چوارشەممه - 8ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

151

حەسەن زیرەک

حەسەن زیرەك، هونه‌رمه‌ندی‌ گۆرانیبێژ، له‌ ساڵی 1921 له‌ گوندی هەرمێلەی نێوان شاره‌كانی‌ سه‌قز و بۆكان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان له‌ دایكبووه‌.

 به‌ یەكێك لە بەناوبانگترین ھونەرمەندانی كورد داده‌نرێت.

 باوكی لە لای خانانی ئاغای گوندی ھەرمێلە كاریكردووە، لە بەر لێھاتوویی بە زیرەك ناوی دەركردووە.

 له‌ ساڵى 1928 له‌ ته‌مه‌نى حەوت ساڵیدا له‌ مسگەری و قاوەچێتی كردووه‌ و خزمەتی ماڵە دەوڵەمەندەكانی بۆكانیشی كردووە.

 له‌ ساڵى 1930 لە تەمەنی 9 ساڵیدا لەگەڵ چەند دەنگخۆشێكى شاری بۆكان لە شاییەكانی ناو شار و گوندەكانی سنوه‌ره‌كه‌ گرانى وتوه‌.

 له‌ ساڵى 1932 له‌ ته‌مه‌نى 11 ساڵیدا باوكى كۆچى دوایى كردووه‌، هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ماڵیان له‌ دێ باركردووه‌ چونه‌ته‌ شاری سەقز.

 به‌هۆى شوكردنه‌وه‌ى دایكی، ژیانێكى دژوار روبه‌ڕووى حه‌سه‌ن زیره‌ك و خوشك براكانى ده‌بێته‌وه‌.

 له‌ ساڵى 1933 لە تەمەنی 12 ساڵیدا به‌ناچارى گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ھەرمێلە و لە لای خانان ئاغای ئەو دێیە ده‌ست به‌كاركردن ده‌كاته‌وه‌.

 ھەر لەو تەمەنەدا دەنگە خۆشەكەی سەرنجی خەڵكی ئەو دێیە بۆ لای خۆی ڕادەكێشێت و ھەموو ھەوڵی ئەوەیان دەبێت زیرەك لە دەنگە خۆشەكەی بێ بەشیان نەكات، كە خانان دەبینێ زیرەك دەنگی ئاوا خۆشە، ئەمجاره‌ زیاتر بایەخ بە ئەو دەدا و ڕێگا دەدا زیرەك بێتە دیوەخان و بە گۆرانییەكانی كۆڕی میوانانی خان بڕازێنێتەوە.

 له‌ ساڵى 1934 دوای ساڵێك ھەرمێلە و لای ئاغەوات بە جێ دێڵێ و ڕوو دەكاتە شار، بە شاگردی كەبابچی و وردە كاری دیكە ژیان دەباتە سەرێ.

 جارێكی دیكە دێتەوە بۆ ھەرمێلە و وەك تفەنگچی لە ماڵی ئاغەوات دادەمەرزێ، پاشان نێوانی لە گەڵ ئاغا تێكدەچێ و واز لە تفەنگچێتی و ئازار و ئەزیەتی خەڵك لە پێناو ئاغادا دێنێ، دەچێتە سەقز و دەبێتە شۆفێر له‌لای مینە خانی ئەردەڵان و لە نێوان سەقز و بانەدا دەست بە كار دەكات.

 له‌ ساڵى 1953 چەندین كەسى ناودار له‌ گۆرانیبێژ و موزیكیان ده‌بینێت له‌وانه‌ عەلی مەردان، كه‌ هاوكارى ده‌بن لە چوونی بۆ بەشی كوردی ڕادیۆ بەغداد، بۆ یەكەم جار دەنگی لە ڕادیۆی كوردی بەغدا دەبیسترێ و بەم جۆرە ناوبانگى زۆرى بۆ په‌یدا بوو.

 لە ماوەی نزیكه‌ى 10 ساڵ مانەوە لە عیراقدا بووه‌ته‌ دۆست و ئاشنای زۆر له‌ ھونەرمەندان و گۆرانیبێژانى كورد، سوودى لە ئەزموون و ڕێنوێنییەكانیانى ئه‌وان وه‌رگرتووه‌.

 لە 14ی گەلاوێژی 1958 گەڕاوەتەوە بۆ ئێران، لەوێ چووە بۆ ڕادیۆی تاران، كرماشان و تەورێز و لەوێوە گۆرانی وتوه‌.

 له‌ ساڵى 1958 لە ڕادیۆی تاران لەگەڵ میدیا زەندی ئاشنا بووه‌ و پێكەوە ژیانی ھاوبەشیان پێكهێناوه‌، به‌رهه‌مى ئه‌و هاوسه‌رگیریشه‌ 2 منداڵ بووه‌ به‌ناوه‌كانى ئارەزوو و ساکار.

 زۆربەی بەرھەماكانی له‌ رادیۆى تاران لەگەڵ گەورەكانی موزیكیانى ئێرانی وەك: حسەین یاحەقی، حەسەن كەسایی، جەلیل شەھناز، جەھانگیر مەلەك و ئەحمەد عیبادی بووە.

 له‌ ئێران ماڵەكەی بردۆته‌ شاری بانە و لەوێ لە كانی مەلا ئەحمەد چایخانەیەكى كردۆته‌وه‌ و به‌رده‌وام بووه‌ له‌ گۆرانى وتن.

 دواتر چۆته‌ شاری مەھاباد و لە دواكاتەكانی ژیانیشیدا چوه‌ته‌ شاری شنۆ و ده‌ستى به‌كار كردووه‌.

 لە ساڵانی 1960 1961 لە شاری سلێمانی لە تیپی شانۆی ھونەرەجوانەكان، لەگەڵ سێوەخان و رەشۆڵ عەبدوڵڵا لە شانۆیى بووكی ژێر دەواری ڕەش، خەسوو یان ئەژدیھا و تەڕپیر بەشداری كردووە.

 له‌ نێوان ساڵانی 1964 تا 1964 لە ڕادیۆ كرماشان كاری كردووە، لەو ماوەدا لەگەڵ گەورەكانی موزیكیانى ئەو سەردەمە وەك موجتەبا میرزادە، محەممەد عەبدولسەمدی، ئەكبەر ئیزەدی و بەھمەن پوولەكی كاری كردووە و ئەو ھاوكارییە بووە ھۆی خولقاندنی بەرھەمی وا، كە وەك شاكارەكانی موزیكى ئەو سەردەمە یادگار ماون.

 لە ساڵانی 1967 – 1968 لە شاری سەقز ھۆتێلی سێ ئەستێرەی ھەبووە، كە بۆخۆی لەوێ گۆرانی گوتووە.

 یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی گۆرانییەكانی پشت بەستن بوو بە گۆرانی فۆلكلۆرى.

 سودى لە شیعری شاعیرانى وه‌كو نالی، وەفایی، سەید كامیل ئیمامی، كوردی، ھەردی، پیرەمێرد و هێمن وه‌رگرتووه‌.

 گۆرانی فارسی و ئازەریی وتوه‌ لەو جۆرە گۆرانییانەدا ھەڵبەستی كوردی تێكەڵاو كردووه‌.

 لەبەر بارودۆخی ئەستەمی ژیان لە خوێندن بێبەش بووه‌.

 توانای بێ‌ وێنەی لە ھۆنینه‌وه‌ى شیعری كوردی و دانانی موزیكى كوردی ھەبووه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى لە سەرانسەری كوردستان خۆشه‌ویست بێت و گۆرانیه‌كانى بوترێته‌وه‌.

 نە لە شاره‌كانى ئێران و نە لە عێراق خۆشى ژیانى نه‌بینووه‌، ھەڵسووكەوتی حكوومەتی ئێران كێشەی زۆری بۆ درووست‌ كردبوو، چونكه‌ دوای ماوەیەك ڕێگەیان نەدا له‌ رادیۆ تاران گۆرانى بڵێت و له‌ شارى بەغدا دەستببەسەر كرا و لە بەندیخانە ئەشكەنجە دراوه‌، خۆی باسى له‌وه‌ كردووه‌، كە لە بن‌ میچ ھەڵواسراوە و لێردراوە، بۆیە دوای ڕزگاری بوونى ڕەوانەی ئێران كراوه‌ته‌وه‌، بەڵام لە ئێرانیش ساواك گرتویه‌تى و ئەشكەنجەی زۆریان داوه‌.

 لە ماوەی 51 ساڵی تەمەنیدا چەندین شاکاری هونەری لە ڕادیۆکانی ئێران و عێراقدا تۆمارکردووە، لە بەشی کوردی ڕادیۆی بەغدا زیاتر لە 75 بەرهەمی تۆمارکردووە، لە ڕادیۆی تاران 39 گۆرانی، لە ڕادیۆی کرماشان 84 گۆرانی تۆمارکردووە، 212 بەرهەمی هەیە کە لە دانیشتنەکاندا لە شارەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆماری کردوون، زیاتر لە 60 مقامی هەیە کە لەگەڵ بەستەی گۆرانیەکاندا تێکەڵکردووە.

 بۆ گۆرانییەکانی هۆنراوەی نالی، وەفایی، کوردی، هەردی، هێمن، پیرەمێردی بەکارهێناوە، هەندێکیشیانی بەشارەزایی خۆی و بەپێی گونجانی لەگەڵ ئاوازەکەدا دەستکاریی کردووە، ئەو دەستکاریی و شارەزاییەشی لە گۆرانی نەورۆزدا دەردەکەوێت.

 ئاوازی گۆرانییەکانی لە چوار تا پێنج تۆنی دەنگ پێکهاتووە، کە ئەمە یەکێکە لە سەرەکیترین تایبەتمەندییەکانی گۆرانییە فۆلکلۆریە کوردییەکان، لە کەمترین گۆرانیدا حەوت یا هەشت تۆنی دەنگ بەکارهاتووە، هەروەها گشت جۆرەکانی چواریلەکانی میوزیکی کوردی بەکارهێناوە.

 به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌ ئۆتۆمبێل له‌ لاوێكى گوندی قوڕەدەرێ بە ناوی مەحموود نارنج ده‌دات و مه‌حمود گیان لەدەستدەدات، لەترسان سەری خۆی ھەڵگرتووه‌ و روى كردۆته‌ باشورى كوردستان و دواتر چوه‌ته‌ شاری بەغدا و لەوێ بە ھۆی چەند كەسێك لە میوانخانەی شومال ئەلكەبیر دادەمەزرێ. لەوێش دەست دەكات بە گۆرانی وتن.

 لە ساڵی 1971 تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووه‌، بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر له‌سه‌ر جێگه‌ كه‌وتووه‌.

 له‌ ساڵی 1972 له‌ ته‌مه‌نى 51 ساڵیدا له‌ نه‌خۆشخانه‌ى شارى بۆكان كۆچى دوایى كردووه‌ و لە شاخی ناڵەشكێنە له‌سه‌ر وه‌سێتى خۆى بەخاك سپێردراوە.

ئێستا گۆڕەکەی بووه‌ بە زیارەتگای لایەنگران و ئەویندارانی.

زیرەک زۆرت کرد خزمەتی ھونەر

ژینت لە پێناو ھونەر بردە سەر

رۆژگارت ساتێ بە بێ خەم نەبوو

بەڵام لە ھونەر ھیچت کەم نەبوو

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران

زیره‌ك زۆرت كرد خزمه‌تی‌ هونه‌ر، ژینت له‌پێناو هونه‌ر برده‌ سه‌ر، هه‌رچه‌ند له‌ ژیندا هیچ خۆشیت نه‌بوو، به‌ڵام له‌ هونه‌ر هیچت كه‌م نه‌بوو

  • 1
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌