دووشەممه - 16ی رەزبەری 2724

کۆی دەنگەکان

2

فەتانە وەلیدی

فەتانە وەلیدی ساڵی 1953 لە بنەماڵەیێکی هونەرمەندی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بوو و هەر لە منداڵیەوە ڕووی کردە هونەری مۆسیقا و ئاواز. لە خوێندنگەی باڵای میوزیك لە تاران خوێندوویەتی و ساڵانی حەفتاكان ئاشنای جیهانی مۆسیقا بووە.

فەتانە لە یەكەم ژنانی گۆرانیبێژی كوردە لە رۆژهەڵاتی كوردستان. ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو چریكەی ئەفسانەیی ئەم ژنە رچەشكێنە، شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی تەنی و وەك یەكێك لە ئەستێرە پرشنگدارەكان لە ئاسمانی هونەر و مۆسیقای كوردیدا دەركەوت.

  فەتانە یەكەم گۆرانییەكانی لە تەمەنی منداڵیدا و بە هاندانی حەسەن كامكار لە رادیۆی سنە تۆمار كرد و هەر زوو سەرنجی ژەنیاران و موزیسیەنە بەناوبانگەكانی وەك گریشا میكاییلزادە و موجتەبا میرزادەی بۆ خۆی راكێشا.

 هەرچەندە درەوشانەوەی فەتانەی وەلیدی چەند ساڵێكی كەم بوو، بەڵام بەو تەمەنە كەمە هونەرییەشەوە زیاتر لە 56 گۆرانی لە رادیۆكانی سنە و كرماشان تۆمار كرد كە تەنیا یەك ئەلبوومی بەردەستە. هۆكاری بڵاونەبوونەوەی گۆرانییەكانی دیكەی تا ئێستاش دیار نییە.

 بەداخەوە ژیانی هونەری ئەو هونەرمەندە بە هۆی باری نالەباری ژیان و نەخۆشی دەروونیەوە زۆر زوو کۆتایی پێ هات. بەڵام لەو تەمەنە کورتەشدا توانی ڕۆڵێکی مێژوویی لە هونەری مۆسیقای کوردیدا ببینێ. ناوبراو یەکێک لە یەکەمین گۆرانیبێژانی ژنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە دواتر بوە ئیلهام بەخشی فرەیێک لە هونەرمەندانی ژن و تەنانەت پیاوی تر لە کوردستان.

خاتوو فەتانە وەلیدی، لە دوای مردنی باوكی لە ساڵی 2017 و بەهۆی بێكەسوكاری و بێدەرەتانی، گوازراوەتەوە بۆ ناوەندێكی خێرخوازی چاودێری و راگرتنی نەخۆشە دەروونییەكان بە ناوی بەهار كە لە گەڕەكی بەهارانی شاری سنەیە. خوشكەكانی چاوپێكەوتنیان لەگەڵ ئەم هونەرمەندە ناودارە سنووردار كردووە و ئیدی ئێستا جگە لە چەند كەسێكی تایبەت، رێگە بە كەس نادرێ چاویان بەو هونەرمەندە بكەوێ.

بەشێك لەو گۆرانیانەی لە ماوەی چەند ساڵ تەمەنی هونەریدا تۆماری كردوون، بریتین لە: ئەی دڵی غەمینم بۆچ بێقەراری، لە ژین بێزارم، لای لای دڵم لای لە باغی سینەم، ئای لە دەست یارم ماڵی وێرانم، لە سەرووی قامەتی یار، هاتەوە یارم یاری وەفادارم، بێ تۆ بیمارم بێ دۆست و یارم، بەهار فەسڵێكی خۆشە و... .

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌