کۆی دەنگەکان
3
ئیبراهیم پاشای بابان
ئیبراهیم كوڕی ئەحمەد كوڕی خالید كوڕی بەكر پاشای كوڕی باباسلێمان ناسراو به ئیبراهیم پاشای بابانه.
یەكێك بووە لە میرە هەرە بەناوبانگەكانی میرنشینی بابان و گەورەترین بەرهەمیشی درووستكردنی شاری سلێمانی بووە.
ئیبراهیم پاشا شازادەیەكی ئازا و جوامێر بووە، لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا شارەزاییەكی تەواوی هەبووە، زۆربەی ژیانی لە سلێمانی بەسەر بردوە، تەمەنێكی زۆریش لە بەغداد ژیاوە و زۆر حەزی لە ژیانی مەدەنی و شار كردوە، هەر بۆیە لەناو كاربەدەستانی ویلایەتی بەغدادا خۆشەویست و بەڕێز بووە، ئەویش وەكو باو و باپیرانی لە پەرەپێدانی خوێندن و هونەری سوارچاكی و چالاكیی سەربازیدا زۆر تێكۆشاوە، هەروەها زۆر ڕێزی لە زانایان و دڵسۆزان گرتوە و هاوچەرخی سەردەمی شێخ مەعروفی نۆدێ بووە.
لە دوای مردنی، ئەحمەد پاشای بابان سێ كوڕی لێ بەجێماوە، ئەوانیش ئیبراهیم بەگ، عەبدولعەزیز بەگ، خالید بەگ ئەوانەش هەر یەكەیان بەجۆرێك جۆرەكان لە ڕوداوەكانی ناوچەكەدا رۆڵیان بینیوە، ئیبراهیم پاشا لە بنەماڵەی فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە بووە و ناوبانگی لە هەموو جیهاندا دەركردبوو بەژیریی و خزمەتكردنی جەماوەرو دروستكردنی شار.
سلێمان پاشای گەورەی والیی بەغداد ساڵی 1783 لە جێی مەحمود پاشای مامی، ئیبراهیم پاشای كرد بە فەرمانڕەوای بابان لە قەڵاچوالان و پایەی میری میرانی پێ بەخشی، هۆی دانانی ئیبراهیم پاشا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە پیاوێكی وریا و لێهاتوو و زیرەك بووە و باش سەری لە كاروباری بەڕێوەبردن دەركردوە، بۆیە لەلایەن والیی بەغدادەوە حوكمڕانیی بابان و كۆیە و هەریر بە ئیبراهیم بەگ سپێردراوە و پایەی پاشایەتیی پێ بەخشراوە، دوای دانانی بناغەی شاری سلێمانی، دەسەڵاتی خۆی فراوان كردوە و توانیویەتی ساڵی 1784 دەست بگرێت بەسەر ناوچەكانی زەهاو، قەسری شیرین، خانەقیندا.
لە سەردەمی مێژووی میرنشینی باباندا، سەردەمی ناكۆكیی نێوان میرەكانی بابان و دەست تێوەردانی رۆم و عەجەم بووە لە كاروباری میرنشینەكەدا، بۆیە زوو زوو میرەكان دەگۆڕدران، بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەكان، پاش ئەوەی كە لە نیوەی دوەمی سەدەی هەژدەدا مەحمود پاشای بابان وڵاتی بەبەی بەجێهێشتوە، سلێمان پاشای والیی بەغداد، ئیبراهیم پاشای برازای مەحمود پاشای كردوە بە فەرمانڕەوای بابان، یەكەم ئیشی ئیبراهیم پاشا دوای دەستبەكاربونی، لە دەوروبەری گوندی مەڵكەندی و لە نزیك ئەو سەرایەی كە ساڵی 1775 مەحمود پاشا دروستی كردبوو، بناغەی شارێكی هاوچەرخی دامەزراند و ساڵی 1784 ئەو شارەی كە ناوی نرا سلێمانی بوو بە پایتەختی میرنشینی بابان.
هەرچەندە چەند جارێك لەسەر كار دوور خراوەتەوە و دواتر گەڕاوەتەوە بۆ سەر كورسییەكەی، بەڵام ئیبراهیم پاشای بابان جگە لە دروستكردنی شاری سلێمانی، هەمیشە هەوڵی ئاوەدانكردنەوە و چەسپاندنی ئاسایشی داوە و توانیویەتی بەبێ شەڕو هەڵا، دەسەڵاتی بابانەكان فراوان بكات، بەڵام روداوە ئاڵۆزەكان و بەرژەوەندیی هێزە دەسەڵاتدارەكانی ئەو سەرەدەمە وەكو عوسمانی و سەفەوی، هەمیشە دژی ئەوە بوون ئاشتی و ئاسایش لە میرنشینی باباندا جێگیر بێت و چەند جارێك ئیبراهیم پاشایان لەسەر كار لابردوە و جارێكی تر كردویانەتەوە بە فەرمانڕەوای میرنشینی بابان.
ساڵی 1796 كاتێك كە ئیبراهیم پاشا بە خۆی و لەشكرەكەیەوە بۆ یارمەتیدانی والیی عوسمانی چوەتە ناوچەی شەنگال لە سنووری موسڵ، ئیبراهیم پاشا بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كردوە و لە نزیك مەرقەدی حەزرەتی یونس بەخاك سپێردراوە.