پێنجشەممه - 9ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

4

لەیلا قاسم

لەیلا قاسم، کچە تێکۆشەری کورد، ساڵی 1952 لە گوندی بامیلی سەر بە شاری خانەقین لە خێزانێکی ھەژار و نیشتمانپەروەری کورد لەدایکبووە.

لەیلا قاسم بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1958 لە شاری خانەقین چووەتە بەر خوێندن و قۆناغەکانی سەرەتایی و دواناوەندی لەم شارە تەواو کردووە. لەیلا لە ساڵی 1971دا لە بەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە.

ساڵی 1970 پەیوەندی بە بزاڤی سیاسیی نەتەوەکەیەوە کردووە و لەنێو ڕیزەکانی 'یەکێتیی قوتابیانی کوردستان' خەبات و تێکۆشانی بەڕێوەبردووە. لەیلا ساڵی 1970 بوو بە ئەندامی پارتی دێموكراتی کردستان. لەنێو قوتابییە کوردەکانی زانکۆی بەغدا ڕۆڵێکی کاریگەری ھەبووە لە وشیارکردنەوە و ڕێکخستنیان.

لەیلا قاسم لەگەڵ یەکێک لە ھاوڕێکانی خۆی بە ناوی جەواد ھەمەوەندی کە بەیەکەوە خەبات و چالاکییان دەکرد، زۆر یەکتریان خۆشدەویست. ئەگەرچی لەیلا خوێندکاری زانکۆ و جەوادیش کرێکاری یەکێک لە کارگەکانی بەغدا بوو، بەڵام خۆشەویستییەکی بێسنووریان لەنێواندا ھەبوو. لەیلا ھەر بەڕێگەی جەوادیشەوە بۆ ماوەیەک لە ناوچەکانی باشووری کوردستان چووە نێو ڕیزەکانی پێشمەرگەوە. ئامانجی لەیلا قاسم لەمەدا زیاتر ناسینی ڕەوشی سیاسی کورد و بە شێوەیەکی باشتر بەڕێوەبردنی خەباتی ڕێکخستن بوو لەنێو شارەکاندا.

لە سەرەتای ساڵەکانی 1970 کە گەلی کورد لە باشووری کوردستان بە قۆناخێکی ھەستیاردا تێپەڕ دەبوو، لەیلا قاسم و جەواد و ھاوڕێکانیان سەرباری نکۆڵیکردنی ڕێژیمی بەعس لە ھەبوونی گەلی کورد، ئەوان سوور بوون لە خەبات و تێکۆشان بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی گەلەکەیان. ھەروەھا لەیلا و جەواد لە سەرەتای ساڵی 1974 بەیەکەوە لێکۆڵینەوەیەکی زانستییان لەسەر کۆمەڵگەی کورد ئەنجامدابوو و لە دەرفەتێک دەگەڕان کە بڵاوی بکەنەوە. بەڵام بەھۆی تێکچوونی گفتوگۆکانی نێوان سەرکردایەتی کورد و ڕێژیمی عێراق و دەستپێکردنەوەی شەڕ و پاشانیش بەھۆی گیرانی لەیلا قاسم و جەواد و ھاوڕێکانی تریان دەستنووسی لێکۆڵینەوەکەشیان لەلایەن سیخوڕەکانی حکوومەتی عیراقەوە لەناوبردرابوو.

لەگەڵ بەرفراوانبوونی شەڕەکان لە ساڵی 1974دا، دەزگا ھەواڵگرییەکانی ڕێژیمی بەعس بەردەوام و زۆر بەتوندی چاودێری یەک‌بەیەکی تاکەکانی کوردییان دەکرد. بۆیە ئەوەندەی نەبرد لە ڕۆژی 1974/04/28دا لەیلا قاسم و چوار لە ھاوڕێکانی (جەواد ھەمەوەندی، نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران) لە ئەنجامی ھەڵمەتێکی بەرفراوانی ھێزەکانی ئاسایش و سەربازی ڕێژیم لە بەغدا دەستگیرکران. ڕۆژنامەی الصورەی زمانحاڵی ڕێژیمی بەعسی دەسەڵاتدار و ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی نێوخۆیی عێراق، لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی وەک تێکدەر و گێڕەشێوێن و تیرۆریست بەناو کرد، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئازار و ئەشکەنجەیەکیشیان بچووکترین کردەوەشیان لەسەر ئاشکرا نەبوو.

لەیلا لە وەڵامی پرسیارەکانی بەڕێوەبەری دەزگای ھەواڵگری بەعسدا بێ باکانە ڕایگەیاندبوو: “بە کوشتنی من ھەزاران کورد لە خەوی نەزانی وشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم کە گیانم فیدای ڕێی ڕزگاری کوردستاندا دەکەم. “ ھەموو ئازار و ئەشکەنجەیەک نەیتوانی بڕیاری پەشیمانی بە لەیلا دەربڕێت.

ڕێژیمی بەعس بە مەبەستی چاوترساندنی لاوان و قوتابیان و چینی ڕۆشنبیری کورد یەکسەر دوای دەستگیرکردنیان دادگایەکی نادادوەرانەی دژ بە لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی بەڕێوەبرد و بڕیاری لەسێدارەدانیانی بۆ دەرکرد. ھێشتا دوو ھەفتە بەسەر دەستگیرکردنیان تێنەپەڕیبوو، کە کاتژمێر 7ی سەرلەبەیانی ڕۆژی 12ی ئایاری 1974، لەیلا قاسم و ھەر چوار ھاوڕێکەی لەسێدارەدران. تەرمی لەیلا لە گۆڕستانێکی نەجەف شاردرایەوە. سەلام قاسمی، برای لەیلا قاسم، بە ماوەیەک دوای لەسێدارەدانی لەیلا ھەر لە بەغدا لەلایەن بەعسییەکانەوە کوژرا. تاوانی سەلام قاسم تەنیا ئەوە بووە کە وێنەی لەیلای خوشکی ناردبوو بۆ دەستی قوتابیانی کورد و ئەندامانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات. دایک و باوکی لەیلا قاسمیش بەھۆی لەدەستدانی دوو ڕۆڵەیان، ھەر زوو بە کۆست و خەمێکی گەورەوە سەریان ناوەتەوە و کۆچی دواییان کردووە.

ھەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم بە کوردستاندا بڵاو بۆوە. ھەروەھا ھەندێک لە چاپەمەنییەکانی ئەوساکەی جیھان ھەواڵی لە سێدارەدانی لەیلا قاسمیان وەک لەسێدارەدانی یەکەم ژن لە مێژووی سیاسی عێراقدا بڵاوکردۆتەوە.

دوای لەیلا قاسم لە سەرتاپای کوردستان ھەزاران منداڵی کورد بە ناوی لەیلاوە ناونران. لەیلا قاسم بوو بە چیرۆک و داستان و ھەڵبەستی شاعیرانی گەورەی کوردی وەک جگەرخوێن و ھێمن و زۆری تر.

چەندین خێزانی کورد بەھۆی لەیلا قاسمەوە ناوی منداڵەکانیان ناوە لەیلا. ھەموو ساڵێک یادی مردنەکەی لەلایەن کوردەوە دەکرێتەوە. لە کەلار پاڕکێک بەناوی لەیلا قاسم کراوە.

 

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌