هەینی - 23ی خەرمانانی 2724

کۆی دەنگەکان

810

مەسعوود بارزانی

مه‌سعوود مستەفا بارزانی، لە بنەماڵەی بارزانە کە بنەماڵەیەکی ئایینی و نیشتیمانی باشووری کوردستانە

له‌دایكبووی 1946، له‌ شاری مه‌هابادی پایته‌ختی كۆماری كوردستان

‌پاش نسكۆی كۆماری كوردستان، له‌ ساڵی 1947 له‌گه‌ڵ ماڵباته‌كه‌ی و گشت باشوورییه‌كانی نێو كۆمار، ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ باشووری كوردستان.

به‌ ده‌ستپێكی هێرشی سوپای عێراق بۆ سه‌ر باشووری كوردستان له‌ ڕێكه‌وتی 11/9/1961دا، به‌ ناچاری خوێندن به‌جێ ده‌هێڵێ و له‌ ڕێكه‌وتی 20ی ئایاری 1962دا په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌كات ‌.

ساڵی 1967 یەكێك لە دامه‌زرێنه‌ران و سەرپەرشتیاری "ده‌زگای پاراستن" بووه‌ له‌ شۆڕشی ئه‌یلوولدا.

ساڵی 1970 ئه‌ندامی شاندی دانوستانكاری شۆڕشی ئه‌یلوول و حكومه‌تی عێراق بووه‌.

ساڵی 1970 له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی هه‌شته‌می پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردراوه‌ و دواتر به‌ ئه‌ندامی یه‌ده‌گی مه‌كته‌بی سیاسی ده‌ستنیشان كراوه‌.

دوو مانگ دوای نسكۆ، به‌ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مسته‌فا بارزانیدا و به‌ هاوڕێیه‌تی ئیدریس بارزانی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك سه‌ركرده‌، فه‌رمانده‌ و كادیری پێشكه‌وتوودا، بناغه‌ی "سه‌ركردایه‌تی كاتی"ی پارتی دیموكراتی كوردستان داده‌ڕێژێته‌وه‌.

له‌ نێوان ساڵانی 1976 ـ 1979دا، لە ئەمەریكا لە خزمەت سه‌رۆك مسته‌فا بارزانیی باوك و ڕابه‌ردا بوو كە بە مەبەستی چارەسەری نەخۆشی له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكا بووە‌‌.

لە سەرەتای ساڵی 1979 بەمەبەستی هەڵسەنگاندن و ڕێکخستنەوەی کاروباری حزب، هەروەها بۆ ئەنجامدانی دیدارێک لەگەڵ نووسینگەی خومەینی له‌ پاریس بەمەبەستی هەماهەنگی و کاری هاوبەش دژی ڕژێمی شای ئێران، سەردانی ڤییەننا دەکات. لەوکاتەدا لە ڤیه‌ننای پایته‌ختی نه‌مسا، له‌لایه‌ن ده‌سته‌یه‌ك بكوژی ده‌زگای هه‌واڵگریی عێراقه‌وه‌ هه‌وڵی تیرۆركردنی درا و دوو له‌ یاوه‌ره‌كانی بریندار بوون.

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕووخانی ڕژێمی محه‌ممه‌د ڕه‌زا شای په‌هله‌وی له‌ ساڵی 1979دا، سەرۆک بارزانی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ شاری تاران و له‌وێ هه‌واڵی كۆچی دوایی باوكی پێ ده‌گات، له‌گه‌ڵ ئیدریس بارزانی ئاماده‌سازی بۆ هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كه‌ن و له‌ شارۆچكه‌ی شنۆ ڕێوڕه‌سمی به‌خاكسپاردنی ئه‌نجام درا.

ڕێزدار مه‌سعود بارزانی له‌ كۆنگره‌ی نۆیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ ساڵی 1979دا، له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ به‌ سه‌رۆكی پارتی دێته‌ هه‌ڵبژاردن و ده‌بێته‌ دووه‌مین سه‌رۆك له‌ مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستاندا.

ساڵی 1983، له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفالی بارزانییه‌كاندا، 37 كه‌س له‌ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ 8000 كه‌سی ناوچه‌ و عه‌شیره‌ته‌كه‌ی، له‌لایه‌ن ڕژێمی سه‌دام حسێنه‌وه‌ له‌ بیابانه‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراقدا له‌ناو ده‌برێن و له‌ گۆڕی به‌كۆمه‌ڵدا شوێنبزر ده‌كرێن.

لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە چوارچێوەی رێکخستنەوە و بەردەوامیدان بە خەبات و تێکۆشانی ناوخۆ، سەرۆک بارزانی چەندەها جار لەگەل پێشمەرگە سەردانی ناوچە جیاجیاکانی باشووری کوردستان کردووە.

ساڵی 1986 یه‌كه‌مین به‌رهه‌می خۆی له‌ بواری خه‌باتی بارزانی و مێژووی پارتیدا، له‌ ژێر ناونیشانی بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد له‌ سێ به‌رگدا و به‌ زمانی عه‌ره‌بی له‌ چاپ ده‌دات، كه‌ تاكو ئێستا چه‌ندین جار پێداچوونه‌وه‌ی بۆ كردووه‌ و بۆ سه‌ر زمانه‌كانی كوردی به‌ هه‌ردوو دیالێكتی كرمانجی سه‌روو و كرمانجی ناوه‌ڕاست، توركی و فارسی و ئینگلیزی‌ وه‌رگێڕدراوه‌.

لە 31/1/1987 بەرێز ئیدریس بارزانی برای سەرۆک بارزانی کە هەڤاڵ و هاوشانی بەردەوامی سەرۆک لەو خەباتە سەختەدا بوو لە ناوچەی سلیڤانەی سەر بە شاری ورمێی رۆژهەلاتی کوردستان کۆچی دوایی دەکات.

ساڵی 1988 فه‌رمانده‌یی گشتی "داستانی خواكوڕك"ی كردووه‌‌.

لە ساڵانی ١٩٨٠ تا ١٩٨٧رۆڵی هەریەكە لە مسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی برای، لە سەرکردایەتی کردنی شۆڕشی گوڵان و دامەزراندنی چەندین بەرەی سیاسی لەنێوان لایەنە بەرهەڵستکارەکانی عێراق زۆر بەرچاو بوو، کە دیارترینیان پێکهێنانی بەرەی کوردستانی بوو.

بەرەی کوردستانی لە ڕۆژی ٢ی ئایار ساڵى ١٩٨٨ راگەیەندرا لە (٨) حزبی باشووریی کوردستان پێکھاتبوو: پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، حسک، پاسۆک، پارتی گەل، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان-عێراق، بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری. مەبەست لە پێکھێنانی بەرەی کوردستانی کار و خەباتی پێکەوەیی بوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی بەعس لە عێراق کە لەو سەردەمەدا کردەوە دژ بە مرۆڤایەتییەکانی بەرامبەر بە گەلی کوردستان و شۆڕشەکەی گەیاندبووە ئەوپەڕی دڕندەیی.

شەهید ئیدریس بارزانی بە ئەندازیاری دروستکردنی بەرەی کوردستانی دادەندرێت و سەرۆک مەسعود بارزانی ڕۆڵێکی گرینگ و یەکلاکەرەوەی بینی لە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی ئەو بەرەیەدا، بەتایبەتییش لەکاتی سەرپەرشتیکردنی ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ ـی گەلی کوردستاندا.

ساڵی 1989 له‌ كۆنگره‌ی ده‌یه‌می پارتی دیموكراتی كوردستاندا، له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ بۆ جاری دووه‌م به‌ تێكڕای ده‌نگ به‌ سه‌رۆكی پارتی هه‌ڵبژێردراوه‌ته‌وه‌.

له‌ ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991دا، ڕابه‌ری مەیدانیی به‌ره‌ی كوردستانی بووه‌ و‌ پلانی ده‌رپه‌ڕاندنی هێزه‌كانی عێراقی له‌ باشووری كوردستان داناوه‌.

لە 7ـی 4ـی 1991 لە دەربەندی كۆڕێ سەرپەرشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە كە تێیدا پێشمەرگە داستانێكی مەزن و مێژوویی تۆمار كرد و هێرشی هێزەكانی بەعسی لە كۆڕێ تێكشكاند، داستانی كۆڕێ وەرچەرخانێكی مێژوویی بوو لە خەباتی بەرخودان و ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان.

له‌ مانگی ئایاری ساڵی 1991دا، له ‌دوای كۆڕه‌و، سه‌رۆكایه‌تی شاندی به‌ره‌ی كوردستانی ‌بۆ شاری به‌غدا كردووه‌ و به‌ مه‌به‌ستی دانوستان بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی كورد، له‌گه‌ڵ سه‌رانی ڕژێمی عێراقدا گفتوگۆی كردووه‌، به‌ڵام له ‌دوای چه‌ندین خول دانوستانەکان بێ ئەنجام بووە.

‌ لە نەورۆزی ساڵی 1991 له‌ شارۆچكه‌ی كۆیه‌وه‌، داوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان و دامه‌زراندنی حكومه‌تی كوردستانی كردووه‌.

له‌ یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی كوردستاندا له‌ ساڵی 1992، خۆی بۆ ڕێبه‌رایه‌تی هه‌ڵده‌بژێرێ و ده‌نگی یه‌كه‌می به‌ده‌ست هێناوه‌، بەڵام کێشە ناوخۆییەکان و رەچاوکردنی دۆخی ناوخۆ ئاستەنگ بوون لە یەکلاکردنەوەی ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە.

له‌ ڕێكه‌وتی 19/6/1991دا، له ‌لایه‌ن ڕێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤه‌وه‌ خه‌ڵاتی ئاشتیی بە گەلی کوردی پێ به‌خشراوه‌‌. دواتر لە لایەن بەرێزیانەوە خەڵاتەکە پێشکەش بە خاتوو دانیال میتێران کرا.

له‌ ساڵی 2013 پەرلەمانی كوردستان به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران و ڕه‌زامه‌ندی زۆربه‌ی فراكسیۆنه‌كان، ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی بۆ دوو ساڵ درێژ كرده‌وه‌‌. هه‌رچه‌نده‌ به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی له‌م درێژكردنه‌وه‌یه‌ ڕازی نه‌بوو به‌ڵام له‌به‌ر ئاشته‌وایی نیشتمانی ئه‌ركه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆ گرته‌وه‌.

ساڵی 2014 له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعشدا، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووه‌ و تا تێكشكاندنی ئه‌م هێزه‌ له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی به‌رده‌وام بووه‌. سەرۆک بارزانی لە میانەی ساڵانی شەڕی داعش بە شیوەیەکی بەردەوام سەردانی هەر هەشت میحوەری بەرەکانی جەنگی دەکرد.

سەرۆک بارزانی لە ماوەی شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستاندا، وەک فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، جگە لە ئەرکی ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و دابەشکردنی میحوەرەکان، سەرکردایەتیی شەڕی دژی تیرۆریستانی دەکرد و ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی و فەرماندەیی هەڵمەتەکانی پێشمەرگەی بۆ ئازادکردنی ڕەبیعە، زوممار، چیای زەرتک، بەنداوی مووسڵ، چیای شنگال و حەوزی عەوێنات و شاری شنگالی کرد. پلانی ئازادکردنی زوممار و حەوزی عەوێنات و چیای شنگال و شاری شنگال، کە سەرۆک بارزانی داڕێژەریان بوو ڕاستەخۆش و فەرماندەیی کردن. لەڕووی کات و چۆنییەتیی جێبەجێکردنی ئەو پلانانەوە، داستانی بێ وێنە بوون.

لە ماوەی شەڕی داعشدا، هەولێر ترافیکێکی قورسی دیپلۆماسی بەخۆیەوە دیت و بەرپرسانی باڵای ئەرمەریکا و دەوڵەتانی ئەورووپا، بەتایبەتی وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی زۆربەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی دژی داعش و باڵیۆزی ئەو دەوڵەتانە لەعێراق، سەردانی کوردستانیان دەکرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ دەبوونەوە. لەوانە: ئەمەریكا، بریتانیا، فەڕەنسا، كەنەدا، ئیتاڵیا، بەلژیکا، نەمسا، چیک، هەنگاریا، سوید، نەرویج، ژاپۆن، و...

ساڵی 2015 ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان دۆسیه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانی خسته‌ به‌رده‌ستی‌ ئه‌نجومه‌نی شورای كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی چاره‌سه‌ری بكات، ئه‌وانیش پاش لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ بارودۆخه‌كه‌، به‌هۆی ناله‌باربوونی بارودۆخی وڵات و نزیكبوونی هێزه‌كانی داعش له‌ شاره‌ گه‌وره‌كانی كوردستان،‌ بڕیاری درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیان بۆ دوو ساڵی تر، دا، به‌ڕێزیشیان لەبەر هەستیاری دۆخەکە و پشتگەرمیی پێشمەرگە لە ئەرکەکەی بەردەوام بوو.‌

مه‌سعود بارزانی، به‌ سوربوون و پێداگرییه‌كی ڕابه‌رانه‌وه‌‌ له‌سه‌ر بڕیاردانی گه‌لی كورد له‌ مافی چاره‌نووسی خۆی، له‌ ڕێكه‌وتی 25/9/2017، ڕێفراندۆمی بۆ سه‌ربه‌خۆیی باشووری كوردستان ساز دا، له‌ ئه‌نجامدا 93% ده‌نگده‌رانی كوردستان، به‌ "به‌ڵێ" ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دا.

له‌ ئه‌نجامی خیانه‌تی تاقمێك و ڕاده‌ستکردنی كه‌ركوك ـ گه‌رمه‌سێر، له‌ ڕێكه‌وتی 16/10/2017دا. بۆ ڕێگریكردن له‌ به‌دیهاتنی خه‌ونی نه‌یاران، له‌ ڕێكه‌وتی 20 ئۆكتوبه‌ری 2017، وه‌ك فه‌رمانده‌ی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان له‌ به‌ره‌کانی پردێ ـ مەخمور ـ تەلسقۆف ـ سحێلا، له ‌به‌رامبه‌ر میلیشیای حه‌شدی شه‌عبی، سوپای عێراق، وەستایەوە پێشڕەوی ئەو هێزە پڕچەکەی وەستێنرا و بەغدای ناچار بە ملدان بۆ دانوستان کرد.

له‌ ڕێكه‌وتی 29/10/2017، پەرلەمانی كوردستان به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاری درێژكردنی ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی هەردوو دەسەڵاتی راپەراندن و یاسادانانی دا، به‌ڵام سەرۆک بارزانی به‌وه‌ ڕازی نه‌بوو و ده‌سه‌ڵاتی خۆی خسته‌ به‌رده‌م پەرلەمان

سەرۆک مسعود بارزانی ساڵی (1965) هاوسەرگیری كردووە و خاوەنی هەشت منداڵە.

سەرۆک بارزانی شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی به‌ هه‌ردوو زاراوه‌ی كرمانجی سه‌روو و ناوه‌ڕاست، عه‌ره‌بی، فارسی و ئینگلیزییه‌.

تا ئێستا سه‌دان كۆبوونه‌وه‌‌و دیداری‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌رپرسانی‌ حكوومی‌، كوردستانی‌، عێراقی‌، عه‌ره‌بی‌‌و نێوده‌وڵه‌تی‌ هه‌بووه‌.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران

سڵاو له‌ كاك مه‌سعوود، بژی‌ بارزانی‌، بژی‌ پارتی‌ دیموكرات و بژی‌ كوردستان، بژی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌، بژی‌ پێشمه‌رگه‌

  • 1
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌