شەممه - 1ی بەفرانباری 2724

کۆی دەنگەکان

19

ئارام

شاسوار جەلال سەعید غەنی كە لەخەباتی شارو شاخدا بە ئارام ناسراوە، ساڵی 1947 لەگەڕەكی مەڵكەندی شاری سلێمانی لەدایك بووە.

شەهید ئارام سەركردەیەكی دیارو روناكبیریی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان‌و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، رۆڵی دیاری لەبواری سیاسی‌و روناكبیردا هەبووە.

قۆناغەكانی خوێندنی لەسلێمانی‌و بەغدا تەواو كردووە‌و ساڵی 1970 بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی له‌ كۆلیجی بازرگانیی زانكۆی به‌غدا به‌ده‌ست هێنا.

ئارام لەسەرەتای دامەزراندنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە پەیوەندی كردووە‌و رۆڵی دیاری لەگەشەپێدان‌و بڵاوكردنەوەی بیرو باوەڕەكانیدا هەبووە‌و بایەخێكی زۆریشی بە رێكخراوەكانی خوێندكاران‌و لاوان داوە‌و یەكێك لەكادیرە دیارو هەڵسوڕاوەكانیان بووە.

ئارام تێكۆشەرێكی ئازا‌و بەهەڵویست بووە‌و ساڵی 1974 بەشداری شۆڕشی ئەیلولی كردووە‌و لەدوای شكستی ئەو شۆڕشە، لەتێكۆشان لە كۆمەڵەدا بەردەوام بووە‌و رۆڵێكی دیاری لە ئامادەكارییەكانی دەستپێكردنەوە‌و هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێدا هەبووە‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چووه‌ شاخ و لەو پێناوەشدا گیانی خۆی بەخشی.

بێ‌ لەبواری سیاسی، ئارام بایەخێكی زۆریشی بەبواری فكری‌و رۆشنبیری داوە، لەساڵی 1972ەوە وتارەكانی لەرۆژنامەی هاوكاری بڵاو دەكردەوە‌و لەوتارەكانیدا بایەخی بەبیروباوەڕی چەپ‌و ئەزمونی خەباتی گەلان داوە‌و بەشێكی ئەو وتارانەی كە ساڵانی 1972‌و 1973 لە‌و رۆژنامەیەدا بڵاوی كردونەتەوە.

ساڵی 1982 لەشاخ‌و لەدووتوێی كتێبێكدا بەناوی ئارام‌و بزووتنەوەی ئینتەرناسیونالیستیكە بڵاوكراتەوە. بەشێكی تری نووسینەكانی بەناوی هەڵبژاردەیەك لەنوسینەكانی شەهید ئارام لەساڵی 1980 لەچاپخانەی شەھید برایم عەزۆ لەگوندی زەڵێ‌ چاپ‌و بڵاو كراوەتەوە.

محەممەد عەبدولكەریم سۆڵەیی لەساڵی 2007 بەشێكی نوسینەكانی شەهید ئارامی لە دووتوێی كتێبیكی دوو بەرگیدا چاپ‌و بڵاو كردۆتەوە.

هەروەها ئەكادیمیای هۆشیاری‌و پێگەیاندنی كادیرانیش لەچوارچێوەی چاپكردنەوەی ئەدەبیاتی شۆڕشی نوێدا بەشێك لە بەرهەمەكانی ئارامی چاپ‌و بڵاوكرۆدتەوە.

ساڵی‌ 1978 ئەم سەركردەو روناكبیرە بەدەستی خائینانی كورد شەهید كرا‌و لەگوندی تەنگیسەری ناوچەی قەرەداخ بەخاك سپێردرا.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌