کۆی دەنگەکان
0
سلێمان حەسەن
سلێمان حاجی حەسەن، موزیسیان، لە ساڵى 1969 لە خێزانێکی رۆشنبیر لە رانیە لەدایکبوە.
لە ساڵى 1981لە خولێکی فێربونی موزیک تێکەڵی کاری هونەریی و موزیک بوە.
لە ساڵى 1982بەشداریی یەکەمین چالاکیی هونەریی کردوە.
بۆ پەرەپێدانی هونەرەکەی، زۆر خولیای بوە لە دوای تەواوکردنی قۆناغی ناوەندییەوە بچێتە پەیمانگای هونەرەجوانەکان، بەڵام بە هۆی بارودۆخی ئابوریی خێزانەکەیەوە، ئەو خەونەی نەهاتۆتەدیی.
ئارەزومەندانە و بە عەشقێکی زۆرەوە، خۆی پەرەی بە بەهرە و تواناکانی داوە و بەردەوام سەرقاڵی راهێنان و خۆپەروەردەکردنی موزیک بوە، هاوکات بەردەوام خوێندویەتییەوە و هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیریی و مەعریفیی خۆی داوە.
ساڵانە بەشداریی لە چالاکیی قوتابخانەکاندا کردوە.
ساڵانی هەشتای سەدەی رابردو و دوای راپەڕینیش بەشداریی چەندین فێستیڤاڵ و ئاهەنگ و چالاکیی هونەریی تیپی مۆسیقای کێوەڕەش، تیپی مۆسیقای رانیە کردوە لە رانیە و شار و شارۆچکە جیاوازەکانی کوردستان و عیراقدا، لەوانە: رۆژی جیهانیی موزیک، جەژنی نەورۆز، ساڵیادی پێنجی ئازار، ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، رۆژی جیهانیی کرێکاران، 25ی رێبەندان، 26ی گەلاوێژ، ساڵیادی حزبی شیوعیی...
هاوکاری تیپی مۆسیقای زۆزگی منداڵانی رانیە بوە.
لە چەند بەرهەمێکی هونەریی جیاوازدا بەشداریکردوە، چ لە تۆمارکردنی سرود و چ گۆرانیی.
لە کۆڕەوەکەی 1991دا، وەک هەڵوێستێکی نیشتمانیی و رۆشنبیرانە، هەمو ئامێرەکانی تیپی مۆسیقای رانیەی بردۆتەوە ماڵەوە و لە فەوتان و دەستی تاڵان پاراستونی.
لە ساڵى 1992ئامادەیی بازرگانیی رانیەی تەواوکردوە.
ئەندامی حزبی شیوعیی بوو.
ساڵى 1993 لەبەردەم مزگەوتی نەوڕەسیی لە رانیە تێرۆرکراو بوە قوربانیی بەرگریکردنی لە هونەر و کەلتور و موزیک و جوانییەکانی ژیان، دژی داخران و تاریکیی و مەرگدۆستیی.