دووشەممه - 16ی رەزبەری 2724

کۆی دەنگەکان

2

عایشە شان

 عایشە محەممەد وەسمان ناسراو به عایشە شان، گۆرانیبێژ،  لە 1938 لە شاری ئامەد له باکوری کوردستان لە دایکبووە.

 له‌ گه‌ڕه‌کی عه‌ره‌ب شێخ و ئه‌ربه‌داش گه‌وره‌ بووه‌.

 بە ناوەکانی عایشە شان، عایشانی کوردان و شاژنی بێ تاج لەناو خەڵکدا ناسراوە.

دایکی ناوى ئەلیف خانم بووە.

 باوکی ده‌نگخۆش و به‌ناوبانگ بووه‌، زۆرجار له‌ دیوەخانەکەیدا کۆڕی ده‌نگبێژان سازدەکرا‌، بەڵام وەک ژنێک نەیتوانیوە لەو کۆڕانەدا ئامادە بێت‌ و‌ گۆرانی بڵێت، ئەگەرچی هه‌میشه‌ لە نزیکەوە و لە پشتی دەرگاوە گوێی لەو سترانگه‌له‌ گرتووە، ئه‌مه‌ وایکردووه‌ بنه‌مایه‌کی پته‌وی هونه‌ریی لە هەست و رۆحیدا دابمه‌زرێنێت و شەیدای هونەری گۆرانی ببێت.

 لە تەمەنى مناڵیەوە خولیای هونەری گۆرانی دەبێ ‌‌و سەرەتا بەزمانی تورکی گۆرانی دەڵێت دواتر گۆرانى بە کوردى دەڵێت.

 لە ساڵى 1947 لە تەمەنی 9 نۆ ساڵییدا و دوای کۆچی دوایی باوکی ئاستەنگییەکان لەبەردەمیدا گەورە دەبن و کەسوکارەکەی هەوڵ دەدەن لە گۆرانیی وتن دووریبخەنەوە، بەڵام بەمە رازى نابێت بەردەوام دەبێت لەسەر هونەرەکەى، بۆ ئەمەش ناچارە روو بکاتە شاری دیلۆک و لەوێ لە ڕادیۆدا کاردەکات، ئەگەرچى دەیەوێت بە گۆرانى زمانی کوردیی بڵێت، بەڵام ڕێگای پێنادرێت، هەربۆیە بە زمانی تورکیی گۆرانیی دەڵێت.

 لە ساڵى 1953 تەمەنی 15 پانزە ساڵیدا بەنهێنی یەکەم کاسێتی خۆی تۆمار ئەکات.

 لە ساڵى 1958 لە تەمەنى 20 ساڵیدا به‌هۆی کاره‌که‌ی باوکى کە فەرمانبەرى دەوڵەتە ماڵیان دەگوازرێتەوە بۆ شارۆچکه‌ی دێریکا چیایێ مازی‌ سه‌ر به‌ شاری مێردین.

 لە ساڵى 1958 ساڵیدا لەسەر خواست و ویستی کەس وکارى شوو بە گەنجێکی دێریکی بەناوی سەرکەفت توران دەکات، دواتر دەبێتە دایکی کچێک بەناوی شەهناز، بەڵام بنه‌ماڵه‌ی هاوسەرەکەی ناڕه‌حه‌ت ده‌بن به‌وه‌ی که‌ ژنێکی نامۆ، بووه‌ به‌ هاوسەری کوڕه‌که‌یان، بۆیە هاوسەرەکەی ژنی دووەم‌ به‌سه‌ر ده‌هێنێت، بەوهۆیەوە ژیانی هاوسەرییان تووشی کێشە دەبێت و واز له‌ مێرده‌که‌ی ده‌هێنێت، له ‌هه‌مانکاتدا کەس و کاریشى ئه‌م هەڵوێستەی ئەویان پێ باش نابێت، بە ناچارى ڕوو له‌ شاری دیلۆک – عه‌نتاب ده‌کات لەوێ کاری دروومان و کارگوزاری ماڵان ده‌کات.

 ئەو ماوەى لە عەنتاب بووە به‌هاوکاری عەبدوڵلا نائیل بایشوو له‌ رادیۆی عه‌نتاب وه‌ک سترانبێژ ده‌ستبه‌کارده‌بێت، بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ گۆرانی تورکی ده‌ڵێت، کاتێک هه‌ست ده‌کات که‌ ده‌توانێت گۆرانی کوردی باشتر بڵێت، ده‌ستده‌کات به‌ گوتنی گۆرانی کوردی، هەر بەوهۆیەوە‌ ڕادیۆی عەنتاب گرێبه‌سته‌که‌ی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه.

 لە ساڵی 1961 شاری عه‌نتاب جێدەهێڵێت و دەچێتە ئەستەنبوڵ، لەوێ چالاکیی هونەریی زیاتر دەبێت و زۆرتر دەناسرێت.

 لە ساڵی 1963 یەکەم بەرهەمی بە ناوی ئەز خەزالم – Ez xezalim کە نیوەی گۆرانییەکان بە تورکی و نیوەشی بە کوردی تۆماردەکات. هەر لەگەڵ تۆمارکردنی یەکەمین بەرهەمیدا توانا و بەهرەی دەنگی لە تورکیا دەنگی دایەوە و هەندێک لە هونەرمەندانی تورک، کەوتنە دژایەتیکردن و ڕێگری لە کارەکانی، تەنها لەبەرئەوەی کە بە زمانی کوردی گۆرانی دەڵێت.

 لە ساڵى 1972 بەهۆى وتنى گۆرانى بە زمانى کوردى پۆلیسی تورک لە هەموو شوێنێک تەنگی پێهەڵدەچنێ و بێزاریان کردووە، بۆیە بەناچارى روویکرۆتە ئەوروپا و لەوێ درێژەیداوە بەکارە ھونەرییەکانی، دوای ئەوەی لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێ بوو، پاشان لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا چەند ئاهەنگێکی گۆرانی سازکرد.

 ئەو ماوەیەى لە ئەڵمانیا بووە کچە تاقانەکەى شەهناز کۆچى دوایى دەکات، خەم و پەژارەی زۆری دوورە وڵاتی و تەنیایی، ھێندە کاریان تێکرد بە گۆرانیی قەدەر باس لە بارودۆخى ژیانى خۆى دەکات.

 لە ساڵی 1975 دواى ئەو کارەساتەى بەسەریدا هات بە ناچارى تاراوگە جێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە ئەستەنبوڵ،

 لە ساڵی 1978 بە سەردانێک دێتە باشووری کوردستان و وێڕای پێشکەشکردنی چەند کۆنسێرتێک لە شارەکانی ھەولێر، دهۆک، کەرکوک و بەغدا، هاوکات چەند لاوک و گۆرانییەکیش بۆ بەشی کوردی ڕادیۆی بەغدا و تەلەفزیۆنی کەرکوک تۆمار دەکات. لەو سەردانەیدا ئەزموون لە ھونەرمەندە بەناوبانگەکانی باشووری کوردستان وەکو موحەمەد عارف جزیری، عیسا بەرواری، گوڵبەھار، تەحسین تەھا، نەسرین شیروان و زۆری تر وەردەگرێت و پێکەوە چەندین کۆنسێرت و شەو ئاهەنگ لە بەغدا و شارەکانی کوردستان بەڕێوەدەبەن.

 لەم سەردانەیدا ناوبانگێکی زۆرتر لە باشووری کوردستان پەیدا دەکات، هاوکات سەفەرەکەی دەبێتە هۆی ناڕەزایی حکوومەتی عێراق بۆ زوو گەڕانەوەی و هەڕەشە لێکردنی لەلایەن دەزگای ئاسایشی تورکیاوە.

 بەهۆی هەڕەشەی برا و کەسوکارییەوە هەرگیز نەیتوانی بچێتەوە بۆ ئامەد زێدى لە دایکبوونى خۆى.

 ئەو کاتەی دایکی لە سەرەمەرگدا دەبێت، رێگای پێنادرێت سەردانى دایکى بکات، تەنانەت دواى مردنیشى رێگەى پێنادرێت سەردانى گۆڕەکەى بکات، بۆ مەرگى دایکى گۆرانی دایکێ حەیران دەڵێت.

 لە ساڵانی کۆتایی تەمەنیدا لە شاری ئیزمیر نیشتەجێ دەبێت و وەک کارمەندێک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆستە کار دەکات.

 لە دوای کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفال، ئاوارەبوونی ملیۆنان کورد بەهۆی زوڵمی ڕژێمی سەدامەوە، کاسێتێکی تایبەت بە ناوی وەرن وەرن پێشمەرگەنە بڵاو دەکاتەوە.

 لە ساڵى 1991 واز لە گۆرانى وتن دەهێنێت.

 لە ساڵى 1992 بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجە لەچالاکی هونەری دەکەوێت‌.

 لە ساڵى 1996 لە نەخۆشخانەی ئیزمیر لە شاری ئیزمیر بە نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچى دوایى کردووە، هەرچەندە وەسێتی کردبوو، کە لەو شارەی لێی لە دایکبووە و لێى قەدەغەکراوە بنێژرێت، بەڵام وەسێتەکەی جێبەجێ ناکرێت و هەر لە ئیزمیر بەخاک دەسپێردرێت.

 لە ساڵی 2007 هۆگرانی دەنگی ئەم هونەرمەندە ویستیان وەسێتەکەی بەدیبهێنن و گۆڕەکەی بگوازنەوە بۆ شاری ئامەد، بەڵام ئەمجارەش کەس وکارى دواى 11 یانزە ساڵ مردنى ئەمەیان بڕیارەیان قبوڵیان نەکرد.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌