هەینی - 31ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

24

ئیسماعیل مەسقەتی

ئیسماعیل مەسقەتی یان ئیسماعیل مەسقەدی ھونەرمەندی تارژەن و گۆرانیبێژێکی کوردی خەڵکی شاری کرماشانە کە بە زاراوەی کوردیی کرماشانی گۆرانیی خوێندووە.

ئیسماعیل مەسقەتی لە ساڵی 1301ی کۆچیی ھەتاوی لە شاری کرماشان لە دایک بوو. باوکی موحەممەد ئیبراھیم کوڕی موستەفاخانی وەکیل لە قوتابیەکانی تارژەنی گەورە، میرزا ئاقاخانی باوک بوو. لە تەمەنی 12 ساڵی بە ژەندنی ئامێری زەرب پێی ھیشت بە جیھانی مووسیقا و لە تەمەنی 18 ساڵی بۆ یەکەم جار ئامێری تاری ژەند.

ماوەیەک مامۆستاکانی گەورەی تاری ئێران وەکوو مورتەزا نەیی داوود و یەحیا زەڕینپەنجە لە کرماشاندا بوون و ئیسماعیل مەسقەتی لەو ماوە بوو بە قوتابییان. بە دوای ئەوە بۆ کەڵک وەرگرتن لە ھونەری ئەبولحەسەن سەبا چوو بۆ تاران. مەسقەتی گۆتووە ھەموو گۆرانی کوردیەکانی بە دەستی ئەبولحەسەن سەبا نۆتنووسی کراونەتەوە. ھەمووی گۆرانی کوردیەکانی کە بە دەستی سەبا پێک ھاتبوون لە ئەرشیڤی ڕادیۆ کرماشانەوە، نابوود کراون؛ بەڵام مەسقەتی ھەموویان لە بیر کردبوو و تا ڕۆژە دواھەمینەکانی تەمەنی لە بیرەوە دەیانژەند.

مەسقەتی بە دوای فێربوونی تار لە لای ئەبولحەسەن سەبا ھاتەوە بۆ کرماشان و لە کاتی دامەزراندنی ڕادیۆی کرماشان ھەتا شۆڕشی 1357ی ئێران لەگەڵ ئەم ڕادیۆ و ئۆرکستێرەکەی ھاوکاریی کرد. مەسقەتی لە لێدانی تار لە ھیچ کەسێک لاساییی نەدەکرد و خاوەنی شێوەی تایبەت بە خۆی بوو و ھەروەھا یەکێک لە مامۆستایانی ھەرە لێزانی بیداھەژەنی بوو. بێجگە لە تار، لە ئامێرەکانی دێکەی مووسیقا وەکوو سێ تار، عوود، ڤیۆلۆن، زەرب، دەف، و دایرەیش شارەزا بوو.

ئیسماعیل مەسقەتی گۆرانیەکانی ھەرە ناسراوی بە وەێنەی کچە‏کچە، نازەنینە، بەو بەو و جەمیل جەمیلە خوێندووە؛ بەڵام گەھا ناسراوترین گوورانیی پەپۆ سلێمانیە کە ھێشتا لە ناسراوترین گۆرانیەکان بە زاراوەی کوردیی باشووری دێتە ئەژمار. ئیسماعیل مەسقەتی لە ساڵەکانی دوای شۆڕشی 1357ی ئێران بە وێنەی ھەموو ھونەرمەندە کوردەکانی دێکە، ئێزنی بۆ گۆرانیگۆتن نەبوو و بە ھۆی نەداری لە چێشتخانەیەک لە کرماشان، تاری لێدەدا. بەڵام لە ساڵەکانی دواھەمینی تەمەنی، چەندین گۆرانی بازخوێنی کرد و تەنانەت کۆنسێرتیش بەڕێوەبرد کە یەکێک لە کۆنسێرتەکانی لە شاری سلێمانی بوو.

ئیسماعیل مەسقەتی له‌ ساڵی‌ 1387ی ھەتاوی، لە کرماشاندا کۆچی دواییی کرد و لە گۆرستانی باخی فیردەوسی شاری کرماشان بە خاک سپێردرا.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌