چوارشەممه - 5ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

10

مەولانا خالید نەقشبەندی

مەلا شێخ خالید شارەزووری ناسراو بە مەولانا خالید ساڵی 1779 (ساڵی 1193ی کۆچی) له‌ شارۆچکەی قەرەداغ له‌ باشووری‌ كوردستان له‌دایك بووه‌.

مەولانا خالید کوڕی ئەحمەد ئاغا کوڕی حوسەینە و لە تیرەی جافی مکایلییە. دایکی ناوی فاتمەیە و لە سەییدەکانی پیر خدرییە.

مەولانا خالید نەقشبەندی نازناوی «ضیاءالدّین» و «ذی الجناحین» یشی ھەبووە، گەورەزانای ئاینیی کورد بووە.

بە منداڵی ھەر لە قەرەداغ خوێندوویەتی. لە تەمەنی لاوێتییدا بە فەقێیەتی چووە بو سلێمانی و لە لایەن شێخ محەممەد قەسیمی سنەیی ئیجازەی وەرگرتوە. کاتێ سەیید عەبدولکەریمی بەرزنجی مامۆستای خۆی لە ساڵی 1213 دا، کۆچی دوایی دەکا، مەولانا بە فەرمانی عەبدوڕەحمان پاشای بابان لە جێی دادەمەزرێ و دەست دەکا بە دەرس وتنەوە و ناوبانگ دەر دەکا. لەو ماوەیەدا کە خەریکی تەدریس بووە، ھەمیشە موشتاق بووە مورشدێکی ڕۆحی بدوزێتەوە و تەسەووفی لێ وەربگرێ.

مەولانا لە ساڵی 1220 دا لە ڕێگای شامەوە دەچێ بۆ حەج. کەسێک لەو سەفەرەدا تێی دەگەیەنێ کە بۆ فێربوون تەسەووف دەبێ بچێ بۆ ھیندستان. ماوەیەک دوای گەڕانەوە لە حەج بەرەو ھیندستان بە ڕێ دەکەوێ، لە ڕێگای تاران و خۆراسانەوە دوای پتر لە ساڵێک دەگاتە دیھلی و شا عەبدوڵڵا دیھلەوی لە گەورەکانی تەسەووف دەبینێ. لە ماوەی پێنج مانگدا ئەوندە لە لای شا عەبدوڵڵا خۆشەویست دەبێ کە کەس بە پایەی ئەو ناگا. دوای سەرکەوتن لە پلە و پایەکانی تەریقەت، شا عەبدوڵڵا ئیجازەی ئیرشادی لە ھەر پێنج تەریقەتی نەقشبەندی، قادری، سوھرەوەردی، کوبرەوی و چەشتیدا پێ دەدا و دوای ساڵێک بە فەرمانی شا عەبدوڵڵا دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان. لە سالی 1226 دا دەگاتەوە سلێمانی. پاش ماوەیەک حەسانەوە دەچێ بۆ بەغدا و پێنج مانگ لە بارەگای غەوسی گەیلانیدا دەمێنێتەوە و دیسان دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، ئەمجار دەست دەکا بە ئیرشادی موسوڵمانان بۆ تەریقەتی نەقشبەندی. ھاوینان چووە بۆ ھەورامان و ھەر لەو سەفەرانەدا شێخ عوسمان سیراجەددین بە خزمەتی گەییوە و خەریکی سولوکی تەریقەت بووە.

مەولانا لە سالی 1228ی کۆچی‌دا بۆ جاری دووھەم چووتە بەغدا و دوای چەند ساڵ گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و ماوەی شەش ساڵ لەوێ ماوەتەوە. لە ئاخردا دەبینێ کە دۆخی سلێمانی بە ھۆی کێشە و ناکۆکی لە ناو بابانەکاندا ناخۆش بووە و لە سالی 1236دا بۆ جاری سێھەم دەچێ بۆ بەغدا، دوای دوو ساڵ مانەوە، بەرەو شام بەڕێ دەکەوێ و لە ساڵی 1238ی کۆچیدا دەگاتە ئەوێ.

دوای حەسانەوە لە شام، بە مەبەستی زیارەت، سەفەرێکی قودس دەکا. لەوێش زۆر لە زانایان و پیاوماقووڵان و خەڵکی تر دەبن بە موریدی. کە لە قودسەوە بۆ شام دەگەڕێتەوە تا ساڵی 1241 خەریکی دەرس گوتنەوە بە فەقێکان دەبێ. لەو ساڵەدا دیسان سەفەری حەج دەکا.

ساڵێک دوای گەڕانەوە بۆ شام، واتا لە سالی 1242ی کۆچیدا تووشی نەخۆشی تاعوون دەبێ و ژیانی کۆتایی پێدێ.

مەولانا، کتێبی زۆری نووسیوە و ھەروەھا بە کوردی و فارسی و عەرەبی شیعری گوتووە کە زۆربەی شیعرەکانی پاڕانەوە لە خوا و پێغەمبەر و مەدحی پیاوچاکانن.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌