دووشەممه - 10ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

1

عوسمانە سوور

عوسمان محەممەدی ناسراو بە عوسمانە سوور ساڵی 1319 ی کۆچی ھەتاوی 1940 زایینی لە ئاوایی "ھەباساوا"ی نێوان بۆکان و میاندواو لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان

لە دایک بووە.

به‌ناوبانگترین نایه‌زه‌نی‌ كورده‌

دواتر ماڵیان دەگوێزنەوە بۆ ئاوایی "قەرەکەند"ی سەر ڕێی بۆکان مەھاباد.

عوسمانە سوور بە لاوێتی بە دیتنی مامۆستا قالەمەڕە کە ھامووشۆی ماڵە باوکی کردووە عاشقی شمشاڵ دەبێ. قالەمەڕە شمشاڵێکی بۆ دێنێ و دەڵێ دەبێ ببی بە شوان و لە بەر مەڕان خۆت فێر کەی. عوسمانەسوور دەڵێ ھەر کە بەھار داھات لە خۆشیی شمشاڵ بوومە شوان و ھەتا لە پاییزێکی سارددا شەرتم پەڕی ھەر فووم بە شمشاڵ‌دا کرد و فێری زۆر شت بووم. ساڵی دواتریش دیسان بوومەوە شوان و ئیدی تەواوێک فێری شمشاڵ لێدان بووم. ساڵەودوا بەڕێکەوت لە قاوەخانەی قەرەکەند خوالێ‌خۆشبوو قالەبەلەنجەی دووزەلەژەن دەبینێ و شەیدای دووزەلە و نایە دەبێ. شمشاڵ وەلا دەنێ و دێتە بۆکان و دەچێتە میاندواو و لەوێندەرێ دووزەلە و نایەیەک دەکڕێ. ساڵێک خۆیان پێوە ماندوو دەکا و تا ڕادەیەک ڕادێ. عوسمانی مینە مۆزی تەپڵچی پێشنیازی پێ دەکا بچنە عێڕاق. وێکڕا دەچنە سلێمانی.

عوسمانەسوور لەوێ ڕەگەڵ مامۆستا حەسەنی نەی و ھاوڕێیانی دەکەوێ و شتیان لێوە فێر دەبێ. پاش ھەشت مانگان دەگەڕێتەوە. عوسمانی مینە مۆز و عەبەچکۆڵی تەپڵچی نێوی "عوسمانە سوور"ی لێ دەنێن. بۆخۆی دەڵێ ئێستا ئەگەر پێم دەڵێن کاک عوسمان، یان ئاغای محەممەدی پێم ناخۆشە! عوسمانە سوور نیوسەدەیە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی لە موکریان دەنگی نایەی دەبیسترێ و دڵی تینووی کوردەواریی پاراو دەکات.

لەگەڵ زۆر ھونەرمەندی وەک حەسەن زیرەک، عەلی خەندان، برایمی قادری، خەباتی مەولوودی و... ھاوکاری کردووە و دووزەلە و نایەی بۆ لێداون. لە گەلێک کۆڕ و کۆبوونەوەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا بەشداری کردووە و ھەمیشە لە ڕیزی پێشەوە خەڵات کراوە. وەک بۆخۆی دەڵێ ھیچ ماڵ و حاڵێکی پێکەوە نەناوە و خاوەنی ھیچ سامانێک نییە، بەڵام خۆشەویستیی خەڵک و ئەو حورمەتەی لێی دەگرن بۆ ئەو بارتەقای ھەموو سامانی دنیایە و دڵی پێی خۆشە. عوسمانە سوور دەگەڵ پوورزایەکی خۆی ژیانی ھاوبەشی پێکەوە ناوە و خاوەنی چوار کوڕە.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌