هەینی - 7ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

0

ئەحمەد شەماڵ

ئەحمەد مەحموود یان ئەحەی خولەسنەیی ناسراو بە ئەحمەد شەماڵ له‌ ساڵی‌ 1923 لە سلێمانی لە خێزانێکی ھەژار و دەستکورت لەدایکبووە.

گۆرانیبێژێکی کورد بوو.

لەسەرەتادا دەخرێتە حوجرە بۆ خوێندنی قورئان، کە ئەوکات حوجرەکان برەوێکی زۆریان ھەبووە، لەبەر ھەژاری وازی لە خوێندن ھێناوە و دەستی بە کارکردن کردووە و ئاوارەی شاران بووە. خەم و کەسەر و مەینەت دەبێتە بەشێک لە ژیانی، ئەم ھونەرمەندە ھەر لە سلێمانی ژنی ھێناوە و چەند منداڵێکی بووه‌.

لە ساڵی 1953دا دەستی بە کاری ھونەری کردووە، پاش ئەوەی کە خەڵک وردە وردە گوێبیستی دەنگی ئەو ھونەرمەندە دەبن وای لێ دێ خەڵکانێکی زۆر خۆشیان بووێت، لەگەڵ زۆربەی ھونەرمەندەکانی ئەو سەردەمە گۆرانی گوتووە و زۆرن ئەو کەسانەش کە بە ئامێرە مۆسیقییەکانیان یارمەتییان داوە.

ئەحمەد شەماڵ بۆشایییەکی گەورەی لە ھونەری کوردیدا پڕکردووەتەوە، تاکە ھونەرمەندیشە، کە باسی ژیانی خۆی دەکات و زۆر لە گۆرانییەکانی ڕەنگدانەوەی ژیانی خۆیەتی و چەند چیڕۆکێکی ھەیە.

جگە لەوەی، کە گۆرانییەکانی ڕەنگدانەوەی ژیانی خۆیەتی لەگەڵ ئەمەشدا گۆرانی بۆ ئەوینداران و سروشتی کوردستان گوتووە و کەسێکی نیشتمانپەروەر بووە، لە ژیانی دا گەلێ کاری وەک توتنچێتی و کاروانچێتی و حەماڵ و شوانی کردووە و ژیانی ھەمیشە پڕبووە لە دەرد و کەسەر و ناخۆشی، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا لەنێو خەڵکی بە قسەخۆش ناوبانگی دەرکردووە.

ئەم ھونەرمەندە دوای ئەو ھەموو دەربەدەری و نەھامەتییەی، کە لە ژیاندا چەشتی، کە ھەمیشە لە باوەشی قات و قڕی و برسێتیدا ژیاوە، بۆیە چیدی لەشە ماندوو و شەکەتەکەی نەیتوانی بەرگەی ئەو بارە سەختەی ژیان بگرێ له‌ ساڵی‌ 1997 لە شاری سلێمانی لەدوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشیدا كۆچه‌ دوایی‌ كرد‌و ھەر لەو شارەش بە خاک سپێردرا.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌