
کۆی دەنگەکان
32
شێخ عوسمانی بیارە
شێخ محهممهد عوسمان سڕاجەدین نەقشبەندی ناسراو به شێخ عوسمانی بیارە و شێخ عوسمانی دووڕۆ، کوڕی شێخ عومەر زیائەدین ساڵی 1896 زاینی بەرامبەر 1314ی کۆچی لە بنهماڵهیهكی ئایینی له شێخانی تەریقەتی نەقشبەندی هاتوەتە دنیاوە.
شێخ عوسمان دوایەمین شێخی گەورەی تەریقەتی نەقشبەندیە لە کوردستان بەتایبەت و لە جیهاندا بەگشتی.
سەرەتای خوێندنی دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی منداڵی و دەست دەکا بە خوێندنی فیقھ و لە تەمەنی 5 ساڵیدا لەکۆڕی سۆفیەکان بەشداری کردووە. لە خزمەت باوکی زانستە شەرعییەکانی وەرگرتووە، هەر لە تافی منداڵیدا زۆر زیرەک و کارامەو لێهاتوو دەکەوێتە پێش چاوی باوکی.
لەسەردەستی قورئان خوێنی گەورەی میسر شێخ موستەفا ئیسماعیل وانەی تەجویدی خوێندووە. ئەدەبیاتی عەرەبی و فارسی لە هەردوو مەدرەسەی بیارەو دووڕۆ فێربووە، تەفسیری قورئان لەلای سەید حوسێن تاربوغی ساوجیلاغی فێربووە، لهژێر سهرپهرشتیی شێخ عهلائهدینی باوكیدا بۆ ماوهی ساڵێكی تهواو تهنیا نان و ئاوی خواردووه و بهردهوام لهنێو سلووك و خهتمهدا بووه. لەدوای تەواوکردنی خوێندن و سلوک کێشان بەهۆی زیرەکی و بەتوانایی و لێهاتووییەوە بە دەستوری باوکی دەکرێت بە سەرپەرشتی هەردوو خانەقای بیارەو دووڕۆ.
لەماوەیەکی کورتدا بە زانستی دینی و پزیشکی ناوبانگی دەرکردووە، بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچوونی تەمەنی شێخ عەلائەدینی باوکی بەرێوبردنی خانەقاکان دەکەوێتە ئەستۆی.
باوكی شێخ عوسمان لە ساڵی 1332ی ههتاوی بەرامبەر به 1954ی زایینی کۆچی دوایی دەکات و لەدوای کۆچی دوایی شێخ عەلائەدین بە کۆڕای دەنگی زانایانی ئایینی و شوێنکەوتوانی ئەهلی تەریقەتی نەقشبەندی، شێخ عوسمان دەکرێتە شێخی تەریقەتی نەقشبەندی و جێگەی باوکی دەگرێتەوە. لە هەمان کاتدا جگە لە خۆی هەشت برای هەبوو، بەلام تاکە کەس بوو کە توانی جێگەی باوکی بگرێتەوە و بەردەوامی بە تەریقەت و نەهجی باو و باوپیرانی بدات.
شێخ عوسمان 4 ساڵ لەدوای کۆچی باوکی بەهۆی شۆڕشی تەمووزی ساڵی 1958 ئاڵۆزی ڕەوشی سیاسی ئەو کاتەی عێراق تێکدەچێت، شێخ عوسمان بیارە بەجێ دێڵێ و لەرێگای هاناوا كه دەکەوێتە نێوان دێی نارنجڵەو شارۆچکەی بیارەوە، لەو ڕێگەیەوە دەچنە دووڕۆو لەوێ نیشتەجێ دەبێت، لە دووڕۆ ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە.
شێخ عوسمان موڵک و زەوی و زارێکی زۆری دەبێت و باخی محمودئاواو خانەقاو مەدرەسەی دووڕۆ و مهحموود ئاوا دروست دەکا. هەروەها دەیان زانای ئایینی لەدەوری کۆدەبنەوە.
ههروهها شێخ عوسمان لەگەڵ باوکی و باپیری و باپیرەگەورەکانی له كاتی شهڕێ جیهانیدا دژ بە ئینگلیزو ڕووسەکان شهڕیان کردووە.
لەساڵی 1979 ڕەوشی ئێران خراپ دەبێت ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی شێخ عوسمان ناچار دەبێت رۆژههڵاتی كوردستان بهجێ بێڵێو و جارێکی تر بگەڕیتەوە بیارەو لەساڵی 1980 لە بەغداد نیشتەجێ دەبێت تا ساڵی 1990 دەمینێتەوە. لەدوای 10 ساڵ مانەوە لە عێراق لە نیسانی ساڵی 1990شێخ عوسمان بەرەو ئوردن دەڕوات 2 ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە، لەساڵی 1992 شێخ عوسمان ڕوودەکاتە وڵاتی تورکیا و لە شاری ئەستەنبوڵ نیشتەجێ دەبێت.
شێخ عوسمان توانی تورکیا بکاتە گەورەترین پێگەی ئاڕاستەوانی خۆی بۆ بانگەوازی دینی ئیسلام، لەوێدا گەورەترین و بەهێزترین خانەقای بنیادنا. بەهۆی ڕێزو خۆشەویستییەکی زۆری کۆمەڵگای تورکی بۆ شێخ عوسمان پۆل پۆل روویان تێدهكرد. جگە لەوەی ڕۆژانە لەگشت وڵاتانی جیهان لە سەرۆک و ناوداران و زانایانی جیهان دەهاتنە بۆ لای ئەم شێخە بە مەبەستی دیتن و چارەسەری نەخۆشی و وەرگرتنی دینی ئیسلام.
شێخ عوسمان ساڵی 1997 بە هۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی 101 ساڵیدا لە نەخۆشخانەی ئەستەمبوڵی تورکیا کۆچی دوایی کرد. بهڵام حکوومەتی تورکیا ڕەزامەندی نیشان نەدا بە گەڕانەوەی تەرمەکەی بۆ باشوری کوردستان کە وەسیەتی كردبوو لە بیارە بەخاك بسپێردرێت، هەربۆیە تاکو ئێستا بەشێوەیەکی کاتی لە تورکیا لە باخچەی ماڵەکەیدا سپێردراوە.
شێخ عوسمانی بیارە خاوەنی چەندین کتێب و کۆمەڵە قەسیدەیه. دواهەمین دیوانی بەناوی دیوانی حەزرەتی شێخ محهممهد عوسمان سیڕاجهدینه. هەروەها کتێبی چەپکە گوڵێ لە گوڵزاری عوسمانی كه کۆمەڵە شێعرێكی لە خۆ گرتووە.