پێنجشەممه - 6ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

11

حەمە تاڵی‌ بانه

محەممەد فەقێ حەمە میرزا ناسراو به‌ حەمە تاڵی‌ بانه لەساڵ 1890 زاینی بیست و پێنج ساڵ پێش هەڵگیرساندنی شەڕی یەکەمی جیهانی لەدایک بووە. خەڵکی شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو.

نازناوی تاڵی لەوەوە وەرگرتووە کە ئەو هەمیشە مناڵێکی ڕووگرژ و مۆن و چاونەترس و جەسوور و ئازا بووە، لەسەرەتایی مناڵیش ئەوەی لێدیاری داوە. کوردیش هەمیشە بەو کەسانە دەڵێت مناڵێکی خوێن تاڵ و گرژو مۆن وشەڕانگێز، بۆیە نازناوی تاڵ وەردەگرێ و پێی دەڵین حەمەتاڵ.

رۆستەم خان کە ئاغای حەمەتاڵ بووە، لەلایەن شەریف قەساب حاکمی دەستنیشانکراوی شای ئێران لە کوردستان دەگیرێ و بەبێ دادگایی و بە بیانووی بێبنەما فەرمانی لەسێدارەی دەدات.

حەمەتاڵ ڕق ئەستوور ئەبێت و بریاری تۆڵەسەندنەوەی دەدات، هەر بۆیە لووت و گوێچکەی مەعمووری ماڵیاتی دەوڵەتی ئێران دەبڕێت. ئیتر حەمەتاڵ ناوی ئازایەتیی و چاونەترسی بەخێرایی بڵاو دەبێتەوە.

حەمەتاڵ دوای ماوەیەک تێکهەڵچوون لەگەڵ سەربازانی ئێران دەستبەسەر دەکرێ و دەیبەنە زیندانی قەسر لە تاران.

دوای 8 ساڵ لەزیندان ڕادەکا و لە رێگای خوراسانەوە خۆی دەگەیەنێتە ئەفغانستان، دوای ماوەیەک لە رێگای سیستان و بەلووچستان و دەریای عەمان و خووزستان و کرماشانەوە دەگاتەوە سلێمانی و ماوەیەک دەبێتە پێشمەرگەی شێخ مەحموود.

دواتر لەگەڵ کەسێکی دیكه بەناوی سەید عەتا کە ئەویش گوایە لە ڕۆژهەڵات چەند کەسێکی مەعمووری دەوڵەتی ئێرانی کوشتووە یەکدەگرن و هێزێک پێک دێنن و لەگەڵ هێزەکانی شا بەشەڕ دێن. دەوڵەتی ئێران داوا لە دەوڵەتی عێراق دەکات کە ئەوانە گوایە لە رێژیم یاخیبوون، دەبێت ڕادەستی ئێران بکرێنەوە، بەڵام عێراق لە وڵامدا دەڵێت کە ئەوانە شوێنێکی تایبەتیان نییە و کارێک لەدەستیان نایەت بۆ لەداو خستنیان بۆیە دەوڵەتی شای ئێران پەنا بۆ پیلانگێڕی دەبات و ناکۆکی دەخاتە نێوان سەی عەتا و دەیکاتە داردەستێک بۆ لەناوبردنی حەمەتاڵ.

سەی عەتا ئەو پیلانە جێبەجێ ئەکات و حەمەتاڵ دەکوژێت بۆ ئەوەی حەمەتاڵ نەبێتە قارەمان.

حەمە تاڵی بانە لەلایەن هاوسەنگەری خۆی سەی عەتا مەریوانییەوە لە خەودا کوژرێت و بۆ هەتا هەتایە چاو لێک دەنێت.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌