پێنجشەممه - 6ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

4

سەلاحەدین دەمیرتاش

سەڵاحەدین دەمیرتاش سیاسەتمەدارێکی کوردی زازایە، لە نیسانی ساڵی 1973دا لە شارۆچکەی پالۆی سەر بە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان لەدایکبووە. سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی 2007دا لەسەر لیستی پارتی کۆمەڵگای دێموكراتیک وەکوو نوێنەری پارێزگای ئامەد بۆتە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا و لە دوای قەدەغەکردنی ئەم پارتە لە لایەن دادگای دەستووری تورکیاوە، لە ساڵی 2010دا بوو بە ھاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی، ئێستاش سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پارتی دێموكراتی گەلان ھەدەپەیە.

ناوبراو کوردی زازایە و دەرچووی کۆلێژی یاسایی زانکۆی ئانکارایە. دەمیرتاش بەر لەوەی بە شێوەی ئەکتیڤ بێتە ناو سیاسەت، لە بەڕێوەبەرانی لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ بوو. ناوبراو ھەروەھا لە دامەزرێنەرانی لقی ئامەدی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و ڕێکخستنی مافی مرۆڤی تورکیاشە.

لە 4ی تشرینی یەکەمی 2016، لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ و ئەندامپەرلەمانەکانی ھەدەپە بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە دەستگیرکرا.

قۆڵبەستکرانی برایەکی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە ڕێکخستنی گەنجانی پەکەکە لە زانکۆی موغوڵا و سزادانی بە 24 ساڵ زیندان بەھۆی نەبوونی دەرفەتی ماددی بۆ گرتنی پارێزەر، وای لێ کردووە کە خوێندن لە بواری بەڕێوەبەری دەریاوانی لە زانکۆی ئیزمیر جێبھێڵێ و ساڵی 1993، لە زانکۆی ئانکارا دەست بە خوێندنی یاسا بکات. ساڵی 95، ھەر لە زانکۆ ھەوڵی داوە بچێتە شاخ بەڵام بە گیرانی لینکە تەشکیلاتییەکەی، پلانەکەی لێ ئاشکرا بووە و دواتر بەم ھۆیە بۆ ماوەی 15 ڕۆژ قۆڵبەست کراوە.

دەمیرتاش لە ساڵی 2000وە بۆ ئەملا، لەگەڵ عوسمان بایدەمیر و کۆمەڵێک یاساناس و چالاکی مافی مرۆڤ، لە بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی مافی مرۆڤدا بووە و بەدواداچوونی بۆ سەدان دۆسیەی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە باکووری کوردستان کردووە. پاش ئەوەی لە ساڵی 2004دا، بایدەمیر بۆتە شارەداری گەوەرەشاری ئامەد، سەلاحەدین دەمیرتاش جێی ناوبراوی لە سەرۆکایەتیی کۆمەڵەی مافی مرۆڤدا گرتۆتەوە. ناوبراو بە ھۆی بەشداری لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی ڕۆژ تیڤی لە ساڵی 2006ی زایینیدا، بە تۆمەتی پڕۆپاگەندەکردن بۆ پەکەکە، سەرەتا بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرا بەڵام دادگای پێداچوونەوە، دواتر سزاکەی بۆ پێنج ساڵ زیندانی ھەڵپەسێدرا گۆڕی. سەلاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی 2007ی زاییندا لە جێگەی خەتیب دیجلە، لە ئامەد وەک کاندیدی سەربەخۆ لە لیستی دەتەپە کاندید کرا و توانی نوێنەری ئەو شارە لە پارلەمانی تورکیا. دەمیرتاش لەو ساڵانەدا وەک جێگری بەرپرسی فڕاکسیۆنی دەتەپە لە پارلەمانی تورکیا درێژەی بە سیاسەت دەدا بەڵام بە داخرانی حیزبەکە لە بەھاری 2009دا، تێکەڵ بە بەدەپەی دەستەخوشکی DTP بوو. دەمیرتاش، پاش داخرانی دەتەپە و قەدەخەکرانی سیاسەت کە زۆربەی دامەزرێنەرانی ئەو حیزبە، لە کۆنگرەی ئاوارتەی پارتی ئاشتی و دیمۆکراسیدا بە زۆرینەی ڕەھای دەنگی ئەندامانی کۆنگرە، لە فێبرواری 2010دا، وەک یەکەم سەرۆکی ئەو حیزبە ھەڵبژێردرا. ناوبراو لە سێپتامبری 2011شدا بۆ جاری دووھەم، لەگەڵ “گوڵتەن کشاناک”، وەک ھاوسەرۆکی بەدەپە ھەڵبژێرایەوە. سەرۆکی تازە ھەڵبژێردراوی بەدەپە لەمەودوا بە شێوەیەکی ئەکتیڤتر لە جاران ھاتە ناو سیاسەت و ڕۆڵی چالاکانەی لە وتووێژەکانی ناسراو بە قۆناخی ئۆسلۆ، ڕەوتی ئاشتی، کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی، دۆسیەی کەجەکە و ھتد گێڕا و بوو بە یەکێک لە سیما ناسراوەکانی تورکیا. لە ساڵی 2011ش، وەک یەکێک لە بەربژێرانی بەرەی ڕەنج، ئازادی و دێمۆکراسی، لە جۆڵەمێرگ خۆی پاڵاوات و بۆ دووھەم جار وەک پارلەمانتار ھەڵبژێردرا.

ساڵی 2012ی زایینی، دەمیرتاش و ھاوحیزبییەکانی، بەمەبەستی پێکھێنانی بەرەیەکی بەرفراوانتر لە چین و توێژە جیاوازەکانی کوردستان و تورکیا، حیزبێکی چەترئاسای فرەدەنگ بە ناوی پارتی دێمۆکراتیکی گەلان یان دامەزراند. دەمیرتاش لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ، لە 22ی حوزیرانی ھەمان ساڵدا، وەک ھاوسەرۆکانی ھەدەپە ھەڵبژێردران. دەمیرتاش لە لایەن حیزبەکەیەوە لە ئەگۆستی 2014 دا وەک بەربژێری پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار دیاری کرا و لەم قۆناخەدا ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕەجەب تەییپ ئەردۆغان، سەرۆک و دامەزرێنەری ئاکەپە و سەرۆک وەزیری 12 ساڵی ڕابردووی تورکیا کەوتە ڕکابەریی ڕاستەوخۆ. ناوبراو ھەرچەند لەو ڕکەبەرییە نابەرابەرەدا، سەرکەوتنی بەدەست نەھێنا و وەک سەرۆککۆماری تورکیا ھەڵنەبژێردرا بەڵام لە سەردەمی بانگەشەی ھەڵبژارداندا، توانی سەرنجی زیاتری کۆمەڵگا و مێدیای تورکیا بۆ لای خۆی و حیزبەکەی ڕابکێشێ و ڕێژەی 9٫76ی دەنگەکان بەدەست بھێنێ. شتێک کە سەرکەوتنی دواتری حیزبەکەی لە ھەڵبژاردنی گشتیی تورکیای مسۆگەر کرد. سەلاحەدین دەمیرتاش، وەک ھاوسەرۆکی ھەدەپە لە ھەڵبژاردنی حەوتی ژووئەنی 2015دا، ڕۆڵی سەرەکیی بانگەشەی ھەڵبژاردنی حیزبەکەی لەئەستۆ بوو.

سەلاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی 2002ی زاینییەوە لەگەڵ باشاک دەمیرتاشی مامۆستا ژیانی ھاوسەری پێکھێناوە و باوکی دوو کچ بە ناوەکانی دەلال و دڵدایە.

سەڵاحەددین دەمیرتاش لە ساڵی‌ 2016ـەوە زیندانییە و لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی ئەدیرنە زیندانیکراوە.
 

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌