چوارشەممه - 5ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

44

ئەحمەد موفتی زادە

ئەحمەد موفتی زادە، کوڕی مەولانا مەحموودی موفتی لەساڵی 1312 کۆچی هەتاوی (1933) لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە دنیا هەڵێنا.

لە تەمەنی هەرزەکاریدا بۆ فێربوونی زانستی ئیسلامی روویکردە باشووری کوردستان.

لە تەمەنی 18 ساڵی لە فێرگەی دینی مزگەوتی دارولئیحسانی شاری سنە لە شوێنی باوکی دادەنیشێت و دەبێتە مامۆستای وانە وتنەوە لە فیقه و ئوسول و کەلام.

لەساڵی 1337ی کۆچی هەتاوی بەرەو تارانی پایتەختی ئێران دەڕوات و لە بەشی کوردی رادیۆ تاران دەستی بەکار کرد، هەروەها لە تەمەنی 25 ساڵیدا لە شوێنی باوکی کە مامۆستای زانکۆی تاران بوو دەستی کرد بە وانە گوتنەوە لەو زانکۆیە و هەر ئەوکاتانە بوو کە ناوبانگی پەیدا کرد .

لەو ساڵانەدا بوو کە لەگەڵ چەند کەسێک لە شارەزایانی زمانی کوردی رۆژنامەی کوردستانیان بڵاو کردەوە لەساڵی 1342 ی کۆچی هەتاوی بەهۆی ئەندامێتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستان لەلایەن ساواکەوە دەستبەسەرکرا و خرایە زیندانەوە.

زیندانی کردنی ئەحمەدی موفتیزادە بە گوتەی خۆی دەستپێکی گۆڕانکاری بوو لە هزر و بیرکردنەوەی و لاپەڕەیەکی نوێی هەڵدایەوە لە ژیانی دینی ئەو کەسایەتییە و ئەوە بوو کە وەک رێبەرێکی دینی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناوبانگی پەیدا کرد.

لەدوای ئازادبوونی لە زیندان لەساڵی 1343-ی هەتاوی گەڕایەوە بۆ شاری سنە.

هەر لەو ساڵانەدا بۆ جارێکی دیکە و بەمەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشی هاوسەرەکەی رووی لە تاران کرد بەڵام دوای ماوەیەک مانەوە لە تاران و دوای کۆچی دوایی هاوسەرەکەی کە لە بنەماڵەی موهتەدییەکانی بۆکان بوو، گەڕایەوە شاری سنە و لە ساڵی 1356ی کۆچی هەتاوی و پێش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران مەدرەسەی قورئانی دامەزراند کە لە شاری سنە و مەریوان بە شێوەی قوتابخانەی قورئان دەستی بە کار کرد و خەڵکێکی زۆری ڕاکێشا؛ دوایی ناوی خۆی گۆڕی بۆ مەکتەبی قورئان و ئێستاکە وەکوو بزاڤێکی دینی لە رۆژھەڵاتی کوردستاندا درێژە بە چالاکی دەدات.

ئەحمەدی موفتیزادە کە لە لایەن لایەنگرانییەوە بە "کاکە ئەحمەد" ناو دەبرێت.

موفتی زادە لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران رێبەری بەشێکی خەڵکی لە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان خستە ئەستۆ و دواتر وەک رێبەرێکی مەزهەبی و نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناسێندرا.

لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و بێ هیوایی لەو بەڵێنانەی کە لەلایەن حکومەتی ئەو کاتەی ئێران پێدرابو و هەروەها ئەو ئاڵۆزیانەی لە کوردستان دروست بوو و وەک خۆی دەڵێت بۆ رێگریکردن لە براکوژی لە کوردستان، بەرەو کرماشان رۆیشت و دوای ماوەیەک رۆیشتە تارانی پایتەختی ئێران.

موفتیزادە بەهۆی ئەو گوتارانە کە دژی حکومەتی نوێی ئێران دەیدا و ئەو قسانەی کە لەبەرامبەر دەسەڵاتدارانی ئێران دەیکرد لەساڵی 1361ی کۆچی هەتاوی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە دەستگیر کرا و گواسترایەوە بۆ زیندانی ئێوین لە شاری تاران.

ئەحمەدی موفتیزادە دوای دە ساڵ زیندان بە چەندین جۆری نەخۆشی و شێرپەنجە لە زیندان هاتە دەرەوە و دوای سێ مانگ مانەوە لە نەخۆشخانەی ئاسیای تاران لە  ساڵی 1371ی هەتاوی (1993) کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی هێنرایەوە بۆ تەپەی شێ حەمە باقری شاری سنە و لەوێ بەخاک سپێردرا.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌