کۆی دەنگەکان
9
بەدیع باباجان
بەدیع حسێن باباجان كە بە بەدیع باباجان ناسراوە، ساڵی 1923 لەشاری كەركووك لەدایك بووە.
كەسایەتییەكی گەورەی كولتووریی كوردستانەو لە رشتەكانی هونەری نیگاركیشانو خەتخۆشیو موزیكو شیعردا خزمەتی زۆری كردووە.
قۆناخی خوێندنی سەرەتایی لەشاری سلێمانیو ناوەندی لەشاری كەركوك تەواو كردووە.
وەك یەكەم خوێندكاری كورد چۆتە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی بەغدا، ئەگەر چی حەزی بەوە كردووە موزیكی خۆرئاوایی بخوێنێ، بەڵام بەخت یاوەری نەبووەو لەو بەشە وەرنەگیراوە، بەناچاری چۆتەی بەشی هونەریی نیگاركێشانو بەسەركەوتووییو بەپلەی نایاب تەواوی كردووە.
پاش تەواوكردنی خوێندن، لەبەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رووپێوی بەغدا بەفەرمانبەری هونەری دامەزراوە. لەرێی سەلیقەی هونەری خزمەتی زۆری بەو فەرمانگەیە كردووە.
باباجان بۆ بژێوی ژیان لەگەڵ هونەرمەندی خۆشنووس مەهدی ئەلجبوری لەشەقامی رەشیدی بەغدا، دوكانێكیان بەناوی خەتی عەرەبی داناوەو كاری هونەری خۆشنووسیان تێدا كردووە، بەوەش لەلای هونەرمەندانو روناكبیران زیاتر ناسراون.
ئەم هونەرمەندە لەساڵانی چلەكاندا هێلكاریو وێنەی بەرگو وێنەكانی دیكەی گۆڤاری گەلاوێژی كیشاوە، وەك كاری دەستپێكو سەرەتایی جێی سەرنجو تێڕامان بوون. هەر لەو سەردەمەدا نەخش ونیگاری بۆ گۆڤاری نزاری مامۆستا عەلادین سەجادی كێشاوە.
هەروەها دیزاینی بەرگو كڵێشەی بۆ بەرگی كتێبی چەندان نووسەرو شاعیری كوردو عەرەب كێشاوە. لەهەمووی گرنگتر بەخەیاڵ وێنەی بۆ چەند شاعیری كلاسیكیو نووسەری كورد كێشاوە كە وێنەیان نەبووە، ئەو وێنانەی هێندە بەجوانی كێشاوە لە خەیاڵەوە كردوونی بەڕاستی، لەوانەنالی، سالم، كوردی، حاجی قادری كۆیی، حەریق، بابا تاهیری هەمەدانی مەلەوی، بێسارانی، مەلای جزیری، فەقێ تەیران، زێوەر، ئەحمەدی خانی، شەرەفخانی بەدلیسی، خانەی قوبادیو چەندانی تر.
ساڵی 1951 نیگاری بەرگو خەتو وێنەكانی كتێبی ئەلفو بێی نوێی مامۆستا ئیبراهیم ئەمین باڵداری كێشاوەو بۆ خوێندکارانی پۆلی یەكەمی سەرەتایی ئەو سەردەمە وەك كتێبێكی وێنەداری جوان بەتاسەوە پێشوازیان لێكردووە.
ساڵی 1967 لەسەر داوای وەزارەتی دارایی عیراق، باباجان دیزانی دراوەكانی ئاسنو دیناری عیراقیو بیتاقەی یانسیبی بەجوانترین شێوە كردووە.
ساڵی 1973 پەیمانگای هونەرە جوانەكانی بەغدا وەك مامۆستا دایدەمەزرێنێتو ماوەی چوار ساڵ وانەكانی خۆشنووسیو هونەری نیگاركێشانی وتۆتەوە.
لە ساڵی 1996 لەشاری بەغدا كۆچی دوایی كردو هەر لەو شارەو بەخاك سپێردراوه.