هەینی - 31ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

43

شێخ عێزەدین حوسەینی

شێخ عێزەدین حوسەینی بەهاری ساڵی 1300ی هەتاوی واتە 1921ی زایینی لە شاری بانە لەدایکبووە.

ساڵی 1317 (1938) لە گوندی سیسێر لە لای مەلا سەیدحوسەین چووە فەقێیەتی؛ سێ ساڵ لەوێ مایەوە؛ دەچێتەوە بانە و دواتر لە نمەشیر، دیسانەوە سیسێر و ماوەیەکیش لە ئاوایی بالیک لە ناوچەی مەریوان خوێندوویەتی.

ساڵی 1321 (1942) بۆ درێژەدان بە خوێندن دەچێتە ناوچەی موکریان و ساڵی 1322 (1943) لە ناوچەی بۆکان، بە نێوی نهێنی “هەوێن” ئەندامەتی کۆمەڵەی ژێ‌کاف ی پێبەخشرا و بووە چالاکی سیاسی.

ساڵی 1324 (1945) چالاکانە لە ڕێوڕەسمی هێنان و هەڵدانی ئاڵای کوردستان لە شاری بۆکان بەشداریکرد.

بەهاری ساڵی 1325 (1946) دەچێتە مەهاباد کە لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستاندا بوو درێژە بە خوێندن دەدات.

1327 (1948) لە لای مامۆستا مەلاعەلی وەڵزی لە گوندی حەمامیان ئیجازەی ئیفتا و تەدریس وەردەگرێت و بە ڕەسمی دەبێتە مەلا و مودەڕیس لە گوندی کانییە ڕەش لە ناوچەی موکریان.

لە نێوان ساڵەکانی 1330 هەتا 1337 (1958- 1951) لە گوندەکانی کانییە ڕەش، گۆلێ و قارەوای موکریان مەلا و مودەڕیس بووە.

ساڵی 1337 (1958) لە مەهاباد دەبێتە مودەریس لە مەدرەسەی علوومی دینی

ساڵی 1347 (1968) بوو بە ئیمام جومعە لە مەهاباد.

هەر ئەو ساڵە شەپۆلێکی بۆ ماوەیەکی کورت گیرا

17ی پووشپەڕی ساڵی 1357 واتە 7ی مانگی شەشی 1978 لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تێکۆشەری لە مێژینە عەزیز یوسفی کە تازە بە نەخۆشی لەزیندان ئازاد کرابوو وتارێکی پێشکەش کرد.

لە مانگی خەزەڵوەردا بووە سەرۆکی شورای شاری مەهاباد

رۆژی 29ی ڕێبەندانی 1357 (18ی مانگی دووی 1979) یەکەم دەستەی نوێنەرایەتی حکوومەت کە داریوش فروهەر یەکێک لە ئەندامانی بوو، هاتە مەهاباد دواتر لە کۆبوونەوەیەکی گەورەدا بڕیارنامەیەک لەلایەن نوێنەرانی شارەکانی کوردستانەوە لەوانە رێبەرانی حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە پێشکەشی نوێنەرانی دەوڵەت کرا.

رۆژی شەشی خاکەلێوەی 1358 (26ی مانگی سێی 1979) مامۆستا رایگەیاند لەبەر ئەوەی ناوەرۆکی کۆماری ئیسلامی نادیارە لە ریفراندۆمدا بۆ دەنگدان بە کۆماری ئیسلامی لە ئێران بەشداری ناکات.

مانگێک دواتر واتە لە مانگی گوڵاندا لەسەر بانگهێشتنی وەزیری ناوخۆ سەفەرێکی کرد بۆ تاران و قوم؛ لەم سەفەرەدا لەگەڵ خومەینی، بازرگان سەرەکوەزیر، وەزیری ناوخۆ و چەندین کەس لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دیدار و گفتوگۆی کرد.

لە دیدار لەگەڵ خومەینیدا کاتی خوداحافیزی خومەینی دەڵێت هێمنایەتی کوردستانم لە تۆ دەوێت، مامۆستایش دەڵێت منیش خودموختاری کوردستانم لە ئێوە دەوێت.

28ی گەلاوێژی 1358 (19ی مانگی هەشت 1979) فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر کوردستان دەرچوو؛ لە گەڵ تێکۆشەرانی گەلی کورد چووە شاخ

لە پاییزی ساڵی 1361دا (1982) مامۆستا سەفەرێکی نۆ هەفتەیی کرد بۆ پاریس و دواتر بۆ عەرەبستان بەمەبەستی ڕاکێشانی سەرنج بۆ بارودۆخی گەلی کورد. لە عەرەبستان حەجی عەمرەی بەجێهێنا.

ساڵی 1367 (1988) سەفەرێکی کرد بۆ وڵاتی توونس بۆ دیدار لەگەڵ یاسر عەرەفات و دواتر سەردانی سوێد و فەرانسەی کرد و پاشان گەڕایەوە بۆ کوردستان.

لە کۆتایی هاوینی ساڵی 1369 (1990)دا لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بوو.

بە درێژایی ژیانی خەریکی خوێندنەوەی کتێب بووە و لەم بوارەش دا گرینگی بەوەداوە تا چ ڕادەیەک لە باری مێژوویی، زانستی و ئایینییەوە ناوەرۆکی کتێبەکە بەپێز بووە؛ هەربۆیە تا دوایین رۆژەکانی ژیانی بەردەوام لە هەموو بوارەکاندا کتێبی خوێندووەتەوە.

دوایین دەرکەوتنی لە میدیاکاندا رۆژی 16ی خەرمانانی 1389 (7ی سیپتامبر 2010) لە تەلەڤیزیۆنی فارسی بی‌بی‌سی لە پرۆگرامی “بەعبارت دیگر”دا بوو؛ لەوێدا وتووێژێک بە زمانی فارسی لەگەڵ مامۆستا بڵاوکرایەوە

شێخ عێزەدین حوسەینی ساڵی 2011 لە شاری ئۆپسالای سوید، لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دوایی كردو تەرمەکەی لە شاری سلێمانی لە گردی سەیوان بە خاک سپێردرا.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌