پێنجشەممه - 6ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

5

عەبدوڵڵا حەسەنزادە

عەبدوڵڵا حەسەنزادە پاییزی 1938 لە سه‌رده‌شت لە دایک بووە. لە تەمەنی منداڵیدا باوکی لە دەست داوە، دەرسی ئایینیی خوێندووە و ئیجازەی مەلایەتیی وەرگرتووە. عەبدوڵڵا حەسەنزادە لە دەیەی 60ی زایینیدا لەگەڵ کچێک لە ناوچەی سەردەشت زەماوەندی کردووە و 4 کوڕ و 2 کچی ھەن.

ھەر لە تەمەنی مێرمنداڵیدا بۆتە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان. لە ساڵەکانی 1967 - 68 دا کە بزووتنەوەیەکی چەکدارانە لە لایەن ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بەرێوە چووە، بە ھۆی فشاری دەزگا جاسوسییەکانی رێژیمی پاشیەتی‌یەوە ناچار بووە پەنا بەرێتە بەر کوردستانی عێراق. لە گەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان پاش شکستی خەباتی چەکدارانەی 46 - 1347 پرش‌و بڵاو بوون ھەوڵیان داوە تەشکیلاتی ئەم حیزبە رێک بخەنەوە. لە کۆنفرانسی دووی حدک لە ھاوینی 1969 دا عەبدوڵڵا حەسەنزادە بە ئەندامی رێبەری ئەم حیزبە ھەڵ بژێردراوە.

ساڵی 1970 کە بەیاننامەی 11ی مارس لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە دەرچوو، دکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو ئەندامی پێشووی حیزبی دێموکرات لە ئورووپاوە ھاتە عێراق و لە گەڵ تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات سەر لە نوێ بناخە تەشکیلاتییەکانی حیزبەکەیان داڕشتەوەو بەرنامەو پێڕەوی ئەم حیزبەیان رێک خستەوە کە د. قاسملوو دەوری سەرەکی تێدا دیت‌و لە راستیدا رێبەری ئەم حیزبە بە کردەوە بە د. عەبدولڕەحمان قاسملوو ئەسپێردرا. عەبدوڵڵا حەسەنزادە لە دوای کۆنفرانسی سێیەمی حدک لە ژوئەنی 1971دا بە ئەندامی دەفتەری سیاسی ھەڵ بژێردرا. پاییزی 1973 لە کۆنگرەی سێیەمی ئەم حیزبەدا سەر لەنوی بە ئەندامی دەفتەری سیاسی ھەڵبژێردراوەتەوە.

لەگەڵ دەستپێکردنی راپەرینی گەلانی ئێران لە ساڵی 1978دا عەبدوڵڵا حەسەنزادە وێرای د. عەبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێری گشتی حسزیی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران و ژمارەیەکی دیکە لە تێکۆسەرانی ئەم حیزبە لە سەر بڕیاری کۆمیتەی ناوەندی کۆمیتەیەکیان پێک ھێناوە بە ناوی “زاگرۆس” و ئەندامانی زاگرۆس بە نھێنی چوونەتەوە نێوخۆی وڵات (رۆژھەڵاتی کوردستان). عەبدوڵڵا حەسەنزادە چۆتە مھاباد. چەند مانگ پاش سەرکەوتنی راپەرینی خەڵکی ئێران، رێژیمی تازە حیزبی دێموکراتی بە ھەڵوەشاوە راگەیاندو ھێرشی کردە سەر کوردستان. ھەوڵی کوردەکان بریتی بوو لە چارەسەری کێشەی کورد لە رێگای وتووێژەوە. کوردەکان ھەیئەتیکی نوێنەرایەتیی کوردیان بۆ وتووێژ لەگەڵ حکوومەت پێک ھێنا کە عەبدوڵڵا حەسەنزادە یەکێک لە ئەندامانی ئەو دەستەیە بوو کە بە ھۆی درێژەدانی شەر لەلایەن حکوومەتەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەوڵی ئەم دەستەیە لە وتووێژەکاندا شکستی ھێنا.

عەبدوڵڵا حەسەنزادە تا کۆنگرەی 13 لە ھەموو کۆنگرەکانی حیزبی دێموکراتدا جگە لە کۆنگرەی ھەشتەم بە ئەندامی رێبەری و ئەندامی دەفتەری سیاسی ئەم حیزبە ھەڵبژێردراوەتەوە. لە کۆنگرەی 10 لە بەھاری 1995دا بە سکرتێری گشتی ئەم حیزبە ھەڵ بژێردراوەو تا کۆنگرەی 13ی ئەم حیزبە لە 2004دا لەم پۆستە مایەوە.

دوای‌ كۆنگره‌ی‌ 13 له‌گه‌ڵ‌ كۆمه‌ڵێك له‌ هاوڕێیانی‌ له‌ حیزبی‌ دێموكرات جیا بوونه‌وه‌‌و رێكخراوێكیان هه‌ر به‌ناوی‌ حدك دامه‌زراند‌و له‌وێ‌ تێكۆشانی‌ هه‌یه‌.

عەبدوڵڵا حەسەنزادە جگە لە کاری سیاسی وەک زمانزان و وەرگێڕێک ناسراوە‌و چه‌ندیت به‌رهه‌می‌ هه‌یه‌.

 

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌