چوارشەممه - 5ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

2

مه‌لا عه‌بدوڵڵا حاجی قادر

مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵا كوڕی حاجی قادر له‌ ساڵی 1927 له‌ سلێمانی له‌ دایك بووه.

یه‌كێكه‌ له‌ زانایان و گه‌وره‌ پیاوانی شارباژێڕو سلێمانی.

مه‌لا عه‌بدوڵڵا بۆ خوێندن وه‌كوو نه‌ریتی ئه‌و سه‌رده‌مه ‌چۆته‌ حوجره‌ و مزگه‌وت و له‌ گوندی گه‌ڵاڵه‌ و سه‌فره‌دا ده‌ستی به‌خوێندن كردوه‌ به‌خوێندنی قورئان و فێربوونی عه‌وامل وته‌سریفی زه‌نجانی.

پاشان هه‌ر بۆ مه‌به‌ستی خوێندن روی كردۆته‌ شاری سه‌رده‌شت و مه‌هاباد و بۆكان و له‌ گوندی گۆرهۆمه‌ری رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان گه‌لێك ساڵان سه‌رقاڵی فێر بوونی عیلم و زانست بوه‌.

 له‌ماوه‌ی ژیانی فه‌قێیه‌تیدا زۆربه‌ی گوند و شارو شارۆچكه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان گه‌ڕاوه‌.

 له‌ساڵی 1944 دا له‌شاری كه‌ركووك په‌یوه‌ندی ده‌كات به‌ كۆمه‌ڵه‌ی ژ.ك و‌ هه‌ر بۆیه‌ دوای ئاشكرابوونی له‌ ساڵی 1946 له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌و ساله‌ی ڕژێمی عێراقه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێت و دور ده‌خرێته‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی بارزان و ده‌ستبه‌رسه‌ر ده‌بێت. به‌ڵام كه‌ هه‌واڵی ڕاگه‌یاندن و درووست بوونی كۆماری كوردستان ده‌بیستێت. خۆی له‌ چنگ پیاوانی ڕژێم ده‌ربازا ئه‌كات و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ شاری مه‌هابادی پایته‌ختی كۆماری كوردستان و له‌لایه‌ن قازی محه‌ممه‌ده‌وهه‌ ده‌كرێته‌ كادرێكی به‌ تواناو دڵسۆزی كۆمار.

له‌وێ چه‌ندین كه‌سایه‌تی ناودار و سیاسه‌تمه‌داری گرینگ ده‌ناسێت و په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌ویان له‌گه‌ڵدا دورست ده‌كات.

پاش چه‌ند مانگێك له‌لایه‌ن ساواكی ئێرانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێ‌ و به ‌تاوانی به‌شداریكردن له‌ كۆماری كوردستان چه‌ندین مانگ زیندانی كراوه‌.

 مه‌لا عه‌بدوڵڵا له‌دوای ئازادكردنی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ عێراق و ده‌بێته‌ مه‌لای گوندی سه‌فره‌ی شارباژێر و هه‌ر له‌وێش قوتابخانه‌ی ئاینی داده‌مه‌زرێنێت و چه‌ندی كه‌سایه‌تی ناودار له‌سه‌ر ده ستی ئه‌و و له‌لای ئه‌و فێری خوێنده‌واری بوون و شاره‌زاییان له‌ زانستی ئیسلامیدا په‌یدا كردوه‌.

مه‌لا عه‌بدوڵڵا چوار حه‌جی كردوه‌ و كه‌سێكی به‌ توانا و شاره‌زا بوو له‌ زمانه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی و فارسی. زانایه‌كی ڕه‌وان بێژ بووه‌ له‌ بواری شه‌رع و قه‌واعید و مه‌نتیقدا.

 سه‌ره‌ڕای ئه‌و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی كه‌ به‌هۆی كاری سیاسیه‌وه‌ چه‌شتویه‌تی و یه‌خه‌گیری بوه له‌ كۆماری كوردستان، به‌ڵام وێرای ئه‌وه‌ش له‌ شۆڕشی ئه‌یلوولدا وه‌كوو كادرێكی دڵسۆز له‌ناو ڕیزه‌كانی شۆڕشدا ڕۆڵی گرنگی هه‌بووه‌.

له‌ پاشا جیابوونه‌وه‌ باڵی مه‌كته‌بی سیاسی له ‌سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌ ساڵی 1964 دا مه‌لا عه‌بدوڵڵا پاڵی دایه‌ باڵی مه‌كته‌بی سیاسی.

له‌سه‌ر دانێكی مه‌لا عه‌بدوڵڵا دا بۆ لای بارزانی له‌ساڵی 1967دا كه‌ ئه‌و كات باره‌گاكه‌ی له‌ ماوه‌ت بو بارزانی وه‌كوو ڕێزلێنانێك بڕنه‌وێكی‌ پێێشكه‌ش به‌ مه‌لا عه‌بدوڵڵا كرد. هه‌ر له‌ ساڵی 1967 دا مه‌لا مسته‌فا خۆی سه‌ردانی ماڵی مه‌لا عه‌بدوڵڵای كرد له‌ گوندی وڵاغ لووی شارباژێڕ و ئه‌ویش به‌ڕێزه‌وه‌ پێشوازی لێكرد. هه‌روه‌ها مام جه‌لالیش له‌ساڵی 1963 وه‌كوو رێزلێنان و متمانه‌یه‌كی ته‌واو پێی ئه‌وكات یانزه‌ تیرێكی پێشكه‌ش كرد.

مه‌لا عه‌بدوڵڵا ماڵه‌كه‌ی هه‌میشه‌ باره‌گا و لانه‌ی شۆڕشگێرانی كوردبووه‌ و دوای هه‌ره‌سی شۆڕش و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شۆڕش نوێشدا هه‌ڵوێستی نیشتیمانپه‌روهرانه‌ی خۆی نواندوه‌.

مه‌لا عه‌بدوڵڵا ساڵی‌ 1983 له ‌شاری سلێمانی دڵه‌ كۆچی‌ دوایی‌ كرد‌و له‌ گۆڕستانی شێخ ئه‌حمه‌دی هیندی به‌خاك سپێردرا‌.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌