هەینی - 7ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

2

ره‌شاد موفتی

رەشاد محەممەد عوسمان ئەبوبکر ئەفەندی ناسراو به ره‌شاد موفتی لە بنەمالەیەکی ئاینی کورد لە سالی 1915 له گه‌ڕه‌کی ته‌کیه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر لە دایکبووە.

لە تەمەنى حەوت ساڵى لە شارى هەولێر خراوتە بەر خوێندن و تا پۆلی شەشەمی سەرەتایى خویندنەوە.

لە مزگەوتی گەورەی قەڵاى هەولێر خوێندویەتى.

لە تەمەنی 19 ساڵیدا باوکی ناردویەتى بۆ وڵاتى میسر و لەوێ لە زانکۆى ئەزهەر خویندویەتی و بروانامەی زانستی وەرگرتووە.

ساڵی 1936 دا گەراوەتەوە هەولێر و خوێندنی مەلایەتی لە لای باوکی تەواو کردووە و ئیجازەی زانستى لێ وەرگرتووە.

ساڵى 1944 وانەوتنەوە و پێشنوێژی مزگەوتی قەڵاى پێ سپێردراوە.

ساڵى 1945 کاتێک باوکی کۆچی دوایى دەکات ئەم جێگەى دەگرێتەوە و دەبێتە وتاربێژی نوێژی هەینیان و بە زمانی کورد وتاری دەڵێتەوە.

جگه‌ له‌وه‌ی پیاوێکی ئایینی بووه‌، به‌ڵام که‌سێکی ئه‌دیب و رۆشنبیریش بووه ‌و چه‌ندین شیعری ئایینی نووسیوه‌ و یه‌که‌م که‌س بووه‌ له‌ ساڵی 1956 دا مه‌ولودنامه‌ بکاته‌ کوردی و رێکی بخات.

یەکەمین خویندکاری کورد بووە چۆتە ئەزهەر، هەروەها یەکەمین وتار بێژیش بووە لە هەولێر کە خوتبەی بە کوردی خویندوتەوە.

ساڵی 1956 دا کراوە بە دادوه‌ری کەرکوک ساڵێک دواى ئەوە و لە ساڵی 1957 گویزراوەتەوە بۆ سلیمانی و لە هەمان سالیشدا گویزراوەتە بۆ هەولێر و تا ساڵی 1978 دادوه‌ر بووە و لە هەمان ساڵیش خانەنشین کراوە .

په‌یوه‌ندییه‌کی پته‌وی له‌گه‌ڵ زانا و رۆشنبیری به‌ناوبانگ شێخ محه‌ممه‌دی خاڵ هه‌بوو که‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌ردووکیان دادوەرى دادگا بوون که‌ شێخی خاڵ له‌ سلێمانی و ره‌شاد ئه‌فه‌ندیش له‌ هه‌ولێر کاری دادوەریان لە دادگاکانیان ئه‌نجامده‌دا.

بەر لەوەى ببێتە حاکم ئەندامی ئەنجومەنی زانستی بووە لە شارى هەولێر.

سەرۆکی ئەنجومەنی زانایان بووە تا ئەو رۆژەى کۆچى دوایى دەکات.

لەگەل دروست بوونی یه‌کێتی نووسەرانی کورد بووەتە ئەندامێکی کارای یەکێتیەکە.

به‌هۆی خۆشه‌ویستی له‌ناو خه‌ڵکی و ناوداری خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی، چه‌ندینجار حکومه‌ته‌کانی ئه‌وسای عیراق داوایان لێکردووە که‌ پۆستی به‌رز وه‌ربگرێت، له‌وانه‌ پۆستی پارێزگاری هه‌ولێر، به‌ڵام ره‌تیکردۆتەوە.

چەندین کۆرو سیمیناریى شیعری پێشکەش کردووە.

کاتێک کۆری زانیاری کورد لە دوای رێککەوتننامەى 11ی ئازارى 1970 دامەزرا بە ئەندامی یاریدەدەر هەڵبژێردرا.

زمانەکانى کوردى، عەرەبى، فارسى و تورکى زانیووە.

لەماوەى تەمەنیدا چه‌ندین ده‌ستنووس و کتێب و بەرهەمی ئاینی و ئەدەبی داناوە و زۆربەیان چاپ نەکراون و بەشێکیشى وه‌رگێڕدراون بۆ سه‌ر زمانی کوردی.

لە ساڵی 1992 لە تەمەنى 77 ساڵى لە شاری هەولێرکۆچى دوایى کردووە و لە گۆڕستانى بادوان بەخاک سپێردراوە.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌