هەینی - 7ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

0

دەشنێ موراد

دەشنێ موراد لەدایکبووی ساڵی 1986 پێشکەشکار، گۆرانیبێژ، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و ژینگەدۆستی کوردە، دەشنێ لە ساڵی 1986 لە سلێمانی لەدایکبووە. لە ساڵی 1997دا لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕۆشتووەتە وڵاتی ھۆڵەندا و لە تەمەنی 16 ساڵیەوە لە گرووپی سەما بووە، بۆ ماوەی 2 ساڵیش کاری پێشاندانی مۆدێلی کردووە. بۆ یەکەم جار لە بەرنامەی بێ کۆنترۆڵی کوردستان تیڤیدا بە ڕەسمی لە بواری ڕاگەیاندندا دەرکەوت.

گۆرانیی «ھێلا ھۆپ» سەرەتای کاری ھونەریی بوو، ئەم گۆرانییە لە گۆڕەپانی ھونەری کوردیدا دەنگدانەوەیەکی گەورەی ھەبوو، ئەمەش بەھۆی شێوازی نوێ و جیاوازی سەماکردنە ڕۆئاواییەکەی لە میانی ڤیدیۆ کلیپەکەیدا بوو. شێوازی سەماکانی وای لەمیدیاکان کرد بە شاکیرای کوردستان وێنای بکەن. دواتر دەشنێ دوو ئەلبوومی دیکەی بڵاوکردەوە بەناوەکانی 'ھۆم شیکا واوا' و 'فریشتەی میھرەبان'، لەگەڵ زنجیرە گۆرانییەکی تاک.

دەشنێ روویکردە چالاکییەکانی لەبواری مرۆڤایەتی و ژینگەیی. لە ساڵی 2012، ڕێکخراوی گرین کیدز دامەزراند کە کاری یارمەتیدانی منداڵە بێ نازەکان، بەتایبەتیش منداڵە پەنابەرەکان و ھاوکاتیش کارکردن لەبواری ژینگە. دەشنێ کار و چالاکییەکانی چڕکردەوە بۆ باشترکردنی باروودۆخی پەنابەران لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان، و کەمپەینەکانی بوونە ھۆی کۆکردنەوەی پارەیەکی باش بۆ یارمەتیدانی پەنابەرەکان. دەشنێ بەیەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی بواری چالاکوانی مافەکانی ژنان لە کوردستانن دادەنرێت و بە یەکێک لەیەکەمین گۆرانیبێژە کچەکانیش دادەنرێت کەبەشێوازی پۆپ و سەماکردنن گۆرانی بڵێت و بووە ھۆی کردنەوەی دەرگا بۆ گۆرانیبێژانی دیکە وەک خۆی.

لە ساڵی 2005 بەرنامەيەكى بوو بەناوی "بێ کۆنتڕۆڵ"، بەرنامەکە یەکەم بەرنامەی کوردی بوو لە ھەرێمی کوردستان کە باسی کەلتووری ڕۆژاوایی دەکرد. بەرنامەکە بۆ ماوەی دوو ساڵان لە کەناڵی کوردستان تیڤی پەخشکرا، بەھۆی بەرنامەکەوە دەشنێ ناوبانگی لە باشووری کوردستان پەیداکرد.

لە ساڵی 2009، یەکەم ئەلبوومی میوزیکی بەناوی 'ھێلا ھوپا' بڵاوکردەوە، وێڕای سەرکەوتنی بەڵام مشتوومڕی نایەوە. ستایلی ئەلبوومەکە تێکەڵەیەکبوو لە فۆلکلۆری کوردی و ھیپ ھۆپ.

لە ساڵی 2010، دووەم ئەلبوومی خۆی بەناوی 'شیکی واوا' بڵاوکردەوە، کە لەلایەن زۆربەی میدیاکانی باشووری کوردستان بایکۆتکرا. لەلایەکی دیکەوە، یەکەم گۆرانی ئەلبوومەکە بەناوی 'ھۆم شیکا واوا' لەئاستی دەرەوە سەرکەوتنی باشی بەدەستھێنا، پێشوازییەکی باشیشی لێکرا لەلایەن کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان بەتایبەت لەجیھانی عەرەبی. ھەر لە ساڵی 2010، دەشنێ بەرنامەی 'دەشنێ شۆو'ی پێشکەشکرد، بەرنامەکە لەجۆری گفتووگۆکردن بوو لەسەر پرسی مافەکانی ژنان و پەیوەندی خۆشەویستی کە دوو بابەتی ھەستیاربوون لەوکاتە بۆ کۆمەڵگای کوردی.

دوای جێھێشتی بەرھەمێنەری پێشووی، لە ساڵی 2012، دەشنێ یەکەم تاک گۆرانی خۆی بەزمانی ئینگلیزی بڵاوکردەوە بەناوی چاوەکانت بکەرەوە "Open Your Eyes"، کە نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکوو لەئاستی عێراق، لوبنان و ھۆڵەندا دەنگدانەوەی ھەبوو. لە ھۆڵەندا گۆرانی چاوەکانت بکەرەوە توانی بۆماوەی شەش حەفتە لەڕیزبەندی پێشەوەی ڕادیۆی فەن ئێکس بێت.

لە ساڵی 2012، دەشنێ دەستیکرد بەپێشکەشکردنی بەرنامەیەکی دیکەی تەلەفزیۆننی بەناوی شەپۆڵەکانی ژیان.

لە ساڵی 2013، سێیەم ئەلبوومی خۆی بەناوی 'فریشتەی میھرەبان' بڵاوکردەوە، ئەم ئەلبوومەی دەشنێ بەراورد بەدووەم ئەلبوومی سەرکەوتنی باشتری بەدەستھێنا.

تا ئێستا چه‌ندین گۆرانی‌‌و كلیپی‌ بڵاو كردۆته‌وه‌.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌