هەینی - 31ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

15

کۆسرەت ڕەسووڵ

کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی لە ساڵی 1952 لە گوندی شیواشۆکی گەورەی سنووری قەزای کۆیە لەدایک بووە

ھەر لە سەرەتای لاوێتی و قۆناغەکانی خوێندنەوە تێکەڵ بە کاری سیاسی و خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان دەبێت و سەرەتای کاری سیاسیشی دەچێتە ڕیزی پارتی دێموكراتی کوردستان و لە شۆڕشی ئەیلولی ساڵی 1974 دا بەشداری بەرچاوی دەبێت.

لە کۆتایی ساڵی 1975 دا پەیوەندیی بە ڕیزەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە دەکات و دەبێت بە سەرپەرشتکاری ڕێکخستن و کاروچالاکیەکانی خوێندکاران.

لە ساڵی 1976 دا کۆسرەت رەسوڵ یەکێک بووە لەو ھەڤاڵانەی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستانیان لە شاری کەرکووک دامەزراندووە. جمووجۆڵ و چالاکییەکانی لەو کاتەدا بووەتە ھۆی ئەوەی لە ساڵی 1977 دا لە لایەن رژێمی بەعسەوە زیندانی بکرێت، پاش ماوەیەکی زۆریش لە زیندانی و ئەشکەنجەدان یەکێک بووە لەو پێنج خۆڕاگرە ئازایەی کە ھیچ جۆرە ئیعترافێکی نەکردووە و سەربەرزانە لە زیندان ھاتووەتە دەرەوە.

لە ساڵی 1981 بووەتە ئەندامی سەرکردایەتی رێکخستنەکانی ناوخۆی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان و لە ھەمان کاتدا لێپرسراوی ڕێکخستنە نھێنییەکانی ناوشاری ھەولێر بووە، کە چالاکی و جموجۆڵێکی سیاسی گەورە و بەرفراوانیان لەو شارەدا ئەنجامداوە.

لە کۆنفرانسی 3ی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لە ساڵی 1983دا بە ئەندامی سەرکردایەتی ھەڵبژێردرا و دواتر بوو بە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ساڵی 1988ەوە تاکو ساڵی 1991 ئەندامی ناوەندی کۆمەڵە بووە لێپرسراوی رێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بووە.

لە ساڵی 1984 بووە بە لێپرسراوی مەڵبەندی 4ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ساڵی 1985 بە سەختی برینداربووە، دواتر لە ساڵی 1986دا کە مەڵبەندەکانی 3 و 4 دەکرێن بە یەک مەڵبەند کۆسرەت دەبێتە لێپرسراوی مەڵبەندەکە تاکو ساڵی 1988، کە یەکێک بووە لە چالاکترین مەڵبەندەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

لە ساڵی 1991 کە نەخشەی راپەڕین داڕێژرا لەلایەن بەرەی کوردستانی کە پێکھاتبوون لە ھەموو ھێزە سیاسیەکانی ئەو کاتی کوردستان، کۆسرەت ڕەسووڵ وەک ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی سەرپەرشتیکردنی ئازادکردنی شاری ھەولێری پێ سپێردرا.

لە راپەڕینی ساڵی 1991دا کۆسرەت یەکێک بوو لە دیارترین ئەو سەرکردانەی کە رۆڵی بەرچاویان گێڕاوە لە ئازادکردنی شاری کەرکووکدا.

لە ساڵی 1991 دا بووە بەلێپرسراوی بەرەی کوردستانیی سنوری پارێزگای ھەولێر، ساڵی 1992 بووە بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و لە ساڵی 1993 تاکو ساڵی 1996 دەبێتە سەرۆکی دووەم کابینەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دواتریش بووە بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان J ئیدارەی سلێمانی تاکوو ساڵی 2001.

لە ساڵی 2001 بووە بە لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

لە 21/06/2006 کۆسرەت وەک جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەستنیشان كرا.

کۆسرەت ڕەسووڵ لە ساڵی 1977 ھاوسەری گرتووە و خاوەنی شەش کوڕ و یەک کچه، کە دواتر سێ کوڕی شەھید دەبێت.

کۆسرەت ڕەسووڵ زمانەکانی کوردی، عەرەبی و فارسی بە باشی دەزانێت و شارەزایی لە زمانی ئینگلیزی ھەیە.

ڕۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2017 نووسینگەی ڕۆژنامەوانی کۆسرەت ڕەسووڵ ڕایگەیاند کە باری تەندروستی تێکچوو و گەیەندرایە نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستی بۆ ئەنجام درا.

كۆسره‌ت ره‌سووڵ له‌ چواره‌مین كۆنگره‌ی یه‌كیه‌تی‌ نیشتمانی‌ له ساڵی 2019 به‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی یه‌كێتی هه‌ڵبژێردرا.

 

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌