شەممه - 17ی خەرمانانی 2724

کۆی دەنگەکان

0

محەممەدڕەزا دارابی

محەممەدڕەزا دارابی له‌ ساڵی‌ 1951 زایینی (1330ی هەتاوی) لە شاری کرماشان لەدایک بووە.

لە بواری ئێلێکتڕۆنیک درێژەی بە خوێندن دەدات.

محەممەد ڕەزا دارابی، دەستپێکی کاری هونەریی ساڵی 1350 (1971) لەگەڵ ئۆرکێستری تایبەتیی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی کرماشان بووە. ئەو ئۆرکێسترای کە بە دەیان بەرهەمی ڕەسەنی کوردی بۆ نەتەوەی کورد تۆمار کردووە.

هاوکات لەگەڵ ئۆرکێسترار فەرهەنگ و هونەری پارێزگای کرماشان هاوکاری دەکرد.

شارەزای ئامێرەکانی "تار و سێتار"ە و هاوکات سەنتوور و زەربیش دەژەنێت.

جیا لە شێوازی ڕەسەنیی ئێرانی کە تێیدا لە زەبر و بەتوانایە و گەر ئەو ڕێچکەیەی گرتبایە بەر، دەکرا یەک لە هونەرمەندە هەرە بەناوبانگەکانی ئێران بوایە، بەڵام دڵسۆزی و ئەوین بە هونەر و فۆلکلۆری گەلەکەی و بەتایبەت زاراوەی کەلهوڕی وای لێدەکات لەو بوارەدا خزمەت بکات کە بەرهەمی ئەو ماندووبوونەیان، کۆ کردنەوە و زیندووڕاگرتنی دەیان هەوا و گۆرانی ڕەسەنی کوردین بەتایبەت بە شێوەزاری “کەلهوڕی”ـ کە لە کۆی شەش ئەلبوومدا تۆماری کردوون، کە بریتین لە: گلارە، شوور شیرین، سورمەی خەیاڵ، مەهجوری، ڕەقس پەروانە و ژینا

مامۆستا دارابی لە کوردستان و وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌ کۆنسێرتی هەبووە و بە دەنگی خۆش و هونەری ڕەنگینیان ئاوپڕژێنی دڵ و ڕۆحی عاشقانی خۆی و ئەویندارانی زمانی کوردی و هونەری کوردی کردووە لە: کەنەدا، ئیتالیا، ئاڵمان و سلێمانی لە باشووری کوردستان.

مامۆستا دارابی لە زۆر فێستیڤاڵ و بۆنەی هونەری دا بەشداری کردووە و چەندین پلە و خەڵاتی بەدەست هێناوە و زۆر خەڵاتی وەرگرتووە و ڕێزی لێ گیراوە. پوختەیەک لەو سەرکەوتنانە بەو شێوەیەن:

لە فێستیڤاڵی گشتیی میوزیک لە ئێران لە ساڵی 1367 (1988) لە نیوان 90 گرووپی میوزیک وەک گۆرانیبێژی تاقانە هەڵدەبژێردرێت و دیپڵۆمی ئیفتیخاری ئەو فێستیڤاڵەی پێشکەش کراوە.

لە یەکەمین فێستیڤاڵی میوزیکی نەتەوەکانی ئێران بە ناوی “هەم‌ئاوایی” لەوحی سپاس و پێزانینی پێشکەش کراوە.

لەلایان کۆمەڵەی ماڵی مۆسیقا ئێرانەوە لەوحی سپاس و پێزانینی پێشکەش کراوە.

لەلایان ئاکادێمی (T.D.K) لە وڵاتی ئاڵمان بڕوانامەی هونەریی پێشکەشی کراوە.

لەلایان زانکۆی یۆڕک / YORK لەوحی ڕێزلێنانی پێشکەش کراوە.

لەوحی ڕێزلێنان لەلایان فێستیڤاڵی سن لۆرێنزۆ/ SAN LORENZO لە وڵاتی ئیتالیا پێشکەش کراوە.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌