چوارشەممه - 5ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

6

مەلا محەممەد رەبیعی

مامۆستا محەمەد رەبیعی کوڕی مەلا عەبدولحەکیم لە ساڵی 1311 هەتاویدا لە ئاوایی دەرەئەسپ سەر بە ناوچەی دیواندەرە لە دایک بوو.

لە پێنج ساڵیدا لە لای دایکی قورئانی خوێندنی دەست پێ کرد، دوای فەوتی دایکی لە لای باوک و مامۆی واتە مەلا محەمەد رەبیعی درێژەی بە خوێندن دا و فێری سەرف و نەحو بوو. دواتریش لە لای مامۆستایانی ئایینی ئێران و عێراقدا فێری زانستی ئایینی بوو.

لە تەمەنی 12 ساڵیدا حەزی لە نووسین دەکرد و هەر بۆیە بەسەرهات و رووداوەکانی رۆژی لە شێوەی چێرۆک لە چوارچێوەی نەزم و پەخشاندا دەهۆنیەوە. دواتر رێزمانی عەرەبی خوێند و قورئانی خەتم کرد. هەر لەو تەمەنە لاوییەتیەدا بوو کە رەساڵەی ئیساعوجی لە زانست و مەنتقدا خوێند و وەریگێڕایە سەر فارسیش.

ساڵی 1345 لە نوێنەریی ئێرانەوە لە پێشبڕکێی قورئان خوێندن لە پاکستان بەشداری کرد و لە نێوان 22 دەنگ خۆشی قورئان خوێن جیهاندا هاوبەش لەگەڵ مامۆستا عەبدولباست پلەی دووهەم بە دەست دێنێ.

دوای گەڕانەوە لەو پێشبڕکێیە بۆ ئێران و لەبەری توانایی و وێژەرییەکی زۆر بەرز لە زمانی کوردییدا، رۆیشتە تاران و لە رادیۆدا بەرنامەیەکی ئایینی بە زمانی کوردی بەڕیوە دەبرد، بێجگە لەمەش لە قوتابخانەی ئەردەبیلیەکان و مزگەوتی عمادالدولەدا دەستی بە وانەوتنەوەی قورئان کرد.

پێش شۆرشی گەلانی ئێران دژ بە حکومەتی پاشایەتی ئێران مامۆستا رەبیعی چەندین مرۆڤی ئایینی وەک کاک ئەحمەد موفتی زادە، دوکتور مریدی و دوکتور بەقا سیدالشوهیدایی لە نێو خەڵکی کوردی ناوچەکانی کرماشان و پارێزگای کوردستاندا بیروڕای ئیسلامیان بڵاو دەرکردەوە و لەگەڵ خەڵکی ئەو شارانە لە خۆپیشاندانەکاندا بەشدار دەبوو. لە مەنبەری مزگەوت و شوێنە گشتییەکاندا نوتقی دەکرد و دروشمی کوردانەی دەوتەوە.

مامۆستا رەبیعی لە تەنیشت وێژەرییەوە لە رادیۆ کوردی کرماشاندا، خەتیب و ئیمام جەماعەتی مزگەوتی شافیعی لە شاری کرماشان بوو. لەبەر ئەوە بە زمانی کوردی و کوردانە قسەی بۆ خەڵک دەکرد و زۆر خەڵک لێی تێ دەگەیشتن خەڵکێکی یەکجار زۆر رۆژانی هەینی و بەتایبەتی ئەو کاتانەی ئەو وتاری دەخوێندەوە روویان لەوێ دەکرد.

لەبەر ئەوە مامۆستا رەبیعی لە دەورانی کۆماری کوردستان لە مەهاباددا ببووە ئەندامی کۆمەڵەی ژێکاف، زۆر کوردانە و بۆ کورد تێدەکۆشا. بێجگە لە کردەوەی نەترسانەی پێنووسێکی تیژیشی هەبوو. هەڵبەستی بە کوردی، فارسی و عەرەبی هۆنیوەتەوە و چەندین کتێب و رۆمانی لە دوای خۆی بە جێ هێشتووە کە بە کورتی دەتوانین ناوی چەند دانەیان بەرین.

ئاوێنەی ئیسلام

باقیات و ساڵحات 6 بەرگ

رۆمانێک بە ناوی عالیجناب گوریل

مالیکیەت لە ئیسلامدا

خۆشەویستی کۆتایی پێ نەهاتوو

هەروەها سەد کاسێتی

هه‌روه‌ها له‌ سەرەتای دامەزرانی گۆڤاری‌ سروەوە مامۆستا رەبیعی لە نووسەران و دەستەی نووسەرانی ئەو گۆڤارە بووە و بە وتار و زانیاری خۆی ئەو گۆڤارەی دەوڵەمەند دەکرد.

هۆنراەکانی مامۆستا رەبیعی لە پێوەیندی لەگەڵ خواناسیدا، مەدح و ستایش، خۆشەویستی، عیرفان و بێجگە لە خواناسیش هەڵبەستی سیاسی و بە کوردی، فارسی و عەرەبی هۆنیوەتەوە. دیوانی هەڵبەستەکانی بە ناوی چوار وەرز و یەکێکیش بە ناوی اردیبهشت کۆکراونەتەوە کە هێشتا لە چاپ نەدراون. کۆی هەڵبەستەکانی چوار وەرز خۆی لە 4000 بەیت دەدا.

رەبیعی لەبەر بۆچوونی سیاسی و بوێرانە و نەترسانەی لە ته‌مه‌نی‌ 63 ساڵی دا لە ساڵی 1375 دا كوژرا. دوای ماوەیەک بێ سەروشوێن بوون ته‌رمه‌كه‌یان لە نزیک ماڵ خۆیان لە فەرهەنگیان فازی 2 دۆزیەوە.

خەڵکی کرماشان و شارەکانی دەوروبەری ئەو پارێزگارییە بە بۆنەی مردنیەوە خۆپیشاندانیان رێخست و لە ئاکامدا 13 کەسیش لە شاری جوانڕۆ کوژران بەڵام لە کۆتاییدا بێ دەنگی لەو کوشتنەش کرا.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌