چوارشەممه - 5ی بەفرانباری 2724

کۆی دەنگەکان

2

حەپسەخانی نەقیب

حەپسەخان کچی مەعرووفی بەرزنجی و نەوەی کاک ئەحمەدی شێخ و لە ساڵی 1891دا لە سلێمانی ھاتۆتە دنیاوە. مەعرووف بەرزنجی باوکی «نەقیب» بووە. ئەم پلەی نەقیبییەشی لەلایەن حکوومەتی عوسمانییەوە پێبەخشراوە بەو ھۆیەوە کە نوێنەری سادات و شێخان بووە.

ژنێکی سیاسەتوان و خێرخواز و چالاکی مافی ژنانی بوو.

ساڵی 1923 کە سمکۆی شکاک ھاتە سلێمانی و پێشوازیی لێ کرا، ژنانی سلێمانی بە کاریگەریی حەپسەخان ڕۆڵی بەرچاویان ھەبووە و ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.

لە 28ی حوزەیرانی 1930 یەکەمین کۆمەڵەی ژنان بە ناوی کۆمەڵەی ئافرەتانی کورد بە سەرۆکایەتیی حەپسەخانی نەقیب دامەزراوە. حەپسەخانی عیرفانەفەنی - خێزانی جەمیل سائیب - سکرتێری بووە و بارەگای تایبەتیشیان ھەبووە. بێگومان دروستکردنی کۆمەڵەیەک لەلایەن ژنێکەوە بۆ داکۆکیکردن لە ماف و داواکانی ژنان لە ناوەڕاستی نیوەی یەکەمی سەدەی ڕابردوودا، نموونەیەکی کەم وێنەیە، تەنانەت لەو ڕۆژگارەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستیشدا.

ساڵی 1930 نامەیەکی سیاسیی مێژوویی بۆ ڕێکخراوی کۆمەڵەی نەتەوەکان لە جنێڤ نووسی و ڕاشکاوانە داوای مافی کوردی کرد لەسەر خاکی کوردستان، کە دەنگێکی باشی دایەوە.

کاتێک کە کۆماری مەھاباد دامەزرا، حەپسەخان بە ھەموو توانایەکی دارایی پشتگریی ئەو کۆمارەی کرد. قازی موحەممەد سوپاسنامەیەکی تایبەتی بۆ نارد و ڕێزێکی زۆری لێنا.

لە تەمەنی 62ساڵیدا، لە ساڵی 1953، بە نەخۆشی شێرەپەنجە كۆچی‌ دوایی‌ كرد‌و لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌