پێنجشەممه - 9ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

0

ئەحمەد تورک

ئەحمەد تورك ساڵی‌ 1942 له‌ ناوچەی دێرکی سەر بە شاری ماردین لە باکووری کوردستان لە دایکبووە.

سیاسەتمەدار و ئەندام پەرلەمانی پێشووی پەرلەمانی تورکیا

لە کاتی سەرژمێری و شۆرەتدانان لە لایەن فەرمانبەرانی دەوڵەتەوە شۆرەتی بنەماڵەکەیان کراوەتە تورک.

سەربە عەشیرەتی قنجۆیە. عەشیرەتی قنجۆ لە دەوروبەری ماردین بەناوبانگن، دوای کوشتنی برا گەورەکەی عەبدولحەمد تورک لە شەڕی نێوان عەشیرەتەکاندا، ئەحمەد تورک دەبێتە دەمراستی عەشیرەکەیان و لەسەر ناوی عەشیرەکەیان جێگەی براکەی دەگرێتەوە، هاوکات دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لە ناو پارتی دیموکرتدا لە نێوان ساڵانی 1973 – 1974، لە نێوان ساڵانی 1974 تاوەکو 1980 دەبێتە ئەندامی پارتی گەلی کۆماری و ئەندام پەرلەمانی ئەو پارتە.

لە ساڵی 1980 لەلایەن کوودەتاچیەکانەوە وەکو زۆرێک لە رۆشنبیران و سیاسیەکانی کوردستان راپێچی زیندان دەکرێت و بەچاوی خۆی ئازار و ئەشکەنجەی زیندانەوەکانی ئامادە دەبینێت، کە وەکو خۆی دەڵێت "مەگەر لەگەڵ مەرگ و کۆمەڵکوژی جوولەکەکاندا بەراورد بکرێت."

لەساڵی 1989 بەشداری کۆنفرانسی کورد لە پاریس دەکات، دوای گەرانەوەیان لەلایەن تورکیا و ئەوپارتەی کاریان تێدادەکرد، واتە پارتی سۆسیال دیموکراتی گەلپەرست جەهەپە کیشەیان بۆ دروست دەبێت، ناچاردەبن پارتێکی کوردی دامەزرێنن بەناوی هەپ.  

لە ساڵی 1993 لە لوبنان بەشداری راگەیاندنی شەڕ وەستانی پەکەکە دەکات، کە لەلایەن عەبدوڵلا ئۆجەلانەوە بە ئامادەبوونی مام جەلال و کەمال بورکای راگەیاندرا.

لە ساڵی 2011 وەکو وەکو نوێنەری شاری ماردین دەبێتە ئەندام پەرلەمان، لە زۆربەی پارتە کوردییەکان کە دوای ساڵی 1990 دامەزراون ئەندامی دامەزڕێنەر بووە و دەورێكی گرنگی بینیوە لە پرۆسەی ئاشتی و دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئەحمەد تورک بە سیاسییەکی ئارام ناسراوە و هەمیشە هەوڵی داوە کێشەی کورد بە ئاشتی چارەسەر بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کێشەی بۆ دروستکراوە و خراوەتە زیندانەوە.

دوا پۆستی سیاسی ئەحمەد تورک هەڵبژاردنی بوو بە سەرۆکی شارەوانی مێردین لە ساڵی 2014، بەڵام لەلایەن تورکیاوە ئەو پۆستەی لێ زەوتکرا و بە بەهانەی جۆراوجۆرەوە خرایە زیندانەوە.

ئەحمەد تورک پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ کەسایەتییە سیاسیەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان هەیە.

ئەحمەد تورک ئێستا تەمەنى به‌ره‌وپیری‌ هه‌ڵكشاوه‌، بەڵام وەکوو گەنجێکی شۆڕشگێڕ ناوەستێ.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌