هەینی - 30ی سەرماوەزی 2724

کۆی دەنگەکان

7

سه‌ید ئیبراهیم سه‌قزی

سه‌ید ئیبراهیم ئیسماعیل زاده ناسراو به سه‌ی برایم سه‌قزی گۆرانیبێژ و هونه‌رمه‌ندی ناوداری كوردستان ساڵی 1327ی هه‌تاوی له گوندی حاجی له‌ك سه‌ر به ده‌ڤه‌ری میاندواو، له‌ داوێنی بنه‌ماڵه‌یه‌كی هه‌ژار و ده‌ستكورتی ناوچه‌ی چۆمی مه‌جیدخان دا له دایك بووه.

سه‌ید ئیبراهیم سه‌قزی هه‌ر له ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه له گوندی حاجی له‌ك نێردراوه‌ته به‌ر خوێندنی ئایینی و له حوجره و مزگه‌وتی گونده‌كه‌یاندا چه‌ندین ساڵ وه‌ك فه‌قێیه‌ك ده‌رس و وانه‌ ئایینییه‌كانی خوێندووه. ناوبراو هه‌ر له ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه و له ته‌نیشت فه‌قێیه‌تیدا له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی هاوگوندیی خۆی به ناوی عه‌لی خه‌ندان كاری هونه‌ری كردووه و ئه‌م دوو هاوڕێ هونه‌رمه‌نده پێكه‌وه به لێدانی زه‌رب و خویندنی گۆرانی و ده‌نگه خۆش و دڵگیره‌كه‌یان رازێنه‌ره‌وه‌ی به‌زم و ئاهه‌نگه‌كانی گوندی حاجی له‌ك و باقی گونده‌كانی ناوچه‌ی چۆمی مه‌جید خان بوون.

ناوبراو ساڵی 1340ی هه‌تاوی وازی له فه‌قێیه‌تی هێناوه و پاش به‌جێهێشتنی گوندی حاجی له‌ك رووی له شاری بۆكان كردووه، به‌ڵام پاش 3 ساڵ ئه‌و شاره‌شی جێهێشتووه و له ساڵی 1343ی هه‌تاوی هاتوه‌ته شاری سه‌قز و له‌و كاته‌وه تا ئێستا له‌ سه‌قز نیشته‌جێیه.

سه‌ید ئیبراهیم كاتێك هاتوه‌ته سه‌قز له‌م شاره تووشی مامۆستای پایه‌به‌رز حه‌سه‌ن زیره‌ك بووه كه ئه‌و كات له سه‌قز قاوه‌خانه‌ی بوو، ئه‌م دیداره گۆڕانكاریی گه‌وره به‌سه‌ر ژیانی سه‌ید ئیبراهیم دا هێناوه و حه‌سه‌ن زیره‌ك له هه‌موو بوارێكدا زۆری ئاگا لێ بووه و زۆر یارمه‌تی كردووه.

هه‌ر له‌گه‌ڵ هاتنی سه‌ید ئیبراهیم بۆ سه‌قز، حه‌سه‌ن زیره‌ك هه‌ست به توانایی و شاره‌زابوونی ناوبراو له ژه‌نینی ئامێری زه‌رب‌دا ئه‌كات و ناوبراو وه‌ك زه‌رب ژه‌نی تایبه‌تی ئاهه‌نگ و بۆنه‌كانی خۆی دیاری ئه‌كات و بۆ ماوه‌ی نزیك به 5 ساڵ هاوكاری هونه‌ریی نێوان ئه‌م دوو هونه‌رمه‌نده درێژه‌ی ئه‌بێت.

هاوكاری و خۆشه‌ویستی نێوان سه‌ید ئیبراهیم و حه‌سه‌ن زیره‌ك به‌مه‌شه‌وه ناوه‌ستێ و له ساڵی 1348ی هه‌تاویدا حه‌سه‌ن زیره‌كی هونه‌رمه‌ند خاتوونێكی گوندی ساحێبی سه‌قز به ناوی خاتوو فاتمه بۆ سه‌ید ئیبراهیم ئه‌بینێته‌وه و لێی ماره ئه‌كات.

توانای له‌ڕاده‌به‌ده‌ری سه‌ید ئیبراهیم له بواری ژه‌نینی زه‌رب و گه‌رم‌كردنی بۆنه و جه‌ژن و ئاهه‌نگه‌كان و به‌زمی بوونی ناوبراو ئه‌بێته هۆی ئه‌وه‌ كه ناوبانگه‌كه‌ی سنووره‌كانی ناوچه‌ی سه‌قز تێپه‌ڕێنێت و له زۆربه‌ی نزیك به ته‌واوی شار و شارۆچكه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بناسرێت و بۆ شایی و زه‌ماوه‌ند و جه‌ژن و ئاهه‌نگه‌كان بانگهێشت بكرێت.

هونه‌رمه‌ند سه‌ید ئیبراهیم سه‌قزی‌ له‌گه‌ڵ به‌شێكی به‌رچاو له هونه‌رمه‌ند ناسراو و به‌ناوبانگه‌كاندا كاری هاوبه‌شی كردووه

ناوبراو هه‌روه‌ها كاتی خۆی له لایه‌ن ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانی‌ سنه و كرماشان و هه‌روه‌ها ته‌له‌ڤزیۆنی‌ كوردساته‌وه بانگهێشت كراوه و به‌رنامه‌ی هونه‌ری و گۆرانی له‌م كه‌ناڵانه‌وه بڵاو كردوه‌ته‌وه.

ئه‌م هونه‌رمه‌نده پایه‌به‌رزه‌ی موسیقا و هونه‌ری فولكلۆر و ره‌سه‌نی كورده‌واریی به‌رده‌وام درێژه‌ به كاری هونه‌ریی ئه‌دات و به هاوڕێیه‌تی هونه‌رمه‌ند عوسمانه سوور رازێنه‌ره‌وه‌ی به‌زم و جه‌ژن و ئاهه‌نگه‌كانی خه‌ڵكی ناوچه‌ی سه‌قز و باقی ناوچه‌كانی كوردستانه و درێژه به هونه‌ره‌كه‌ی ئه‌دات.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌