چوارشەممه - 29ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

13

شێخ مەحموودی حەفید

شێخ مەحموود ناسراو بە حەفید کوڕی شێخ سەعید ساڵی‌ 1881 لە سلێمانی له‌دایك بووه‌.

دامەزرێنەری یەکەمین حکوومەتی کوردستان و قارەمانی شەڕی دەربەندی بازیان، شێخ مەحمودی حەفید کوڕی شێخ سەعیده.

ساڵی 1881 لە شاری سلێمانی لەو بنەماڵە ئاینیە بەناوبانگە لەدایکبووە، کە دوای ھەرەسھێنانی میرنشینی بابان دەسەڵاتی ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی کوردستانی کەوتە دەست. شێخ مەحمود بەمنداڵی خراوەتە بەر خوێندن و دەرسیان پێوتووە.

ھێشتا منداڵ بووە کە لە خزمەتی باوکی دا سەردانی ئەستەنبوڵی کردووەو لەوێ سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم پێشوازی لێکردون.

ساڵی 1908 بەپیلانی تاقمی ئیتیحادو تەرەقی لە شاری موسڵ شێخ سەعیدی باوکی و شێخ ئەحمەدی برای شەھیدکران، ئیتر ئەرکی بەڕێوەبردنی کاروباری بنەماڵەکە دەکەوێتە ئەستۆی شێخ مەحمود کە لەو کارەساتەدا زۆر بەزەحمەت رزگاری ببوو. شێخ مەحمودی حەفید وەک شەخسیەتێکی موسڵمان، ساڵی 1915 بەشدارییەکی کاریگەری کرد لە شەڕەکانی دەوڵەتی عوسمانی دا دژ بەئینگلیز لە ناوچەکانی کوت‌و شوعەیبەو بەخۆی‌و چەند سەد سوارێکی کوردەوە بەرگرییەکی قارەمانانەیان نواند.

ساڵی 1918 کاروباری شاری سلێمانی گرتەدەست و لە مانگی مایسی ساڵی 1919 دا نەبەردێکی گەورەی لە دەربەندی بازیان دژی ئینگلیز تۆمارکرد، لەو شەڕەدا شێخ مەحمود بەبرینداری کەوتە دەست ئینگلیزو دواتر لە دادگایەکی کارتۆنی دا حوکمی لەسێدارەدانی درا، بەڵام لەژێر گوشاری رای گشتی دا و لەترسی بەرپابوونی شۆڕشێکی گەورەی کورد، ئەو حوکمە گۆڕا بە (10) ساڵ زیندانی و شێخ مەحمودیان دوورخستەوە بۆ ھیندستان.

 ماوەی سێ ساڵی دوورخستنەوەی شێخ مەحمود بارودۆخی کوردستان و ناوچەکەی ئاڵۆزکرد، بۆیە ساڵی 1922 رێیپێدرا بگەڕێتەوە کوردستان و ھەر ھەمان ساڵ شێخی نەمر لە سلێمانی حکوومەتی کوردستانی دامەزراندو ھەموو تواناکانی خۆی تەرخانکرد بۆ پتەوکردنی ئەو حکوومەتە، بەڵام سیاسەتی ئەو سەردەمەی گەورە ھێزەکانی دنیا دژی ئامانجەکانی گەلی کورد بوون و ئینگلیز بەتەواوی پشتگیری لە دەوڵەتی تازە دامەزراوی عێراق دەکردو لەشکرکێشییان دەکردە سەر کوردستان.

شێخ مەحمودی حەفید ماوەی چەند ساڵێک شەڕی پارتیزانی درێژە پێداو دواجار لەئاکامی گەلەکۆمەکێی ھێزە ناوچەییەکان و ھێزە گەورەکانی جیھان، شێخ مەحمود ساڵی 1926 دەستی لە چالاکی سیاسی و عەسکەری ھەڵگرت و لەگوندی پیران دانیشت، بەڵام کە راپەڕینەکەی خەڵکی شاری سلێمانی لە رۆژی شەشی ئەیلولی ساڵی 1930 خەڵتانی خوێن کرا، شێخ مەحمود دەستیدایەوە چالاکی دژ بەھێزی ئینگلیزو ھێزی حکوومەتی ئەو سەردەمەی عێراق و چەند نەبەردێکی تۆمارکرد، لەوانە شەڕی (ئاوباریک، شەڕی کەناروێ و شەڕی سورداش)، بەڵام پارسەنگی ھێزە عەسکەری و سیاسییەکانی ئەو سەردەمە لە بەرژەوەندی کورددا نەبوون، بۆیە شێخ مەحمود لەساڵی 1931دا کەوتە دەست دوژمنانی کوردو بەدەستبەسەری لە بەغداو ناوچەکانی تری عێراق دا خرایە ژێر چاودێرییەوە. ساڵی 1941و لەکاتی ھەراکەی رەشید عالی گەیلانی دا شێخ مەحمود گەڕایەوە کوردستان و لە گوندی داریکەلی نیشتەجێ بوو. دوا كاتی ژیانی لێ‌ بەسەربرد هەتا كۆچی دوایی كرد.

ساڵی‌ 1956 كۆچی‌ دوایی‌ كرد.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌