هەینی - 7ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

25

عەلی مەردان

عەلی مەردان، مامۆستای مەقامات و گۆرانی کوردی له‌ ساڵى 1904 لە گەڕەکی تەکیەی شێخ عەلی له‌ شاری کەرکووک لە دایکبووە.

 خوێندنی لە تەکیەی کەرکوک و لە لای ماموستا ساڵح دەست پێکردوە و ھەر لەوێشەوە لە لای مامۆستای دەنگ خۆش مەلا ڕەئوف فێری تەجویدی قورئان و ھەندێ مەقاماتی کوردی و قۆڕیاتی تورکمانی بووە.

 پاش ھەشت ساڵ له‌ تەکیە، شاری کەرکوکی جێھێشتووە و بە ماڵەوە چووە بۆ گوندی لەیلان.

 لە ساڵی 1918 پاش جەنگی جیهانی یەکەم، به‌هۆى گرانى و هه‌ژارى ماڵیان لە كەركووك چووه‌ بۆ گوندى لەیلان و له‌وێ تەموورە ژەنێکی بە تواناى بە ناوی خدر بارم ناسیوە، کە سوودێکی زۆری لێ وەرگرتوە بۆ مەقاماتی کوردی.

 لە گوندى له‌یلان باوکی نەخۆش دەکەوێت و كۆچى دوایى ده‌كات، خۆی و خۆشکەکەی و دایکی، بارودۆخى ئابوریان خراپتر ده‌بێت و له‌لاى خاڵیان ده‌ژین.

 به‌هۆى ئه‌وه‌ى خاڵی لە گەڵیاندا خراپ بووە، به‌ناچارى ده‌بێته‌ شوان و كارى كشتوكاڵى ده‌كات و ڕێگای گەشە و بەرەوپیشچوونی لێ دەگیردرێت.

 بۆ گوزەرانی ژیانى، بەپای پەتی و سەری کۆت، جوتیاری و شوانی و گاوانی کردووە.

 له‌ ساڵى 1919 له‌ ته‌مه‌نى 15 ساڵیدا شه‌وانه‌ له‌ گوندى له‌یلان مه‌قام و گۆرانى ده‌ڵێت، بەڵام خاڵی زۆری پێ ناخۆش دەبێ و دەچێت بە گژیدا، بۆیه‌ عاجز دەبێت و سەری خۆی هەڵدەگرێت و دەڕواتە حەوتەغار و لەوێ لای برادەرێکیدا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات.

 دواى ئه‌وه‌ى ھاوڕێكەی دەكوژرێت، به‌نه‌چارى لە حەوتەغاریش ئاواره‌ ده‌بێت و روو دەکاتە شارى ‌بەغداد.

 له‌ شارى به‌غداد لەوێ دەستى كردووه‌ به‌ ‌كارکردن و پاش ماوەیەک گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ شارى كەركووك، كه‌ ئه‌وكاته‌ تەنیا 4 مەقامی زانیوە.

 دوای ماوەیەیك بە بۆ جاری دووەم بە ئەزموونی زیاترەوە چوه‌ته‌وه‌ بۆ شارى بەغداد و ھەوڵی داوە خۆی بگەینێتە لای مامۆستایانی گەورەی ئەو سەردەمە کە لە بەغدا ناودار بوونە و شارەزاییەکی باشیان لە موزیكدا ھەبووە و له‌لاى ئه‌وان فێرى گۆرانی و بەستە كوردیەكان بووه‌، له‌وانه‌: مرتزا خانی ئەسفەهانی، ئەسغەرخانی هەمەدانی، سەیفەدینی كارزان و چەند کەسێکی دیكه‌.

دواى ئه‌وه‌ى ده‌چێت بۆ شارى بەغداد، مەقاماتی كوردى، فارسى و عه‌ره‌بى لە مامۆستایانی تری فارس و عەرەب و کوردەوە فێربووه‌.

 شارەزای ژەنینی چەندین ئامێری موزیك بووه‌ و خۆی ئامێری عودی زیاتر لا پەسەند بووە.

 شارەزای زمان و ئەدەبی کوردی، عەرەبی، فارسی و توركمانى بووه‌.

 شیعری زۆربەی شاعیرەکانی لە دەیان بەستە و مه‌قامه‌تدا خوێندۆتەوە.

 لە ماوەی ژیانیدا گەلێ گۆرانی و مەقامی ڕەسەنی تۆمارکردووە، ئاوازی ھەندێک لە گۆرانییەکانیشی ھێندە بەرزن، بەچەند زمانێکی دی وتراونەتەوە.

 مامۆستاکانی مەقامی عێراقی عەلی مەردان بەمامۆستا و ڕابەری خۆیان زانیووه‌.

 له‌ ساڵى 1940 دواى كردنه‌وه‌ى ڕادیوێ كوردی بەغدا تا ساڵى 1972 لەوێ ماوەتەوە.

 له‌ ساڵى 1948 بۆ کۆنسێرت چوه‌ بۆ فەلەستین و بەیرووت.

 لە ساڵی 1965 لە ئێستگەی ڕادیۆی تاران و کرماشاندا چەندین مەقام و گۆرانی تۆمارکردووە.

 لە ساڵی 1972 لە ئێستگەی کوردی بەغداد دواهه‌مین گۆرانی كه‌ بەستەیەک بووە تۆماری کردووە.

 یەكێك لەوانە بووە كە بە مەقامی ئای‌ ئای، هۆرە، خاوكەر و قەتار ئاشنایه‌تی پەیدا کردووه‌.

 بۆ بەڕێوەبردنی کونسێرت چوه‌ته‌ وڵاتانی سوریا، لوبنان، توركیا و ئێران و زیاتر سروودە نیشتمانیەكانی وتوه‌ و لە ڕادوێی ئەو وڵاتانەشەوە گۆرانیەكانی بڵاوكردۆته‌وه‌.

 بەشی زۆری بەرهەمەكانی مەقامن، لەوانە: هۆمایوون، نەهاوەند، بەیاتی تورك، بەیاتی كورد، چوارگای عەرەبی، هۆرە، عوشاقی مەسنەوەی و گەلێكی دیكە.

 زیاتر لە 700 بەستەی ڕەسەنی كوردیی لێ بەجێ ماوە كە فریاى نه‌كه‌وت تۆماریان بكات.

 لەگەڵ هونەرمەنداندا تیكەڵاو بووە. بە تایبەت لە گەڵ حەسەن زیرەك زۆرى هاوڕێ بوونه‌ و به‌رده‌وام سه‌ردانى یه‌كتریان كردووه‌.

 لە ساڵى 1981 له‌ ته‌مه‌نى 77 ساڵى لە شاری بەغداد كۆچى دوایى كردووه‌، ئه‌گه‌رچى وه‌سێتى كردبوو لە گردی سەیوان لە لای شاعیران و ھونەرمەندان بینێژن تا ھیچ کات و زەمەنێک لە ھونەر و ھونەرمەندان دوور نەبێت، به‌ڵام لە گۆرستانی شێخ محێدین له‌ شارى كه‌ركوك نێژراوە.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌