یەکشەممە - 9ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

0

تەحسین تەھا

تەحسین تەھا لەدایکبووی 1941 گۆرانیبێژی کوردی لە دایک بووی ئامێدیییە. تەحسین تەھا لە چەند بەرھەمێکی شانۆییش نواندنی کردووە.

چونکە باوکی فەرمانبەر بووە، لەگەلێک شارو شارۆچکە و ناوچەی دەڤەری بادینان ژیاوە، بۆیە تەحسین خوێندنی لە ناوچەی مانگیش و باتووفە و شاری دھۆک تەواوکردووە و دوای خوێندنی قۆناغی ناوەندی، چووەتە بەغداد و لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان وەرگیراوە و خۆی فێری ئامێری عوود ژەنین کردووە و پڕۆڤەشی لەسەر سترانبێژی کردووە و ھاتوچۆی ئێستگەی ڕادیۆی کوردی کردووە لە بەغداو سترانی بەسۆزی لەو ئێستگەیەدا پێشکەش بە گوێگران کردووە.

تەحسین تەھا لە ساڵی 1958، یەکەم گۆرانی خۆی بەناوی «ئەشکەرا ناکەم یا لبەر ڤی دلی» بڵاوکردەوە.

تەحسین تەھا لە ھاوینی 1964دا خوێندنی ھونەرە جوانەکان تەواو دەکات و بۆ پاییزی ئەو ساڵە دەکرێت بە مامۆستای پەروەردەی ھونەر لە قوتابخانەی مەخمووری سەرەتایی لە پارێزگای ھەولێر گەلێک چالاکی ھونەریی لەبواری مۆسیقا و سروودی نیشتمانی لە و شارۆچکەیەدا دەنوێنێ و بزوتنەوەی شانۆش لە شارۆچکەکە پێش دەخات و ماڵەکەشی دەکاتە مەڵبەندێکی ھونەریی و یانەی مۆسیقازان و گۆرانیبێژانی کورد.

تەحسین لە ساڵی 1968 دا دەگوێزێتەوە بۆ شاری ھەولێر و لە قوتابخانەی یەکەمی نموونەیی ھەولێر دەکرێت بە مامۆستای سروود و مۆسیقا، گیانی ھونەریی لەنێو قوتابییەکانیدا پەروەردە دەکات و لە دەرەوەی قوتابخانە‌شدا لەگەڵ دەستەیەک لە مۆسیقازان و ھونەرمەندی ئەم شارە تیپی ھونەری ھەولێر دادەمەزرێنێت.

ھونەرمەند تەحسین تەھا لە بەشی چالاکی ھونەریی سەر بە بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی ھەولێر دەکرێت بە ڕاھێنەری مۆسیقا و سروودی قوتابخانەکان و دەستەیەکی باش لە قوتابییەکانی فێری مۆسیقا دەکات.

ئاوازەکانی ئەم ھونەرمەندە پتر لە ئاوازی میللی و کەلەپووری ھونەری نەتەوایەتی کوردەوە وەرگیرابوون و گیانی ژیانی گوند و لادێیان پێوە دیاربوو، ھەموویان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەڤین و خۆشەویستییەوە سەریان ھەڵدابوو زۆربەی ئەو ئاوازانەیشی لەسەر مەقامی بەیات دەگوتران، چونکە لەگەڵ دەنگە بەسۆزە‌کەی دەگونجا.

تەحسین تەھا لەو سەردەمەی باری کوردستان سەخت بوو چووە وڵاتی ھۆڵەندا و چەند ساڵێک لەو وڵاتەدا ژیا، تاکو لە 28ی ئایاری 1995 دا لە نەخۆشخانەیەکی ئەو وڵاتە بەنەخۆشی دڵ کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی لە 4ی حوزەیران گەیشتەوە کوردستان و لە ئامێدی بەخاک سپێردرا.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌