پێنجشەممه - 30ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

4

لوقمان مێهفەر

لوقمان مێهفەر، کوڕی خورشید و زاوای شەهید مامۆستا مەلا ڕەحمان لاهیجانی تێکۆشەری ناسراوی کورد لە سەردەمی خەباتی چەکدارانەی 46-47، ساڵی 1343ی هەتاوی لە گوندی مەلاعیسای ناوچەی دەشتەبێڵ لەدایک دەبێت.

لە ساڵی 1358ی هەتاویدا دەبێت بە ئەندامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەر ئەو ساڵە و پاش فتوای خومەینی دژ بە نەتەوەی کورد بە فەرمی دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

پاش شەڕی سێ مانگە و بەشداریکردنی لە کۆنفڕانسی نەخش لە گوندی نەڵۆس و جیابوونەوەی تاقمی 7 کەسی، لەسەر داوای ڕێبەریی حیزب ئەرکی ڕێکخستن و سازماندانی یەکیەتیی لاوانی ناوچەی بەربنەی شاری پیرانشاری پێ سپێردراوە و دواتر لە کۆنفرانسی گشتیی یەکیەتیی لاوانی پیرانشار دەبێتە ئەندامی بەڕێوەبەری و بەرپرسایەتیی بەشی پەروەردەی ناوچەی مامەشی پێ دەسپێردرێت و پاش شەهیدبوونی هاوڕێ ڕەحمان سۆفیزادە بەرپرسایەتیی یەکیەتیی لاوانی پیرانشار بە ئەستۆ دەگرێت.

لە ساڵی 1360ی هەتاوی دەبێتە ئەندامی کۆمیتە شارستانی پیرانشار و بەرپرسی ناوچەی بەربنە و دواتر بەرپرسایەتیی بەشەکانی قەزایی و دواتر بەشی تەشکیلاتیی کۆمیتە شارەستانی پیرانشار بەڕێوە دەبات.

لە ساڵی 1366 دەبێتە ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی کۆمیتە شارستانی پیرانشار و دەبێتە فەرماندەی لک. پاش کۆنگرەی 8 و لە بەهاری 1367دا دەبێتە بەرپرسی کۆمیتە شارستانی پیرانشار لە مەڵبەندی سپی سەنگ.

لە مانگی 2ی ساڵی 1368 و لەسەر بڕیاری دەفتەری سیاسیی حیزب دەبێتە بەرپرسی کۆمیتە شارستانی شنۆ. لە کۆنگرەی 9ی حیزبدا وەک ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزب و پاشان بەرپرسایەتیی کۆمیته شارستانی بۆکان بەڕێوە دەبات.

ساڵی 1371ی هەتاوی دەبێتە ئەندامی کۆمیسیۆنی سیاسی _نیزامی و بەرپرسی بەشی پێشمەرگە و پاشان لە کۆنگرەی 10 وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب دیاری کرا.

لوقمان بە گشتی لە کۆنگرەکانی 9-11و12 ئەندامی جێگری کۆمیته ناوەندی بووە و هەروەها لە کۆنگرەکانی 10-13-14و15 وەک ئەندامی ئەسڵی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە، ناوبراو لە کۆنگرەی 16ی حیزب وەک ئەندامی ناوەندی سیاسی هەڵبژێردرا و تا کاتی شەهیدبوونی وەک ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسیی حیزب بەوپەڕی دڵسۆزی و لەخۆبردووییەوە کارەکانی بەڕێوە بردووە.

لەماوەی ساڵەکانی خزمەت و تێکۆشانیدا لوقمان بەرپرسایەتیی جۆراوجۆری هەبوو، لەوانە بەرپرسی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی، بەرپرسی تەشکیلاتی ئاشکرا، جێگری کۆمیسیۆنی سیاسی_نیزامی، بەرپرسی کۆمیسیۆنی ڕادیۆ، بەرپرسی ناوەندی 2ی کوردستان.

لوقمان لەماوەی پتر لە 4 دەیە خەبات و تێکۆشانیدا 6 جار بریندار بووە و لە ژیاننامەکەیدا نووسیویە کە تەنیا ئاواتم ڕزگاریی نەتەوە و نیشتمانەکەمە.

لوقمان مێهفه‌ر ساڵی‌ 2021 به‌هۆ نه‌خۆشیی‌ كڕۆناوه‌ له‌ شاری‌ هه‌ولێر كۆچی‌ دوایی‌ كرد و له‌ گۆڕستانی‌ شه‌هیدانی‌ دێموكرات له‌ شاری‌ كۆیه‌ به‌خاك سپێردرا‌.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران

زۆر به‌ داخه‌وه‌ بۆ كاك لوقمانی‌ تێكۆشه‌ر. ڕۆحی‌ شاد بێ‌ و خه‌می‌ ئاخری‌ هه‌موو تێكۆشه‌رانی‌ ڕۆژهه‌ڵات بێ‌

  • 1
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌