پێنجشەممه - 30ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

0

فوئاد مەعسووم

محەممەد فوئاد مەعسووم ھەورامی ناسراو به‌ فوئاد مه‌عسووم ساڵی‌ 1938 له‌ کۆیەی‌ باشووری‌ كوردستان له‌دایك بووه‌.

بنەماڵەی ئەو پێشتر لە ناوچەی ھەورامانەوە ھاتوون بۆ شاری کۆیە. ئەو لە قوتابخانە ئایینیەکانی کوردستان دەستی بە خوێندن کرد. دواتر لە زانکۆی بەغدا شەریعەتی ئیسلامی خوێند. لە ساڵی 1958 بۆ شاری قاھیرە کۆچی کرد ھەتاکوو بتوانێت درێژە بە خوێندنەکانی لە زانکۆی ئەزھەر بدات. دواتر لە ساڵی 1968 لە زانکۆی بەسرە بە مامۆستایی وەگیرا. فوئاد مەعسووم لە ساڵی 1975 بڕوانامەی PhD لە فەلسەفەی ئیسلامی لە زانکۆی ئەزھەر وەرگرت.

لە ساڵی 1962دا فوئاد مەعسووم بوو بە ئەندامی حیزبی شیوعی عێراق و ھەتا ساڵی 1964 ھەر ئەندامی ئەم حیزبە بوو. لە ئەم ساڵەدا (1964) لە دوای سەفەر بۆ سووریا بوو بە ئەندامی پارتی دێموكراتی کوردستان.

لە ساڵی 1968دا مەعسووم نوێنەری پارتی دیموکڕاتی کوردستان بوو لە بەسرە. ھەروەھا ئەو ھەتا ساڵی 1975 نوێنەری شۆڕشی کورد بوو لە پایتەختی وڵاتی میسر، قاھیرە. لە ساڵی 1976دا مەعسووم یەکێک لە بناغەدانەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو. ساڵی 1992 بوو بە یەکەم سەرۆک وەزیرانی کوردستان. لە ساڵی 2003 و دوای ڕووخانی ڕژیمی بەعس، مەعسووم یەکێک بوو لە نوێنەرانی کورد کە چوونە بەغدا و لە پڕۆسەی نووسینی پێشنوونی یاسای بنەڕەتی عێراقدا بەشداریان کرد.

لە ساڵی 2014دا فوئاد مەعسووم بە بەدەستھێنانی 211 دەنگ لە پەرلەمانی عێراق بوو بە حەوتەمین سەرۆک کۆماری عێراق.

فوئاد مەعسووم لەگەڵ ڕووناک عەبدولوەحید مستەفا ھاوسەرگیری کردووە و پێنج کچی ھەیە: شیرین، جوان، زۆزان، شیلان و ویان. ئەو ھەروەھا کوڕێکیشی بوو بە ناوی شوان کە بە ھۆی نەخۆشییەوە گیانی لە دەست دا.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌