یەکشەممە - 16ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

0

شەماڵ سائیب

شەماڵ سائیب له ساڵی‌ 1931 دا لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و سەبارەت بەوەی کە باوکی قایمقام بووە و لە زۆر لە قەزا و کاروفه‌رمانی دیوە، بۆیە‌ شەماڵ لە منداڵییەوە لەگەلێک شار و شارۆچکەی کوردستاندا ژیاوەو چاوی کراوەتەوە و دوای تەواوکردنی قۆنا‌غی خوێندنی سەرەتایی، چۆتە کۆلیژی مەلیک فەیسەڵ لە بەغدا کە قوتابخانەیەکی دواناوەندیی بوو و بەزمانی ئینگلیزی وانەی تێدا دەخوێندراو تەنیا قوتابییە یەکەمەکانی عێراقی وەردەگرت.

دوای تەواوکردنی قۆناغی خوێندنەکەی لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان وەرگیراوە و لە 1951 ز دا کۆلیژی ئاداب بەشی مێژوو لە زانستگای بەغدا وەرگیراوە و لە ساڵی 1956 ز دا خوێندنی زانکۆی تەواوکردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە مێژوو وەرگرتووە و کراوە بە مامۆستا لە دوا ناوەندی ئەعزەمییە‌ی کوڕان و لە ساڵی 1959 ز دا بووەتە مامۆستای بابەتی ڕۆشنبیریی مۆسیقا لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی بەغدا.

لە دوا دوای ساڵی 1963 ز دا چۆتە ئەمەریکا بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵاو بڕوانامەی ماستە‌ری لە ئەدەبدا وەرگرتووە و کە گەڕاوەتەوە کوردستان لە ساڵی 1971 ز دا لە زانستگای سلێمانی کراوە بە مامۆستای یاریدەدەر لە کۆلێژی ئاداب و کە ئەو زانستگایە گوێزرایەوە بۆ ھەولێر و کراو بە زانستگای سەلاحەددین ئەمیش گوێزاوەتەوە بۆ ئەو زانستگایە تاکو کۆچی دوایی کردووە.

شەماڵ سائیب لە سەردەمی منداڵیەوە فێری عود ژەنین بووە و لە سەرەتای ژیانی ھونەریدا لاسای مۆسیقازان و گۆرانیبێژی میسری فەرید ئەترەشی کردۆتەوەو لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووش بۆتە خاوەنی ھونەرو دەنگی تایبەتی خۆی و ئاوازی نوێی بۆ گەلی گۆرانی تازە داناوەو گوتوونی و سوودێکی زۆری لە شێعرو ئاوازی فۆلکلۆری کوردیش وەرگرتووە.

ئەم ھونەرمەندە لە ساڵی 1956 ز و وەک دەنگێکی نوێ و ھونەرمەندێی نوێکار ھاتۆتە گۆڕەپانی ئاواز و گۆرانی کوردی و گەلێک گۆرانی کوردی و گەلێک گۆرانی سەرکەوتووی وەک شوانە ھۆ شوانە و بەردە بەردە و ھاتی بۆ ھاتی و ھاتم ھاتم و ھەرە لەیلێ و جوان ئێمە جوانین و بارزانی و زولەیخای داناو بەدەنگە خۆش و زۆڵاڵەکەی گوتنی و سەرکەوتنێکی گەورەی وەدەستھێنا.

لە ساڵی‌ 1986 دا شەماڵ سائیب لە ئەنجامی نەخۆشییەکی درێژخایەن لە ھەولێر کۆچی دواییکرد و تەرمەکەی برایەوە سلێمانی و لە گۆڕستانی بنەماڵەکەیان نێژرا.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌