیخوازانە لەگەڵ رێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو هێنایە گۆڕێ، بەڵام رێژیم حازر نەبوو داخوازییەكانی گەلی كورد قەبووڵ بكا، بۆیە حیزبی دێموكرات هەر لە سەرەتاوە بە حەق هەستی بەوە كرد كە كاربەدەستانی رێژیم دژی داخوازییەكانی خەڵكی كوردستانن و تەنانەت ئامادە نین هەبوونی گەلی كورد لە ئێراندا بە فەرمی بناسن. بۆیە حیزبی دێموكرات لە مانگی خاكەلێوەی 1358ی هەتاویدا داوای لە خەڵكی كوردستان كرد كەلە ریفراندۆمی دەنگدان بە كۆماری ئیسلامی بەشداری نەكەن و لە پاشان دەنگیان بە یاسای بنەڕەتیی كۆماری ئیسلامیش نەدا.
بەدوای فەرمانی جیهادی خومەینی لە دژی نەتەوەی كورد، رێژیم شەڕێكی سەرانسەریی بەسەر كوردستاندا سەپاند كە بۆ ماوەی سێ مانگ درێژەی كێشا، لەو سێ مانگەدا رێژیم زەبری كاریگەری وێكەوت و ماشێنی شەڕی لە كار كەوت.
قۆناغی وتووێژ دەستی پێكرد، لە ماوەی وتووێژدا بەڕێوەبەرایەتیی حیزب بە بەشداری لە هەیئەتی نوێنەرایەتیی كورد بۆ داكۆكی كردن لەسەر ویستەكانی كورد و هەموو ئازادیخوازانی ئێران هەوڵی دا و لەسەر ویستە سەرەكییەكان، دێموكراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ كوردستان پێی داگرتەوە.
لە كۆنگرەی شەشەم لە ساڵی 1362ی هەتاوی سوسیالیزمی دێمۆكراتی وەک ئامانجی دوارۆژی حیزب پەسند كرا. هەروەها حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە ئاكامی هەوڵ و تێكۆشانی شەهید دوكتور عەبدولـڕەحمان قاسملوو، لە رۆژی 11ی سێپتامبری 1996ی زایینی لە بیستەمین كۆنگرەی ئەنترناسیۆناڵدا بە تێكڕای دەنگ بە ئەندامی هەمیشەیی و بە پلەی چاوەدێری ئەو رێكخراوە جیهانییە وەرگیرا.
مێژووی حیزبی دێموكرات لێوانلێوە لە خەبات و بەرخودان و قوربانیدان لەپێناو دەستبەبەركردنی مافە رەوا و نەتەوەیییەكانی گەلی كورد لە كوردستانی ئێران، هەر بۆیە رۆڵە بە ئەمەگەكانی نیشتمان و بەتایبەت لاوان، بە عەشق و تێگەیشتن لە ئامانجە پیرۆزەكانی ئەم حیزبە هاتوونەتە ناو ریزەكانییەوە و بەوپەڕی پاش شۆڕشی گەلانی ئێران بەوپەڕی لەخۆبردوویییەوە خەبات و خزمەتیان كردووە و بە هەزاران رۆڵەی نیشتمانپەروەر بە خوێنی خۆیان داری ئازادییان ئاو داوە و چوونە ریزی كاروانی سوورخەڵاتی شەهیدانی حیزب و گەلەوە.
مێژووی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە راستیدا مێژووی خەباتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی ئێرانە لە ماوەی نزیک بە حەوت دەیەی رابردوو بۆ ئازادی و وەرگرتنی مافی رەوای خۆیان.
ئەو مێژووە قارەمانی زۆرە، هەزاران شەهیدی نەمر كە گیانی خۆیان لە رێگای ئازادی نەتەوەكەیاندا بەخت كردووە، لەنێو ئەوانەدا رێبەرانی وەک پێشەوا قازی محەممەد، دوكتور عەبدولـڕەحمان قاسملوو دوكتور سادق شەرەفكەندی، پێشەنگ و سەرقافڵەی هەموو شەهیدانن.
یەكەم رێبەری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، قازی محەممەد لە دادگای رێژیمی پاشایەتیدا لەمەڕ داكۆكی لە مافی نەتەوەی كورد بۆ گەیشتن بە ئازادی و رزگاری، حوكمی ئیعدامی بەسەردا سەپا لە و رۆژی 10ی خاكەلێوەی 1326ی هەتاوی لە سێدارە درا.
سكرتێری بلیمەت و رێبەری زانای ئەم حیزبە، دوكتور قاسملووی نەمر لە رۆژی 22ی پووشپەڕی ساڵی 1368ی هەتاوی، لەسەر مێزی بەناو وتووێژ لە شاری ڤییەن پایتەختی وڵاتی ئوتریش، لەسەر داكۆكی لە مافی كوردان درایە بەر دەستڕێژی گوللـەی تیرۆریستانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و شەهید كرا.
سێ ساڵ دواتر سكرتێری شۆڕشگێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دوكتور سەعید شەرەفكەندی رێكەوتی 26ی خەرمانانی 1371ی هەتاوی لە بێرلین، لە كۆبوونەوەی هێزە ئوپۆزسیۆنەكانی ئێرانیدا، درایە بەر رەهێڵەی گوللـەی تیرۆریستانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و شەهید كرا.
حیزبی دێموكرات لەپێناو گەیشتن بە ماف و ئازادییە سەرەتایییەكانی مرۆڤی كورد و تاكی ئێرانی و وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەكانی نەتەوەی كورددا و لەپیناو دابینبوونی ئازادی، بەرابەری، هاتنە ئارای سیستمی ئازاد، دێموكراتیك، دادپەروەرانە و وەدیهاتنی مافی نەتەوایەتی لە ئێراندا، نزیک بە حەوت دەیە خەباتی كردووە و لە رەتی خەباتدا، چەندین ئەندامی رێبەری، دەیان و سەدان كادر و پێشمەرگە و هەزاران ئەندامی شەهید بوون و لەسەر رێبازی گەیشتن بە ئاواتی ئاسوودە و ئازاد و بەرابەر و یەكسانیی ژیانی مرۆڤەكان و نەتەوەكانی ئێراندا سوورە و درێژە بە خەبات دەدات.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە ساڵی 2004ی زایینییەوە لە كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدراڵدا بەشدارە كە بۆ هاتنەدیی سیستمی دێمۆكراتیک و فیدراڵ لە ئێراندا تێدەكۆشی. فیدرالیزمێک لەسەر بنەمای جوغرافیایی ــ نەتەوەیی كە تێیدا هەموو نەتەوەكانی ئێران بە شێوەیەكی یەكسان لە ئیدارەی گشتیی وڵاتدا بەشدار بن و هەركامەیان لەسەر چارەنووس و سەروەریی ناوچەی خۆیان حاكم و بەڕێوەبەر بن.
حیزبی دێموكرات لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجەكانی لە هەموو شێواز و رێگایەكی دروستی خەبات كەڵک وەردەگرێ و باوەڕی قووڵی بە رێگای ئاشتیخوازانە هەیە و لەپێناو وتووێژ و دیالۆگ لەسەر مێزی وتووێژ چەندین رێبەری گەورەی شەهید بووە.
حیزبی دێموكراتی كوردستان بـڕوای بە یەكسانیی ژن و پیاو لەنێو بنەماڵە و كۆمەڵگادا هەیە و پێی وایە هەتا هەموو مرۆڤەكان لە كۆمەڵگادا ماف و ئازادییان یەكسان نەبێ، كۆمەڵگای دروست و دادپەروەرانە وەدی نایەت.
حیزبی دێموكرات باوەڕی بە ئاشتی و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو نەتەوەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە و بـڕوای وایە كە هیچ نەتەوەیەک نابێ بیر لە سڕینەوەی نەتەوەی دیكە بكا، هاوكاتیش هەتا كێشەی كورد لە هەموو وڵاتەكەی چارەسەر نەكرێ، ئاشتییەكی راستەقینە وەدی نایەت.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران تا ئێستا 16 كۆنگرهی بهرێوه بردووهو له كۆنگرهی 16ههمهوه به جێگهی سكرتێر دهڵێن لێپرسراوی گشتیو ئێستا مستهفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانه.
وهك كوردێكی باشوور ڕێزی تایبهتیم ههیه بۆ حزبی دیموكراتو ئاواتم سهركهوتنی ئهو حزبهیه و ئاواتهخوازم سهركهون