کۆی دەنگەکان
8
لەیلا زانا
لەیلا زانا ساڵی 1961 لە گوندێكی فارقین له باكووری كوردستان لەدایكبووە. لە ماڵێكدا گەورە بووە كە باوكی جگە لە كوڕە تاقانەكەی، هیچ حیسابێك بۆ لەیلا و پێنج كچەكەی دیكەی ناكات. باوكی لەیلا كە كارمەندی ئاوەڕۆیە، چەندینجار ئەشكەنجەی دایكی لەیلای داوە، تەنیا لەبەرئەوەی شەش كچی بەدوای یەكدا بوون، تەنانەت نەیهێشتووە كچەكانی بخوێنن.
لەیلا لە تەمەنی 14 ساڵیدا شوو بە سیاسەتمەداری كورد مەهدی زانا دەكات كە 21 ساڵ لەخۆی گەورەترە. ساڵی 1978 كاتێك مەهدی زانا بە سەرۆكی شارەوانی گەورەی ئامەد هەڵدەبژێردرێت، لەیلا 17 ساڵان دەبێ و دایكی منداڵێك دەبێ. ئەو كاتەی مەهدی زانا لە دوای كودەتای 12ی ئەیلولی 1980 دەستگیر دەكرێت، تەمەنی لەیلا 19 ساڵ بوو، هێشتا روكەنی كچی لەسكدا بوو. مەهدی بە 35 ساڵ بەندكردن سزادرا و لەیلا زانا بەردەوام بەڕێی زیندانەوە بوو.
ساڵی 1988 بەهۆی بەشداریكردنی لە خۆپیشاندانێك لەبەردەم گرتووخانەی ئامەد دەستگیردەكرێت. لە زیندان هەموو جۆرە ئەشكەنجەیەك دەدرێت
ساڵی 1991 لەسەر لیستی پارتی رەنجی گەل "هەپ" خۆی بۆ پەرلەمان هەڵدەبژێرێ و دەردەچێ. چەند رۆژێك بەر لە مەراسیمی سوێندخواردنی پەرلەمانی توركیا، ژنە رۆژنامەنووسی تورك نوریە ئاكمان، پرسیارێك لە لەیلا زانا دەكات "ئایا هەست بە توركبوونی خۆت دەكەی"؟ زانا دەڵێت: "بەدڵنیاییەوە نەخێر. دایكم یەك وشە توركی نازانێ، منیش لە پێش دەرگاكانی زیندان فێری توركی بووم. من تا دوا هەناسە كوردم، بەڵام گەلی توركیشم خۆشدەوێت".
رۆژی 1/11/1991 رۆژی سوێندخواردنی پەرلەمانتاران بوو، لەگەڵ نزیكبوونەوەی لەیلا زانا بۆ سەر سەكۆی سوێندخواردن، بەشێكی زۆر لە پەرلەمانتاران دەستیان بە هاتوهاوار كرد و بە دەست لە مێزەكانی بەردەمیان دەكوتا و دەیانگوت "بەو ئاڵایەوە نەچییە ئەوێ". مەبەستیان ئەو بەندە سوور، زەرد و سەوزە بوو كە لەسەری ئاڵاندبوو. بەڵام هاتوهاوار نەیتوانی ئەو ژنە 21 ساڵییە رابگرێ. لەیلا بە زمانی كوردی و توركی گوتی "سوێند بە برایەتی گەلی كورد و گەلی تورك دەخۆم". ئەو چەند وشەیەش بەس بوون بۆ ئەوەی قیامەت هەڵبستێ و دواڕۆژێكی تاریكتر چاوەڕێی لەیلا بكات.
فاروق بیلدریجی كە چیرۆكی ژیانی لەیلا زانای كردووەتە پەرتووك، ئەو مەراسیمە وەكو خاڵێك بۆ داڕمانی ئەو ژنە سیاسەتڤانە وەسف دەكات. راستیشی كرد، چونكە پۆلیسی توركیا لە چواری ئاداری 1994 چووە ناو پەرلەمانی توركیا و هەریەك لە لەیلا زانا، خەتیب دیجلە، ئۆرهان دۆغان، سەلیم ساداكی دەستگیركرد. لە هەشتی تشرینی یەكەمی 1994 دادگای ئاسایشی توركیا بەبیانووی ئەوەی كە بە فەرمانی پەكەكە هەوڵی جیابوونەوەیان داوە، حوكمی 15 ساڵ بەندكردنی بۆ ئەو چوار پەرلەمانتارە بڕییەوە.
لەیلا زانا 10 ساڵ لە زیندان دەمێنێتەوە، پەرلەمانی یەكێتیی ئەوروپا خەڵاتی ساخارۆف بە زانا دەبەخشێ و پاشان دەبێتە بەربژێری وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ.
لەیلا زانا، لە مەراسیمی سوێندخواردنی خولی 24ەمی پەرلەمانی توركیادا لە 30ی ئەیلولی 2011 جارێكی دیكە دەستەواژەی "میللەتی توركیای گەورە"ی بەكارهێنا، بەڵام جەمیل چیچەك كە ئەوكات سەرۆكی پەرلەمان بوو، ئەمجارە هیچ كاردانەوەیەكی نیشان نەدا.