پێنجشەممه - 30ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

0

نەجمەدین کەریم

 

نەجمەدین عومەر کەریم ناسراو به نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکووک لە ساڵی 1949ز لە گەڕەکی رەشیداوەی شاری کەرکووک لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و دواناوەندی لە کەرکووک تەواو کردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە پزیشکی گشتیدا لە زانکۆی موسڵ لە ساڵی 1971ز بەدەستھێناوە و دواتر لە ساڵی 1972 دەبێت بە پێشمەرگە.

ساڵی 1976 کاتێک مەلا مستەفا بارزانی سەرۆکی پێشووی پارتی دێموكراتی کوردستان نەخۆشدەکەوێت، نەجمەدین کەریم کە ئەوکات پزیشکی تایبەتی بارزانی بوو، لەگەڵیدا دەچێتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دواتر ھەرلەوێ بڕوانامەی دکتۆرا لە بواری نەشتەرگەری سیستمی دەماری لە زانکۆی جۆرج واشینتۆن بەدەستدەھێنێت و ھەر لەوێ دەمێنێتەوە. ئەندامی دەستەی کارگێڕی زانکۆی فلۆریدایە کە چوارەم بەناوبانگترین زانکۆیە لە ئەمریکایە. لە ڕۆژنامە بەناوبانگەکانی ئەمریکا لەوانە نیویۆرک تایمزو واشینتۆن پۆست و لۆس ئانجلەس تایمزو چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێکی تر بۆچوونی خۆی لەسەر کۆمەڵێک بابەتی جیاوازی تایبەت بە عێراق دەربڕیوە. ساڵی 2009 بەیەکجاری دەگەڕێتەوە عێراق. لە کۆنگرەی سێیەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا، کە یەکێکە لە دوو پارتە فەرمانڕەواکەی ھەرێمی کوردستانی عێراق، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2009 دا بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردرا.

لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە (7/3/2010) سەرۆکایەتی لیستی کوردستانی دەکرد لە پارێزگای کەرکووک و دەنگی پێویستی بۆ گەیشتن بە پەرلەمانی عێراق بەدەستھێنا.

لە سەرەتای مانگی چواری 2011دا، بووە پارێزگاری کەرکووک کە دووەم پارێزگاری کەرکووک بوو لەدوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعس لە ساڵی 2003 و تا مانگی 10ی 2017.

لەدوای رووداوه‌كانی‌ 16ی ئۆکتۆبەری‌ 2017 کە هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق کەرکووکیان کۆنترۆڵکرد، نەجمەدین کەریم لە هەولێر نیشتەجێی بوو.

دوكتور نه‌جمه‌دین كه‌ریم ساڵی‌ 2020 له‌ ئامریكا‌ كۆچی‌ دوایی كردو لەسەر وەسیەتی خۆی‌ تەرمه‌كه‌ی‌ به‌ شێوەیەکی کاتی لە هه‌ولێر بە خاک سپێردرا، تا ئەو کاتەی شاری کەرکووك ئازاد دەکرێت و لە ژێر ئەمنییەت و ئارامی هێزەکانی پێشمەرگەدەبێت، بە شێوەیەکی هەمیشەیی دەبرێتەوە بۆ شاری کەرکووك.
 

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌