هەینی - 27ی رەزبەری 2724

کۆی دەنگەکان

0

عەزیز محەممەد

عەزیز محەممەد عەبدوڵڵا لە ساڵی‌ 1924 لە گوندی بێركۆتی نزیك شاری هەولێر له‌ باشووری‌ كودستان لە دایك بووە.

باوكی كوردێكی هەژاری جوتیاری گوندی بێركۆت بووە، دایكی كچە مەلا بووە و لە ناوچەكانی وان و باش قەلاوە هاتۆتە هەولێر، دایكی خەڵكی باكووری كوردستان بووە.

عەزیز محەممەد لە تەمەنێكی زۆر بچووكدا لەگەڵ دایكیدا دێنە شاری هەولێر و باوكی و دایكی بۆ هەتا هەتایە بەجێدەهێڵن. لە مزگەوت فێری قورئان خوێندن دەبێت و لە پیرزین و شاوەیس و بەحركە دەرسی فەقێی دەخوێنێت، بەڵام دواتر واز لە خوێندنی فەقێی دەهێنێ.

دایكی دەینێرێتە قوتابخانە و بەهۆی زیرەكییەكەیەوە راستەوخۆ لە پۆلی سێی سەرەتایی دایدەنێن، دوای تەواو كردنی قۆناغی سەرەتایی بیر لە تەواو كردنی خوێندنەكەی دەكاتەوە لە پەیمانگای پیشەسازی یاخود لە پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایان، بەڵام ئەم ئاواتەی نایاتە دی، چونكە بۆ ئەمە دەبوو دوو ساڵ تەمەنی خۆی بچووك بكاتەوە، ئەگەرچی ئەمە كارێكی ئاسان بوو بەڵام بۆی نەكرا. دوای وازهێنانی لە قوتابخانە ماوەیەك بێكار دەمێنێتەوە، پاشان بە هاوكاری چەند هاوڕێیەكی لە فەرمانگەی دابەشكردنی خۆراك و ناوخۆیی دادەمەزرێ و بۆ ماوەی سێ ساڵ لەوێ كار دەكات.

لە بەهاری ساڵی 1948ز ژیان و كاری خۆی بە حیزبی شیوعی بۆ هەتا هەتایی دەبەستێتەوە و دەست بە كاری حیزبی دەكات.

ساڵەكانی 1940-1941ز سەرەتای چالاكی سیاسی ئەو بووە، كە لە هەمان كاتدا كۆمەڵێك گەنجی خوێنگەرم پاڵنەر و هاندەری بوون بۆ هاتنە نێو ژیانی سیاسییەوە.

هەر لەو سەردەمەدا پەیوەندی بە كۆمەڵەی هیواوە دەكات و لە ئایاری ساڵی 1941ز دا دەبێتە ئەندامی كۆمەڵەی هیوا.

لە ساڵی 1942زدا دەبێتە ئەندامی كۆمەڵەی گەل كە رۆژنامەیەكیان بە ناوی بڵێسە دەردەكرد و خۆیان بە ماركسی لە قەڵەم دەدا.

لە زستانی ساڵی 1945زدا دوای كۆنگرەی یەكەمی حزبی شیوعی عێراقی دەبێتە ئەندامی ئەو حزبە.

لە 13-10-1948ز دا دەخرێتە بەندیخانەوە تا ئابی ساڵی 1958ز واتە بۆ ماوەی 10 ساڵ لە زینداندا دەمێنێتەوە.

لە ماوەی ساڵانی مانەوەی لە زینداندا لە رێگای خوێندنەوەوە فێری زمانی عەرەبی دەبێت.

عەزیز محەممەد لە ساڵی 1964ز تا ساڵی 1993ز سكرتێری گشتی حزبی شیوعی عێراقی بووە.

یەكێكە لەو كەسایەتییە شیوعییانەی لە ساڵی 1986ز دا لە لایەن حزبی شیوعی سۆڤیەتییەوە سامی لینینی پێدەبەخشرێ، هەروەها میدالیای ئەستێرەی گەشەی كیشوەری ئاسیا و ئەفریقای لە ساڵی 2007 لەلایەن رووسیاوە پێبەخشراوە، كە لەدوای نێلسۆن ماندێلا دووەم كەسە ئەو میدالیایە وەردەگرێت.

عەزیز محەممەد ساڵی‌ 2017 لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌