دووشەممه - 10ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

1

کەریم کابان

 عەبدولکەریم جەلال مەحموود عەزیز کابان ناسراو به کەریم کابان ، گۆرانیبێژ، لە ساڵی 1927 لە گەڕەکی شێخان لەشاری سلێمانی لەدایکبووە.

 لە تەمەنى منداڵیدا خراوەتە بەر خوێندنى ئاینی.

 دواى خوێندنى ئاینى لە قوتابخانەی فەیسەڵییە خوێندویەتی.

 لە دواى تەواوکردنى خوێندنى سەرەتایى بووە بە پۆلیس.

 سەرەتای کاری هونەریی بۆ ئەو کاتانە دەگەڕێتەوە کە لە تیپی سروودی قوتابخانەکاندا بووە.

 لە ساڵی 1941 یەکەمین گۆرانی لەو ئێزگەیەدا وتووە، کە ئینگلیزەکان لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانییدا دایانمەزراندووە.

 هەر لەم ماوەیەدا یەکەمین گۆرانى خۆى بەناوى لە رێى دڵدارى بۆ رادیۆى بەغدا تۆمارکردووە.

 لە ساڵی 1945 دەبێتە بەڕێوەبەری بەشی کوردی لە رادیوی بەغدا.

 لە رۆژى 1/7/1945 لەشاری بەغدا ئاهەنگێکی گەورەى ئەنجامداوە.

 لە ساڵى 1945 یەکەم بەرهەمی خۆی بڵاوکردۆتەوە کە لە 8 گۆرانى پێکهاتووە.

 لە سەرەتاى پەنجاکاندا، ژیانى هاوسەرى پێکهێناوە، خاوەنى 3 سێ کوڕ و 3 سێ کچ بووە.

 لە بوارى ئاوازداناندا کارى کردووە و ئاوازى بۆ زۆربەى گۆرانیەکانى خۆى و چەند گۆرانییەکى قادر کابان و عوسمان عەلى و چەند هونەرمەندێکى تر داناوە.

 لە ساڵى 1963 بەهۆى هەستى نیشتمانپەروەرى بۆ ماوەى 6 شەش ساڵ تاکو ساڵى 1969 بۆ شارەکانى ناوەڕاست و خواروى عێراق دوورخراوەتەوە.

 لە ساڵى 1974 پەیوەندى بە شۆڕش کردووە و چەند بەرهەمێکى لە رێى رادیۆى دەنگى کوردستان بڵاوکردۆتەوە.

 لە دواى نسکۆى شۆڕش جارێکى دیکە بۆ شارەکانى ناوەڕاستى عێراق دوورخراوەتەوە، بەم هۆیەشەوە لە کارە هونەرییەکانى دابڕاوە.

 لە دواى راپەڕین و بەهۆى کۆڕەوى گەلى کورد، رووى لە رۆژهەڵاتى کوردستان کردووە و لەلایەن هونەرمەندان و هاووڵاتیانەوە پێشوازى لێکراوە و لە ئۆردوگاى سەردەشت چەند گۆرانیەکى وتوە.

 لە شارى سنە بەشدارى فێستیڤاڵێکى گەورەى شارەکەى کردووە.

 لەماوەى ژیانی هونەریدا لە چەندین ئاهەنگ و فێستیڤاڵدا بەشدارى کردووە.

 چەندین جار لە پاى ئەو خزمەتەى پێشکەشى کردووە خەڵات کراوە.

 زیاتر لە نیو سەدە کاری هونەری ئەنجامداوە.

 لە ساڵى 2008 لەلایەن بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ بۆ بەرزراگرتنى خەباتى هونەرى پەنجا ساڵەى خەڵاتى ئاڵتونى پێبەخشراوە.

 ئەو کاتەى لە ژیاندا بوو خەڵاتى بلەى پێبەخشراوە.

 لە پارکى ئازادى لە شارى سلێمانى پەیکەرێکى بۆ دروستکراوە و بەدەستى خۆى پەردەى لەسەر پەیکەرەکە لاداوە.

 لەژیانی ھونەریشدا ئەگەرچی بەرھەمی زۆری نەبووە، بەڵام بەو چەند بەرھەمەی کە ھەیەتی توانیویەتی زۆرترین ھەوادار کۆبکاتەوە.

 لە ساڵى 2016 لە تەمەنی 89 ساڵی لە نەخۆشخانەى شار لە شارى سلێمانى کۆچی دوایی کردووە.

  لە ساڵى 2019 هونەرمەندان و نووسەران و هاووڵاتیانى کوردستان رێگەیان نەدا ماڵەکەى بڕوخێندرێت و بکرێت بە باڵەخانە، بەڵکو داواکار بوون بکرێت بە ناوەندێکی کەلەپوری بۆ خزمەتکردنی هونەری کوردی و کەل و پەلەکانیشى لەوێدا هەڵبگیرێن و بپارێزرێن.

 خاوەنی زیاتر لە 20 بیست گۆرانی تۆمارکراوە.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌