سێشەممه - 4ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

107

مام جەلال

جەلال حیسامەددین نوورەڵڵا تاڵەبانی، کوڕی خەدیجە و ناسراو بە مام جەلال، لە ساڵی 1933 لە گوندی کەلکان لە بناری چیای کۆسرەت لەدایکبووە.

ساڵی 1959 کۆلێژی یاسای لە زانکۆی بەغدا تەواوکردووە و لە کاری سیاسیش بەردەوام بووە.

مام جەلال لە ناوەڕاستی ساڵی 1970 لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێت.

لە دەستپێکی شۆڕشی کوردستاندا لە ساڵی 1961، کە دواتر بە شۆڕشی ئەیلوول ناسرا، رۆڵی سەرەکیی گێڕاوە.

لە ساڵانی دواتریشدا رۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار و پێشمەرگە بووە. هەروەها کەسێکی نزیکی مەلا مستەفا بارزانی بووە.

لە نیوەی دووەمی ساڵانی شەستی سەدەی رابردوودا ناکۆکیی لەگەڵ سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوولدا هەبووە، ئەوانەی لەگەڵ ئەودا هاوبیر بوون لە مێژووی کوردستاندا بە باڵی جەلالی دەناسرێن.

دوای رێککەوتننامەی یازدەی ئاداری 1971، مام جەلال بۆ نوێنەرایەتیکردنی شۆڕشی کوردستان بۆ ماوەیەک چووەتە بەیرووت.

ساڵی 1976 لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی لە شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامەزراند و بووە سکرتێری گشتیی ئەو حیزبە.

بە درێژایی کۆتاییەکانی ساڵانی حەفتا و هەشتای سەدەی رابردوو رۆڵێکی سەرەکی لە شۆڕشی کوردستاندا گێڕاوە.

لە نیوەی یەکەمی ساڵانی هەشتادا لە چوارچێوەی دانوستاندندا لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتەی عێراق، چاوی بە سەددام حوسێن، سەرۆککۆماری ئەوکاتی عێراق کەوتووە. بەڵام دانوستاندنەکان ئەنجامیان نەبووە.

ساڵی 1986 لەگەڵ ئیدریس بارزانی رۆڵی سەرەکییان لە دامەزراندنی بەرەی کوردستانی گێڕاوە و لە شاری تاران رێککەوتنێکیان بۆ ئەو مەبەستە واژۆکردووە.

لەدوای راپەڕینی ساڵی 1991ی باشووری کوردستان جارێکی دیکە لە چوارچێوەی شاندی بەرەی کوردستانیدا لە بەغدا چاوی بە سەددام حوسێن دەکەوێتەوە و ئەوجارەش دانوستاندنەکان لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتی عێراق بێئاکام دەبن.

تاوەکو ئێستا یەکێتی سێ کۆنگرەی بەستوون، لە هەرسێ کۆنگرەکەشدا بە سکرتێری گشتی هەڵبژێردراوەتەوە.

لە یەکەمین هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا لە ساڵی 1992 کاندید بووە بۆ رێبەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان.

لە نیوەی دووەمی ساڵانی نەوەتدا بووەتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئیدارەی سلێمانی.

ساڵی 1998 لەگەڵ مەسعود بارزانی و بە نێوانگیریی ئەمریکا رێککەوتننامەی واشنتنیان واژۆکرد، بەو هۆیەشەوە کۆتایی بە شەڕی براکوژی هێندرا کە لەنێوان یەکێتی و پارتیدا چوار ساڵ بوو هەڵایسابوو.

لەدوای رووخانی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003، ئەندامی جڤاتی فەرمانڕەوایی عێراق (مەجلیسی حوکم) و بۆ خولێکیش سەرۆکی ئەو جڤاتە بووە. هەروەها لە داڕشتنەوەی دەستووری عێراقدا رۆڵی سەرەکیی گێڕاوە.

رۆژی 6 ی نیسانی 2005 بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا کوردێک بووە سەرۆککۆمار، ئەو کەسەش مام جەلال بوو.

رۆژی 22 ی نیسانی 2006 سەرلەنوێ کرایەوە سەرۆککۆماری عێراق.

لەبەرئەوەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لەسەر بنەمای تەوافوق بۆ کوردستان بوو، ساڵی 2010ـیش دیسان مام جەلال بووەوە سەرۆککۆمار.

رۆژی 18-12-2012، دوای تووشبوونی بە جەڵتەی دڵ و مێشک، لە بەغدا کەوتە نەخۆشخانە و دواتر بەپەلە گەیێندرایە ئەڵمانیا.

مام جەلال تاڵەبانی ساڵی 2017 لە نەخۆشخانەیەکی بەرلین کۆچی دوایی کرد.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌