سێشەممه - 28ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

0

پەروین بولدان

پەروین بوڵدان ساڵی‌ 1967 لەشاری جۆلەمێرگی باکووری کوردستان لە دایکبووە.

خوێندنی ئامادەیی تەواوکردووە.

بەپێی نەریتی ناوچەکەیان لە تەمەنی 19 ساڵیدا لەگەڵ ئامۆزایەکیدا بە ناوی ساڤاش بوڵدان هاوسەرگیریی کردووە.

بەهۆی کاری بازرگانیی هاوسەرەکەیەوە لە ساڵی 1990ەوە چوونەتە شاری ئیستانبول و لەوێ هاوسەرەکەی بەردەوام بووە لە کاری بازرگانی.

کاتێک لە ساڵی 1993 تانسۆ چیللەر سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی تورکیا ڕایگەیاند، لیستێکیان لە ناوی ئەو بارزگان و کەسە دەوڵەمەندانە لەلایە کە هاوکاریی پەکەکە دەکەن، هەڕەشەکان بۆ سەر ساڤاش بوڵدانی هاوسەری پەروین بوڵدان دەستیپێکرد. لە ئەنجامدا لە 2ی حوزەیرانی 1994دا ساڤاش لەگەڵ دوو هاوڕێیەدا بە ناوەکانی عەدنان یڵدرم و حاجی کاریا لە کاتی چوونە دەرەوە لە شوێنی کارەکەیان دەستگیرکران.

دوو ڕۆژ دوای دەستگیرکردنەکەیان تەرمی ساڤاش و هەر دوو هاڕێیەکەی لە ڕێگای بولو و لە نزیک ڕووباری مەلەن دۆزرانەوە، کە شوێنی ئەشکەنجە و بڕینی بەشێک لە جەستەیان و شکاندنی ئێسکی سەریان دیاربوو. هەر لەو ڕۆژدا پەروین بوڵدان لە نەخۆشخانە منداڵێکی تری بوو، کە ناویان نا زەلال.

پەروین بوڵدان لەو کاتەوە ژیانی بەشێوەی ڕاستەوخۆ تێکەڵ بە سیاسەت بوو. دەستیکرد بە کارکردن لەگەڵ هادەپ، کە لەو کاتەدا حزبێکی یاسایی کوردانی باکووری کوردستان بوو.

هاوکات بە بەردەوامی لەگەڵ کەسوکار و بنەماڵی دەستگیرکراون و ئەشکەنجەدراون و بێسەروشوێنکراوەکاندا لە چالاکیدا بوو. تاوەکو لە ساڵی 2001 ڕێکخراوێکی بەناوی ماگ دەر بۆ هاوپشتیی و هاوکاریی بنەماڵەی کەسانی بێسەروشوێنکراو دروستکرد، بەڵام دوای ماوەیەک ئەو ڕیکخراوە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە داخرا.

پەروین بوڵدان دوای ماوەیەکی تر ڕێکخراوی یاکای دەری دامەزراند، کە بووە هەوێنی دامەزراندنی ڕێکخراوی دایکانی شەممە. واتە دایکی ئەو کەسانەی کە منداڵەکانیان بێسەروشوێنکراون، یان بە شێوەی نادیار کوژراون. ئەو چالاکیانە پەروین بوڵدانی هێدی هێدی کرد بە کەسێکی ناسراو لە تورکیا.

لە دوای داخستنی هادەپ لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بووە ئەندامی دەهاپ، کە لە شوێنی هادەپ دامەزرابوو.

بەهۆی هەوڵەکانی بۆ ئاشتی لە ساڵی 2005 لەلایەن رێکخراوی دەستپێشخەریی ژنانی سویسراوە لەناو هەزار ژنی تێکۆشەری تردا، ئەو هەڵبژێردرا و پاڵێورا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی.

لە تەمووزی 2007دا و وەک یەکێک لە پاڵێورانی هەزار ئومێد، وەک پاڵێوراوی سەربەخۆ و بە پشتیوانی دەتەپە خۆی بۆ پەرلەمانی تورکیا پاڵاوت و سەرکەوتنی بە دەستهێنا. لەو ڕێگەیە بووە یەکەم نوێنەری ژن، کە لەلایەن خەڵکی شاری ئیدری باکووری کوردستان بۆ پەرلەمانی تورکیا هەڵبژێردرا. لە ساڵی 2008دا بەهۆی کردنەوەی ئاگری نەورۆز و پێشکەشکردنی وتەیەک و پشتیوانیکردنی لە ئۆجەلان، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.

کاتێک پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (دەتەپە) لەلایەن حکومەتی تورکیاوە داخرا. چووە ڕیزی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) لەوێ درێژەی بەکارەکان دا.

پەروین بوڵدان لە هەڵبژاردنی 12ی حوزەیرانی 2011دا دووبارە سەرکەوتنی بە دەستهێنایەوە و چووە پەرلەمانی تورکیا. بوو بە یەکێک لە 24 نوێنەرەکەی کورد لە پەرلەمانی تورکیا و هەروەها بووش بە سەرۆکی فراکسیۆنی نوێنەرانی کورد لە پەرلەماندا.

لە ساڵی 2013دا لەلایەن دەبەپەوە وەک جێگری هاوسەرۆکی گشتیی ئەو حزبە بووە ئەندامی شاندی دانوستانەکانی ئاشتی و چەندینجار لەگەڵ شاندەکەدا سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلانی کرد لە زیندانی ئیمراڵی. لە نەورۆزی 2013دا پەیامەکەی ئۆجەلانی بۆ ئاشتی لە ئامەد خوێندنەوە.

لە چوارچێوەی شاندی ئیمراڵیدا چەندین جار سەردانی قەندیل و ئەوروپای کرد لەگەڵ زۆڕێک لە ناوەندەکانی بواری ئاشتی و کەسانی ئاشیتخواز و داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤدا دانیشتنی ئەنجامدا.

دوای ئەوەی هەدەپەهەدەپە دامەزرا، بووە ئەندامی هەدەپە و لە هەڵبژاردنی 2015دا بۆ پەرلەمان لەسەر لیستی هەدەپە بۆ شاری ئیدری باکوری کوردستان دووبارە سەرکەوتنی بە دەستهێنایەوە و چووە پەرلەمانی تورکیا.

لە 11ی شوباتی 2018 و لە سێیەمین کۆنگرەی ئاسایی هەدەپەدا بۆ هاوسەرۆکی نوێی هەدەپە هەڵبژێردرا.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌