سێشەممه - 15ی خەزەڵوەری 2724

کۆی دەنگەکان

4

رۆژ نووری شاوەیس

رۆژ نووری شاوەیس، كوڕی نوری شاوەیس، له‌ ساڵی 1947 له‌ شاری سلێمانی له باشووری‌ كوردستان له‌دایكبووه‌.

كەسایەتی نیشتمانپەروەر و ناسراوی كورد بووە و دایكیشی ناھیدە شێخ سەلام، رۆڵێكی گەورەی لە بڵاوكردنەوەی خوێندەواری بووه و یەكەم ژن بووە گەیشتووەتە پلەی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی لیژنەی مەركەزی پارتی دیموكراتی كوردستان.

رۆژ نووری خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ به‌غدا و كه‌ركووك و مووسڵ ته‌واو كردووه‌، بۆ خوێندنی ئاماده‌ییش گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سلێمانی.

دواتر له‌ ساڵی 1966 چووەتە به‌شی ئه‌ندازیاری كاره‌بایی زانكۆی مووسڵ، پاشان بۆ خوێندنی باڵا چووه‌ته‌ ئه‌ڵمانیا و دكتۆرای له‌ ئه‌ندازیاری كاره‌بایی به‌ده‌ستهێناوه‌. دواتریش هه‌ر له‌ ئه‌وروپا بووه‌ته‌ نوێنه‌ری قوتابیان كورد.

له‌ ساڵی 1988یشدا وەك فەرماندەیەكی كارا به‌شداری داستانی خواكوڕكی كردووه‌، كه‌ مه‌سعوود بارزانی سه‌رپه‌رشتیاری داستانه‌كه‌ی دەكرد‌.

لە هەڵبژاردنی ساڵی 1992 سەرۆکی لیستی پارتی بووە.

لە کابینەی یەکەمی حکومەتی هه‌رێمدا جێگری سەرۆک وەزیران بووە.

ساڵی 1999 تاكو 2004 بووەتە بە سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، دواتر بووه‌ته‌ نوێنه‌ری سه‌رۆك بارزانی له‌ ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵات، كه‌ له‌ به‌غدا پێكهێنرا، دواتریش پۆستی جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراقی وه‌رگرت.

له‌ ساڵی 2005یش بووه‌ته‌ جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، كه‌ ئه‌و كات ئیبراهیم جه‌عفه‌ری سەرۆک وەزیران بوو.

ساڵی 2010 جارێكی دیكه‌ بووه‌تە جێگری سه‌رۆك وه‌زیران له‌ ویلایه‌تی دووه‌می نووری مالیكی.

له‌ ساڵی 2014 دووباره‌ بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی ده‌ستنیشان كرا.

لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان چەندین ئەركی جیاوازی بووه و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو.

د. رۆژ نووری شاوەیس یەکێک بوو لەو پیاوە سیاسی و دانوستاندنکارانەی کە رۆڵی هەبوو هەم لە دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەمیش وەک پارتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە. ئەو لە زۆربەی دانوستاندنەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا لەدوای ساڵی 2004ـەوە بەشداربووە و رۆڵی هەبووە.

لە نووسینەوەی دەستووری عێراق لەکاتی ئەنجوومەنی حوکم نوێنەری مه‌سعوود بارزانی بوو. لەکاتی گشتپرسیی هەرێمی کوردستانیش سەرۆکایەتیی شاندی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکان.

دوكتور رۆژ نووری شاوەیس له‌ ته‌مه‌نی 74 ساڵی و دوای ململانێیه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی، له ساڵی 2021 كۆچی دوایی كرد.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌