کۆی دەنگەکان
3
کاک ئەحمەدی شێخ
ئەحمەد مەعروف سەیدمستەفا سەیدئەحمەد ناسراو به کاک ئەحمەدی شێخ ساڵی 1207ی كۆچی بەرامبەر بە 1792ی زایینی لە گەڕەكی شێخانی ئێستای شاری سلێمانی لەدایك بووە.
كاك ئەحمەدی شێخ یان كاك ئەحمەدی سلێمانی، زانایەكی ئایینی بوە و یەكێكە لە ناودارانی تەریقەتی قادری.
كاك ئەحمەدی شێخ سەرەتا لای باوكی قورئانی خوێندوە، لەگەڵ كتێبە وردەكانی ئەو سەردەمە، دواتر و لەگەڵ زیادبونی تەمەنیدا، دەستی كردوە بەخوێندنی نەحو و سەرف كە دوو زانستی گرنگی زمانی عەرەبین.
بەردەوام بووە لە پرۆسەی خوێندنی ئایینی و پلەكانی زانستی بڕیوە و بوە بەزانایەكی باش بۆیە مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتوە، دواتریش ئیرشادی تەریقەتی قادریی لە باوكی وەرگرتوە و لە هەردوو بواری تەریقەت و كاری ئایینیدا خزمەتی كردوە، لە هەمان كاتیشدا دەستی داوەتە نوسین و وانەوتنەوە بە فەقێ و ئەو كەسانەی بە دوای زانست و فێربدووندا گەڕاون و فێرگەیەكی بۆ ئەو مەبەستە كردوەتەوە.
بێجگە لە كاری تەريقەت و وانەوتنەوە و ئیمامەت و وتاربێژی، كاك ئەحمەد رۆژانە كۆڕی ئامۆژگاریی هەبوە و خەڵكی لە ئایین و كاروباری ژیان هۆشیار كردوەتەوە، هەروەها بەردەوام نوسراوی ناردوە بۆ شار و گوند و كۆچەرییە دەوارنشینەكانی ناوچەكە كە بە مەكتوبات ناسراون، بۆ ئەوەی لە ڕەگ و لقەكانی ئایینی ئیسلام حاڵی و شارەزایان بكات و رێگای راستیان بۆ روون بكاتەوە.
بەپێی سەرچاوەكان كاك ئەحمەد 99 مەكتوبی نوسیوە و ناردویەتی بۆ شوێنە جیاجیاكان و نێردراوەكانی راسپاردوە ئەو مەكتووباتانە بنوسنەوە و رێنمونیی خەڵكیان پێ بكەن.
كاك ئەحمەدی شێخ تا كۆتایی ژیانی بەردەوام بوە لە خزمەتكردن و پەروەردەی ئایینی و ئامۆژگاریكردنی خەڵك، هەتا سەرئەنجام ساڵی 1305ی كۆچی بەرامبەر بە 1887ی زایینی لەگەڕەكی شێخانی سلێمانی لە تەمەنی 95 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە و لە مزگەوتی گەورە بەخاك سپێردراوە.