یەکشەممە - 16ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

0

ئیبراھیم خەیات

ئیبراهیم محەمەد موستەفا ناسراو بە ئیبراهیم خەیات ساڵی‌ 1931 شاری سلێمانی له‌ باشووری‌ كوردستان لەدایکبوو.

هونەرمەندی گۆرانیبێژ و مەقامبێژ بوو.

تەمەن یەك ساڵان بووە، كە باوكی كۆچی دوایی كردووە. لە تەمەنی شەش ساڵیدا ئەچێتە قوتابخانە؛ لەبەر هەژاری دەست لە خوێندن هەڵدەگرێت و لای وەستا تۆفیقی برای ئەبێت بە شاگردی خەیات. ئیبراهیم له‌ ساڵی‌ 1956 ژیانی‌ هاوبه‌ش پێك دێنێ‌.

هەر لە سەردەمی لاویدا بووە بە ئەندامی تیپی مۆسیقای مەولەوی و چەندین بەرهەمی لەگەڵدا ئامادەكردوون. لە شۆڕشی چواردەی تەمووزدا سروودی نیشتمانی ووتووە. هەروەها گۆرانی بۆ خۆشەویستی وتووە. لە ساڵی 1958 بانگ هێشت كراوە بۆ ڤییەنا، كە هەموو تیپە لاوەكانی جیهان بانگێشت كرابوون و ئەمانیش بەشداریان كردبوو، كە سروودی نیشتمانیان وتەوە لەوێ. دواتر بووە بە ئەندامی تیپی موزیكی سلێمانی وهەموو تیپە موزیكییەكانی بە تیپی خۆی زانیوە. لە ساڵەكانی 1960دا لە ڕادیۆی بەغداد چەندین ‌گۆرانی تۆماركردووە؛ لەوانە: بۆ ڕەنجەڕۆت كردم، ئیستعماری گەڕ، حیلفی بەغداد، تۆ جوانتری لەگوڵ و خۆشم ئەوی ووڵاتەكەم.

بەدەگمەن دەستی بۆ وتنی سروود بردووە، بەڵام سرووده‌كانی‌ تایبه‌تن.

خاڵێكی دیكەی جێگای باسی هونەری ئەم هونەرمەندە، شێوازی گۆرانی وتنی بووە؛ وەك چۆن لەهەڵبژاردنی هۆنراوەدا توانیویەتی زانایانە هەنگاو بنێ، ئاواش لەدەربڕینی دەنگدا وەستایانە جوڵاوەتەوە. لەگەڵ كێشی هۆنراوەدا، دەنگ و سۆزێكی تایبه‌تی‌ داوە بەگوێی بیسەراندا.

گۆرانییەكانی ئیبراهیم خەیات‌ تەنیا شوێنی لەسەر خەڵك دانەناوە، بەڵكوو بووە بەھەوێنی خوڵقاندنی گەلێك بەهرەی دیكە لەنێو خێزانەكەیدا.

لە ناوەرڕاستی هەشتاكاندا كە گۆرانی ئێمەن گیانێكینی تۆمار كرد لە تەلەفزیۆنی كەركووكدا بڵاوكرایەوە، ئیبراهیم خەیات زیاتر لە 100 گۆرانی پێشكەشی گەلی كورد كردووە، كە دواهەمین بەرهەم بەناوی سەرنج بوو.

ھونەرمەند ئیبراھیم خەیات لە ساڵی 2005دا كۆچی‌ دوایی‌ كرد.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌