سێشەممه - 28ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

5

عەبدوڵڵا ئۆجەلان

عەبدوڵڵا ئۆجەلان ناسراو بە ئاپۆ لەدایکبووی 1949 لە ئامەرایە. گوندێکه دەکەوێتە شاری خەلفەتی، پارێزگای ڕحا لە باکووری کوردستان.

ئۆجەلان لە دواناوەندیی پەیمانگایەکی هونەری لە ئەنقەرە خوێندنوویەتی. دواتر لە بەشی خانووبەرە و موڵکی ئامەد کاری کردووە. دوای مانگێک دەچێتە ناوچەی باقرکۆی لە ئەستەمبوڵ، دواتریش دەچێتە بەشی یاسا لەزانکۆی زانکۆی ئەستەمبوڵ بەڵام دوای ساڵێک دەگوازرێتەوە بۆ زانکۆی ئەنقەرە بۆ خوێندنی زانستە سیاسییەکان.

لەساڵی 1978، ئۆجەلان پارتی کرێکارانی کوردستانى دامەزراند. ئۆجەلان پەکەکەی دامەزراند لەدژی حکوومەتی تورکیا ئەمەش بۆئەوەی وڵاتێکی سەربەخۆی بۆ کورد درووستبکات. لە تەمموزی 1979 دەچێتە سووریا، لەوێ دەمێنێتەوە تاکوو تشرینی یەکەمی 1998 ئەمەش کاتێک حکوومەتی سووریا بڕیاریدا چیتر داڵدەی نەدات لەوڵاتەکەی.

لەساڵی 1984، پەکەکە دەستیکرد بەچالاکییە چەکدارییەکان دژ بە هێزەکانی حکوومەتی تورکیا. لەم نێوانەش خەڵکی سیڤیلیش بەر هێرشەکانی پەکەکە کەوتن. لەئەنجامدا ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، سوریا، ئوسترالیا، تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکە پەکەکەیان خستە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.

تا ساڵی 1998 ئۆجەلان لە وڵاتی سووریا بوو، لەساڵی 1993 بۆ ماوەیەک لەلایەن دەزگای هەواڵگری گشتی سووریا دەستبەسەربوو بەڵام دواتر ئازادکرا. دواتر کە پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و سووریا تێکچوو، تورکیا ھەڕەشەی لە سووریا کرد بە وەی کە پشتگیری لە پەکەکە دەکەن، بۆیە سوریا ئۆجەلانی ناچار کرد کە سووریا یەجێ بھێلێت بێ ئەوەی بیداتە دەست دەسەڵاتدارانی تورکی. پاش ئەوە ئۆجەلان ڕوویکردە ڕووسیا، پاشان ڕوویکردە چەند وڵاتێکی تر لەوانە ئیتالیا و یۆنان، لە ساڵی 1998 لەو کاتەی کە لە یۆنان بوو. لەساڵی 1999، حکوومەتی تورکی داوای ڕادەستکردنی ئۆجەلانی لە حکوومەتی ئیتالیا کرد. ئەوکاتە ئۆجەلان لەلایەن بریتا بوهلەر، پارێزەری ئەڵمانی و شارەزا لە یاسای نێودەوڵەتیی پشتگیری دەکرا، بریتا داوای دەکرد کە ئەو تۆمەتانەی لەسەر ئۆجەلانن دەبێت لەدادگا بسەلمێندرێن.

ئۆجەلان لە 15ی شوباتی 1999 لە کینیا دەستگیر کرا ئەمەش ئەوکاتەبوو ئۆجەلان لە باڵیۆزخانەی یۆنان بەڕێگاوەبووە بچێتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جۆمۆ کینیاتا. پاشان لە رێگەی ئاسمانەوە گوازرایەوە بۆ تورکیا بۆ دادگایی کردنی.

لە کاتی دەستگیر کردنیەوە، ئۆجەلان خراوە زیندانێکی تاکەکەسیی لە دوورگەی ئیمرالی لە دەریای مەڕمەڕە لە تورکیا، ئۆجەلان تاکە زیندانی ئەو شوێنەبوو و زیندانییەکانی دیکە گواسترانەوە بۆ زیندانییەکانی دیکەی تورکیا.

دادگاییکردنی ئۆجەلان لەلایەن سێ قازی سەربازی دەستیپێکرد، ئۆجەلان بەتۆمەتی خیانەتی نیشتمانی و جوداخوازی لەڕۆژی 29ی حوزەیرانی 1999 فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو. هەروەها فەرمانی بانکردنی لە کارکردنی حکوومی بۆ هەمیشەیی بۆدەرچوو. توركيا لە کانوونی دووەمی 2000، بڕیاریدا فەرمانی لەسێدارەدانی ئۆجەلان دوابخات تاکوو دادگای مافەکانی مرۆڤ لە یەکێتیی ئەورووپا پێداچوونەوە بۆ بڕیارەکە دەکات. لە ئابی 2002، تورکیا سزای لەسێدارەدانی لەوڵاتەکەی نەهێشت، هەربۆیە لە تشرینی یەکەمدا سزای ئۆجەلان گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایە.

دوابەدوای ئەم ڕووداوانە، ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالی بەتاکەکەسی مایەوە. لە تشرینی دووەمی 2009، دەسەڵاتی تورکیا ئەوەی ڕاگەیاند کە ئۆجەلان دەگوازنەوە بۆ بەشێکی دیکەی هەمان زیندان و لەوێوە دەتوانێت حەفتانە بۆ دە کاتژمێر چاوی بە زیندانییەکانی دیکەی پەکەکە بکەوێت. ئەم بەشە زیندانە بەمدواییانە درووستکرا ئەمەش کاتێکبوو کە لیژنەی نەهێشتنی ئەشکەنجەدانی ئەورووپا سەردانی دوورگەی ئیمرالی کرد و ڕەخنەی لە ڕەوشی ئۆجەلان گرت.

ئۆجەلان کەسایەتی سیاسیی، چەپ، زیندانی سیاسیی، دامەزرێنەر و سەرکردەی بزوتنەوەی ناسراو بە پارتی کرێکارانی کوردستان، ڕێکخراوەکەی لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا و ناتۆ و چەند وڵاتێکی تر لەلیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانە.

 

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌