کۆی دەنگەکان
3
ئه‌سكه‌نده‌ر جامباز
ئه‌سكه‌نده‌ر عوسمان جامباز، له ساڵی 1938دا له شاری هه‌ولێر، چاوی ژیانی هه‌ڵێناوه و له بنه‌ماڵه‌یه‌كی كاسبكاری جامباز په‌روه‌رده بوو.
وێنه‌كێشی هونه‌رمه‌ندی به توانای شاری هه‌ولێر بوو.
خوێندنی قۆناغی سه‌ره‌تایی له‌ساڵی 1945دا له قوتابخانه‌ی ئیبن خه‌له‌كانی سه‌ره‌تایی ده‌ست پێكردووه‌و بۆ ته‌واوكردنی خوێندنه‌كه‌ی چووه‌ته قوتابخانه‌ی ناوه‌ندیی هه‌ولێر، و هه‌ر له‌و ساڵه‌شدا خوێندنی ناوه‌ندیشی ته‌واوكردووه‌و له پایزی 1958دا له خانه‌ی مامۆستایانی سه‌ره‌تایی له هه‌ولێر وه‌رگیراوه.
له گوندی سیساوه‌ی سه‌ر به ناوچه‌ی هه‌ریر كراوه به مامۆستا و دوای ساڵێك سه‌باره‌ت به لێهاتوویی له هونه‌ری شێوه‌كاریی، گوێزراوه‌ته‌وه بۆ ناوشاری هه‌ولێر و له قوتابخانه‌ی هه‌ولێری نموونه‌یی كراوه به مامۆستای وانه‌كانی هونه‌ری شێوه‌كاری له هه‌موو پۆله‌كانی ئه‌و قوتابخانه‌ی نموونه‌ییه‌ی، كه كرا بووه مه‌ڵبه‌ندی ڕاهێنانی قوتابیانی خانه‌ی مامۆستایانی سه‌ره‌تایی له هه‌ولێر.
یه‌كه‌مین تابلۆی مامۆستا ئه‌سكه‌نده‌ر به ناوی ژنه بۆڵی بووه، ئینجا تابلۆ نایابه‌كانی مانگادۆشین و ژنه دۆم و، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت هه‌ندێك له تابلۆ هونه‌رییه‌كانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده به‌هره‌داره بدوێین، ئه‌وا ده‌بێ ئه‌م ڕاستیانه بڵێین كه له ماوه‌ی ژیانی 56 ساڵیدا 300 تابلۆی نایابی كێشاوه.
جگه له‌مانه‌ش مه‌رگی ناوه‌ختی ماوه‌ی نه‌داوه 16 تابلۆی به‌ر ده‌ستی ته‌واو بكات و، ئه‌و هونه‌رمه‌نده به‌هره‌داره له‌ساڵی 1962دا له‌یه‌كه‌م پێشانگای هونه‌ریی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر به چه‌ند تابلۆیه‌ك به‌شداریی كردووه و له ناو هه‌موواندا تابلۆی ژنه بۆڵی سه‌ره‌نجی ته‌ماشاكارانی پێشانگاكه‌ی ڕاکێشاوه و هونه‌ر ناسان و ڕه‌خنه‌گران به تابلۆیه‌كی نایاب و سه‌ركه‌وتوویان داناوه و پێشانگاكانی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر له‌ساڵانی 1965، 1966، 1967، 1968دا به تابلۆی نوێ و سه‌رنج ڕاكێش به‌شداریی كردووه و له‌ساڵی 1982، 1983شدا به‌شداری له فیستیڤاڵی ڕۆشنبیریی كوردی له هۆڵی میدیا له‌شاری هه‌ولێردا كردووه‌و هونه‌ر په‌روه‌ران به وێنهكێشكی ڕیالیستی مه‌زنیان داناوه.
له‌و پێشانگایانه‌دا گه‌لێك تابلۆی مامۆستا ئه‌سكه‌نده‌ر په‌سند كراون و وه‌ك نمووه‌ی تابلۆی هونه‌ری كوردی بردراون بۆ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان و عێراق، له‌وانه ئێستا كه 3 تابلۆی له ئیتاڵیا و 2 تابلۆشی له وڵاتی سوێدن و چه‌ند تابلۆیهكێشی له شالیارێتی ڕۆشنبیریی عێراقه له شاری به‌غدا و چه‌ندانی دیكه‌شی بوونه‌ته خاوه‌نی هونه‌ر دۆستان له هه‌ولێر و سلێمانی و كه‌ركووك و شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان.
ئه‌و هونه‌رمه‌نده به‌هره‌داره له ساڵی 1994دا له هه‌ولێر كۆچی دوایی كرد.