پێنجشەممه - 6ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

21

قالە مەڕە

قادر محەممەد عەبدوڵڵازادە ناسراو به قالە مەڕە، ھونەرمەندی شمشاڵژەن، له‌ زستانى ساڵى 1925 لە گوندی کولیجەى شارى بۆکان لە بنەماڵەیەكی هەژار له‌ دایكبووه‌.

 ئه‌وكاته‌ى له‌ دایكبووه‌ باوكى كۆچى دوایى ده‌كات و باوكى خۆى نه‌بینووه‌.

 له‌ ساڵى 1931 لە تەمەنی 6 شه‌ش ساڵاندا دایكى کۆچی دوایی كردووه‌، ئه‌مه‌ش بوه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى به‌ منداڵى ژیانێكی سه‌خت به‌ڕێبكات.

 تەمەنی خۆی زیاتر بە شوانی و شمشاڵ ژەنی تێپەڕاندووە.

 لە لایەن شێخ محەممەد شێخی بورھان لە ناوچەی موكریان، نازناوی قالەمەڕەی پێبەخشرا، به‌هۆى ئه‌وه‌ى مێرمنداڵێكی زۆر ھێدی و ئارام بووە.

 له‌ سه‌رده‌مى گه‌نجێتیدا به‌ ڕێكه‌وت چاوى به‌ شمشاڵێكى مێژوویى به‌ده‌ستى پیره‌ پیاوێك ده‌كه‌وێت و پێنیازى بۆ ده‌كات له‌ به‌رامبه‌ر مه‌ڕێك ئه‌و شمشاڵه‌ى بداتێ و ئه‌و پیاوه‌ش قبوڵى ده‌كا و شمشاله‌كه‌ى پێ ده‌دات.

 له‌ ساڵی 1946 پەیوەندی بە کۆماری كوردستان كردووه‌.

 لە دوای لەسێدارەدرانی قازی محەممەدی، قاچاغ دەبێ و ھانا دەباتە ئەشکەوتی گوڵاڵە، دواتر پەنای بردۆته‌ لاى عەباس ئاغای سەرکەپکان و ئەحمەد ئاغای کۆیە.

 لە ساڵانی پەنجاکان و ساڵانی دواتر لە ناوەندەکانی رادیۆ و تەلەفیزیۆنی کرماشان، سنە، تاران، مەھاباد و ورمێ چەندین پارچە موزیکی به‌ شمشاڵه‌كه‌ى پێشكه‌ش كردووه‌.

 لەگەڵ ھونەرمەندی حەسەن زیرەک ھاوکاری ھونەری کرد و لە پێشکەشکردنی گۆرانییەکانیدا بە ئامێری شمشاڵ.

 دۆستایەتییەکی نزیکی لەگەڵ شاعیران ھەژار و ھێمن موکریانی دا ھەبووە.

 لە ساڵی 1978 بە نھێنی لەگەڵ جووڵانەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا كارى كردووه‌.

 لە ماوەی ساڵانی کار و خزمەتی ھونەری خۆیدا لە زۆربەی فێستیڤاڵە گرنگەکانی بواری ھونەری لە شاره‌كانى کرمان، سنە، کرماشان، ئیلام، ورمێ، مەھاباد، سەقز، بۆکان به‌شدارى كردووه‌.

 لە سەر بانگھێشتی خوێندكارانی كورد لە زۆربەی ھەرە زۆری رێوڕەسمی ساڵیادى كارەساتی كیمیابارانی ھەڵەبجە لە زانكۆكانی ئێران ئامادە بووە.

 له‌ ساڵى 1993 خه‌ڵاتى باشترین و ته‌كنیكیترین شمشاڵژه‌نى له‌ ئه‌ڵمانیان پێبه‌خشراوه‌، به‌ڵام به‌هۆى هه‌ژارییه‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ سه‌ردانى ئه‌ڵمانیا بكات و خه‌ڵاته‌كه‌ وه‌ربگرێت.

 لە ساڵی 2002 لە شارى سلێمانی خەڵاتی ئەنفالى پێبه‌خشراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ دەیان خەڵاتی دیكه‌ لە لایەن زانكۆكان و ناوه‌نده‌ ئه‌ده‌بى و هونه‌رى و هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان.

 لەناو هونەرمەندانی ئێراندا نازناوی گەنجینەی گەڕۆكی پێدراوە، پێیان وابوو موزیكەكەی ئەو گەنجینەیەكی ڕەسەنایەتی كوردییە.

 شمشاڵەكەی زیاتر لە 150ساڵ تەمەنی هەبوو ئەو لە سەردەمی گەنجیدا كڕیبوی و لە ژیانی دا لە خۆی دووری نەدەخستەوه.

 زیاتر لە 170 مەقامی لەبەربووه‌.

 به‌ر له‌ مردنى وه‌سێتى كردبوو، كه‌ شمشاڵه‌كه‌ى له‌ یه‌كێك له‌ مۆزه‌خانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان وه‌كو میراتێكى كلتورى و هونه‌رى بپارێزرێت.

 له‌ ساڵى 2009 له‌ ته‌مه‌نى 84 ساڵى بە ھۆی نەخۆشییەکی درێژخایەن لە ماڵه‌كه‌ی خۆی لە لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کردووه‌ و له‌ مه‌راسیمێكى شایسته‌دا له‌ شارى بۆكان له‌سه‌ر وه‌سێتى خۆى لە داوێنی ناڵەشکێنە لە پەنای گۆڕی ھونەرمەند حه‌سه‌ن زیره‌ك به‌خاكسپێردراوه‌.

 له‌ دواى كۆچى دوایشى چه‌ندین په‌یكه‌رى له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانى شێوه‌كار بۆ دروستكراوه‌.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌